کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرت/ مووشەکی بێدەنگی کوردان ڕوو لە تاران

11:16 - 22 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە حەماسەیەکی مێژوویی و لەبیرنەکراودا بەپیری بانگەوازی حیزبەکانەوە هاتن و دژی تەواوییەتی کۆماری تاوان و جینایەت هەڵوێستیان گرت و بە بێدەنگی خۆیان "نا"یەکی قایمیان دا بە گوێی ملهۆڕانی تاران.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢١ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، دوابەدوای ئەوەیکە کۆماری ئیسلامی بە خەیاڵی خاوی خۆی ویستی بە سەرکوتی توندوتیژئامێز واتە ئێعدامی لاوانی کورد و مووشەکبارانی بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات لە قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستان، پێش بە بەردەوامی و پەرەسەندنی گەشەی بزووتنەوەی نەتەوایەتی بگرێ، خەڵک موشەکێکی بێدەنگیان نا بە تارانەوە و بێدەنگیان کرد.

هەر لە یەکەم ساتەکانی ڕۆژی چوارشەممەوە کە وادەی بەرێوەچوونی مانگرتنی گشتی لە کوردستان بوو، خەڵک بەپیری بانگەوازی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانەوە هاتن و بە نەچوونە سەر کارەکانیان و نەکردنەوەی دووکان و بازاڕەکان تۆوی هیوایان لە دڵی گەلدا چاندەوە و دۆشداماوییان کردە دیاری بۆ سەرانی کۆماری تاوان.

لەم حەماسە لەبیرنەکراوەدا کە نیشاندەریی پێگەیشتوویی سیاسی و گەشەکردنی هەستی نەتەوایەتی ئەم گەلەیە، گەل یەکدەنگ و بێ‌دڕدۆنگی سەرباری بوونی کەشی تەواو پۆلیسی و ئەمنیەتی و هەڕەشە و گوڕەشە و چاوسوورکردنەوەکانی ڕێژیمی داپڵۆسینەر، بە کردەوە سەلماندیان کە کورد باوەڕی بە سیستمی زاڵ بە سەر ئێراندا نییە و زوو یان درەنگ دەبێ بسپێردرێ بە مێژوو.

ڕەنگە یەکێک لە خاڵە گرینگەکانی ئێعتراز و ناڕەزایەتی دەربڕینی هێمنانەی ئەمجارە ئەوە بێت کە هەموو کوردستانی تەنییەوە؛ هەر لە سەرپێڵی بریندارەوە بگرە تا دەگاتە سەڵماس مەڵبەندی بەرخۆدانی سمکۆی شکاک، دووکان و بازاڕەکان داخراو بوون کە ئەمە نیشانەی یەکگرتوویی و یەکدەنگی فکری و هزری نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات لەهەمبەر چارەنووسی گەلەکەیان بوو.

هەرچەند کە شەوانی ڕابردوو لە هەندێک شاری کوردستاندا ڕێژیم بەهۆی ترسی لە بەڕێوەچوونی مانگرتن کۆمەڵێک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی کوردستانی بانگهێشت و تەنانەت دەسبەسەر کرد بەڵام خەڵک نەترسان و لێبڕاوانە بڕیاری یەکلاکەرەوەی خۆیان دا و بەپیر بانگەوازی حیزبەکانیانەوە هاتن و کردەوە دژەمرۆڤانەکانی کۆماری ئیسلامییان مەحکووم کرد.

خاڵێکی جێگەی سەرنجی دیکە لەم نێوانەدا ئەوە بوو کە مانگرتن وڵامێک بوو بۆ پیشاندانی هاوپێوەندی ئۆرگانیکی "شار و شاخ"؛ بەو واتایە کە هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە نەخش و دەوریان تێدا گێڕا، ئەوانیش بریتی بوون لە: حیزبەکان، کۆمەڵگە و بژاردەکان کە سێکوچکەیەکیان بۆ لەرزاندنی زیاتری کۆڵەکە ڕزیوەکانی دەسەڵات لە ماوەیەکی زەمەنی کورتدا پێک هێنا.

حەماسەی ٢١ی خەرمانان مووشەکی بێدەنگی گەلی کورد بوو ڕوو لە دەسەڵاتی ناڕەوای تاران کە بە مووشەکی پڕهاژە و گیڤە هێرشی کردە سەر ژن و منداڵی بێ دیفاع و جینایەتی خوڵقاند.