کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرت/ هێڵی ئینتەرنێت لە کوردستان و ئێران لاواز بووە

16:44 - 4 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: لە بەرەبەری ڕۆژی چلەی شەهیدانی خۆپیشاندانەکانی کوردستان و هاوکات بانگەوازی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و ئێران، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هێڵی ئینتەرنێتی لاواز کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکانی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، هێڵی ئینتەرنێت لە کوردستان و ئێران لاواز بووە.

ڕێژیمی ئێران لە ترسی خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە کوردستان و ئێران لە ڕۆژی ٥ی بەفرانباردا، هێڵی ئینتەرنێتی لەگەڵ کێشە بەرەوڕوو کردووە.

لە پارێزگای کرماشان ڕێژیم هەڕەشەی لە بنەماڵەی پێشمەرگەکان کردووە کە بەشداری لە خۆپیشاندانەکان نەکەن.

لە پارێزگای سنە، ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە چەندین شار بەڕێوەبەرانی کاناڵە تێلێگرامییەکانی بانگهێشت کردووە، هێچ بابەت و پۆستێک لەسەر ٥ی بەفرانبار بڵاو نەکەنەوە.

لە سێڕای "قازانچیـ"ـی کامیاران پاسگای ڕێژیمی ئێران خاڵی پشکنینی داناوە و مۆبایلی خەڵک دەپشکنێت.

"نێت بلاکز" بڵاوی کردووەتەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە لە کاتژمێر ٦ و ٣٠ خولەک، هێڵی ئینتەرنێت لە ئێراندا کێشەی بۆ هاتووەتە پێش و ئەو کێشەیەش درێژەی هەیە.

کاناڵە تێلێگرامییەکانی سەر بە ڕێژیم بڵاویان کردووەتەوە، هێڵی ئینتەرنێت لەسەر داوای "شاک" (شۆرای ئەمنییەتی کشوەر) لاواز کراوە.

میدیاکانی سەر بە ڕێژیم دانیان بەوەدا ناوە بۆ بەرنگاربوونەوە لەگەڵ بانگەوازی دژبەرانی ڕێژیمی ئێران هێڵی ئینتەرنێتیان لاواز کراوە.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە بانگەوازێکدا داوای لە خەڵکی کوردستان کرد کە ڕۆژی پنجشه‌ممه‌، ٥ی به‌فرانبار، مانگرتنی گشتی بەڕێوە ببەن.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران داوای کردووە بۆ مانگرتن ئەو سێ خاڵە ڕەچاو بکەن.

كاتژمێر ٣ی دوانیوەڕۆ له‌ شه‌قام و شوێنه‌ گشتییه‌كان، له‌ بازاڕ و له‌سه‌ر كار، ماوه‌ی ٥ ده‌قه‌ بۆ ڕێزگرتن له‌ یاد و بیروه‌ریی قوربانییانی خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌م دواییانه به ‌بێده‌نگی‌ له‌سه‌ر پێ ڕابووە‌ستن. هه‌روه‌ها به ‌هه‌ر شێوازێکی تر كه‌ بۆیان ده‌لوێ، یاد و بیره‌وه‌ریی ئه‌م نه‌مرانه‌ به‌رز ڕابگرن، سه‌ردانی بنه‌ماڵه‌ی قوربانییەکان، بریندارەکان و به‌ندكراوانی ئه‌م دواییانه‌ بکەن و وێڕای ده‌ربڕینی هاوخه‌میمان، هاوپێوه‌ند‌یی نه‌ته‌وه‌یی و خه‌باتگێڕیی نێوانمان نیشان بدەینەوە.

به‌ چالاكیی ته‌بلیغی و نووسین و بڵاوكردنه‌وه‌ی دروشم و تراكت، شه‌قام و شوێنه‌ گشتییه‌كان ده‌كه‌ینه‌وه‌ به‌ مه‌یدان و سه‌نگه‌ری خه‌بات دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران.

کۆنگرەی نەتەوکانی ئێرانی فێدراڵیش داوای کردووە کە خەڵک لە چلەی شەهیدانی خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەردا مان بگرن.

بنکە و ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لە ترسی ئەو خۆپیشاندانە سەرتاسەرییە بە فەرمی داوایان کردووە هێڵی ئینتەرنێت بپچڕێنن.