کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرت/ نەورۆز ڕیفراندۆمێکی تری بەهێز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا

12:47 - 2 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ژێر دەسەڵاتی سەرەڕۆی ئیسلامیی ئێران و سێدارەی ڕێژیمدا، لەڕیفرندۆمێکی نەورۆزیدا جارێکی تر "نا"یەکی بەهێزی بەڕێژیمی ئیسلامیی ئێران وتەوە.

نەورۆز مێژوویەکی کۆنی هەیە کە زۆربەی نەتەوەکانی جیهان و بەتایبەت لەڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بە شێوەی جیاواز یادی لێ دەکەنەوە، بەڵام نەورۆز بۆ نەتەوەی کورد جیا لەوەی کە بۆنەیەکی سادە بێت، بووەتە هێمایەکی نەتەوەیی و تێکەڵ بە کولتووری کوردەواری بووە و وەکوو نەریتێکی پیرۆز ساڵانە خەڵکی تێکۆشەری کوردستان لە ڕێوڕەسمگەلێکی جیاواز و ڕازاوەدا بە نیشانەی خۆڕاگری لە بەرانبەری داگیرکەران و دوژمنانی نەتەوە و نیشتمانەکەماندا یادی لێ دەکەنەوە.

ئەگەرچی پێش لە دەسپێکردنی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز و لە کۆتایییەکانی مانگی ڕەشەمەی ساڵی۲۷۱۸ی کوردیدا ناوەندە ‌ئەمنییەتی، فەرهەنگی، سیاسی و دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران بەتایبەتی ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسداران هەڕەشەیان لە بەڕێوەچوونی ئەو ڕێوڕەسمانە دەکرد و خەڵکیان چاوترسێن دەکرد و تەنانەت بۆ پێشگرتن لە بەشدارییکردنی هونەرمەندان، بەڕێوەبەرایەتی ئەماکن و ئیرشادی ڕێژیم لە زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کارتی هونەرمەندانی وەرگرتەوە و بە هەموو شێوەیەک هەوڵی پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزیان دەدا، بەڵام هەڕەشەکانی ڕێژیم لە لای خەڵکی تێکۆشەری کوردستانەوە بێبایەخ بوون و خەڵک لە سەر بانگەوازی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، ئامادەکاری بۆ ڕێوڕسمەکانی نەورۆزیان دەست پێکرد.

پاش ئەوەی کەڕێژیمی ئێران بۆی ڕوون بوویەوە کە توانایی پێشگرتنی لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە کوردستاندا نییە، هەوڵێکی چڕی بۆ بەلاڕێدابردنی ئەوڕێوڕەسمانە خستە گڕ و لەم ڕاستایەشدا بە داواکاریگەلێکی چەواشەکارانە و بێبنەمای وەکوو، خەڵک نەورۆزی سادە بەڕێوە ببەن تاکوو خەرجی کەمتر بکرێت و ئاگایان لە هەژاران بێت، هان دانی خەڵک بۆ کەڵکوەرگرن لە هێماکانی ڕێژیم لەڕێوڕەسمەکانی نەورۆزدا و کەڵکوەرنەگرتن لە هیچ هێمایەکی نەتەوەیی کورد ... ، ویستی پیلانەکانی خۆی جێبەجێ بکات، تاکوو پێش بە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز له کوردستاندا بگرێت یان ئەو ڕێوڕەسمانە بە لاڕێدا ببات و وەکوو سیاسەتی هەمیشەیی ڕێژیم کەڵکاژۆیان لێوەربگرێت، بەڵام هەموو هەوڵ و پیلانەکانی ئەوڕێژیمە بوونە بڵقی سەرئاو و خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان نەتەنیا بایەخێکیان بە هەڕەشەکانی ڕێژیم نەدا، بەڵکوو هیچکام لە داواکارییە بێبنەماکانی ڕێژیمیشیان جێبەجێ نەکرد.

سەرەڕای هەموو هەڕەشە و گوشارەکانی ڕێژیم بۆ بەڕێوەنەچوونی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە کوردستان، خەڵکی تێکۆشەر و ئازادیخوازی کوردستان بە یەکڕیزی و یەکگرتوویەکی بەهێزەوە بەپیری بانگەوازی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانەوە هاتن و جیا لەوەی کە نەورۆزی ئەمساڵیان کردە سەمای ئازادی و ڕێژیمی سەرەڕۆ و داگیرکەری ئێرانیان بەچۆکدا هێنا، ئەم نەورۆزەیان کردە ڕیفراندۆمێکی تر و جارێکی دیکە لە کوردستاندا "نا"یەکی یەکگرتووانە و بەهێز و قورس و قایمیان بە کۆماری ئیسلامیی ئێران وتەوە و لە سەر بڕیارە مێژوویەکەی گەلەکەمان لە ساڵی۱۳۵۷ی هەتاوی کەڕیفراندۆمەکەی ڕێژیمی "خومەینیـ"ـیمان ڕەدکردەوە، پێداگرییەکی یەکگرتووانەیان کردەوە.

نەورۆز لە مێژووی داگیرکردنی کوردستان و بەرخۆدانی نەتەوەی کورددا، جیا لە گرتنی جێژنی نوێبوونەوەی سروشت، وەکوو هێمای نیشانەی خۆڕاگری و بناغەی بەهێزی خەباتی مەدەنی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان لە بەرانبەر دوژمنان و بەتایبەتی ڕێژیمی داگیرکەری ئێراندا بۆ بەرپرچدانەوە هەموو پیلانەکانی داگیرکەران لە سەرجەم بوار و زەمینەکاندا،ڕێوڕەسمگەلێکی نەتەوەیی و بەشکۆ و ڕازاوەیان بەڕێوەبردووە، کە لەم ساڵانەی دواییدا و بە دەستپێکی قوناغی نوێی خەباتی نەتەوەیی دێموکراتیکی نەتەوەی کورد لەڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز زیاتر پەرەیان پێدراوە  و وەک کۆڵەکەی سەرەکی خەباتی شار هەژمار دەکرێن.

لە نەورۆزی ئەمساڵدا جیا لەوەی کە خەڵکی تێکۆشەری کوردستان ئەو بۆنە پیرۆزەیان کردە ڕیفراندۆمێک و جارێکی تر بە دەنگێکی بەهێزەوە "نا"یەکی قورس و قایمیان بەڕێژیم وتەوە، جارێکی تر لە بەڕێوەبردنی ئەو ڕێوڕەسمانە لە سەر بانگەوازی حیزبەکانی کوردستان، پاڵپشتی خۆیان لەخەباتی بزووتنەوەی ڕزگارییخوازی نەتەوە و نیشتمانەکەیان دەربڕیوە.