کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرت/ نەبوونی خزمەتگوزاری خەڵکی لە ژیان وەڕەز کردووە

11:18 - 12 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: دۆخی خراپی ڕێگاوبانەکان لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ژیانی خەڵکی ئەستەم کردووە و بەرپرسانی ڕێژیمیش وەک هەمیشە هیچ گرینگییەک بە دۆخی خەڵک و داخوازییەکانیان لەهەمبەر کێشەکان نادەن.

باران بارینەکانی ئەم دواییانەی کوردستانی ڕۆژهەڵات، دۆخی ئاسایی ژیانی خەڵکی لە زۆربەی شارەکاندا تێکداوە.

ماوەی ٤ مانگە کە خەڵکی گوندی "دووشان" سەر بە شاری سنە، لەهەمبەر دۆخی خراپی ڕێگاوبانەکانی ئەم گوندە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و داوایان لە ناوەندە پێوەندیدارەکان کردووە کە کێشەکەیان چارەسەر بکەن.

بە وتەی خەڵکی دووشان، ناوەندەکانی "بونیاد مەسکەن، ئیدارەی ڕێگاوبان، دێهیاری و شارەداری"، هەر کامەیان بە شێوازێک کێشەکە لە خۆیان دوور دەکەنەوە و تاوانەکە دەخەنە ئەستۆی یەکترەوە.

ئەندامانی دێهیاریی دووشان لەمبارەوە وتوویانە کە ئەو گەڵاڵەیە ساڵی ڕابردوو دراوەتە ئەوان، بەڵام بەهۆی نەبوونی قیر و سەهمییەی ماڵییەوە پرۆژەکە ڕاگیراوە.

لە بەرانبەردا، بەرپرسانی بونیاد مەسکەنیش ڕایانگەیاندووە کە ئیعتباری بۆ دابین کراوە و پەیمانکاریشی بۆ دانراوە، بەڵام دەبێ دێهیاری، شوێنەکە دیاری بکات.

خەڵکی دووشان، باسیان لەوە کردووە کە خراپبوونی ڕێگاوبانەکە، جیا لەوەی کە زیانێکی ماددیی زۆری بە ماشینەکانی خەڵک گەیاندووە، هاتوچۆی خەڵکیشی تووشی کێشە کردووە و لە لایەکی تریشەوە سەرەڕای دانی پارەی یەک ساڵەی حەقدەستی ئاوەڕۆ، کێشەیەکی زۆریان لە بواری ئاوەڕۆدا هەیە.

لە لایەکی دیکەشەوە، خەڵکی گوندی "تازاوا"ی مەریوان، هەڵکەوتوو لە ٣ کیلۆمتریی شاری مەریواندا، باسیان لەوە کردووە کە لە بواری شەقام، ئاوەڕۆ، ڕێگاوبانی خاکی و بۆنی پیسی ئاوەڕۆ و نەبوونی خانە بێهداشتەوە، کێشەی جیددییان هەیە.

خەڵکی تازاوا هەروەها وتوویانە کە لەو گوندەدا قوتابخانەیەک بۆ دوو قۆناغی ناوەندی و سەرەتایی، بە شێوەی تێکەڵ دروست کراوە و ئاوەڕۆی ئەم قوتابخانەیەش لە گرینگترین کێشەکانی قوتابییان بە ئەژمار دێت.

تازاوا لە ساڵی ٩٤ـەوە لە ڕیزی گوندەکاندا نەماوە و نە شارەداری و نە دێهیاریش ئاوڕی لێ نادەنەوە.

بەرپرسانی ناوەندەکانی سەر بە ڕێژیم لە بەرانبەر کێشەکانی خەڵکدا کەمتەرخەمی دەنوێنن و بە وتەی خودی خەڵکی کوردستان، هەرچەند مانگ جارێک لە سەردانێکی شانۆییدا، چەندین وێنە لە شوێنەکان دەگرن و دواتریش هیچ چارەسەرێک بۆ خەڵک نابیننەوە.