کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرت/ پەشێوی بێسنووری بازاڕی ئەرزی ئێران

11:36 - 5 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: بازاڕی ئەرزی ئێران تا دێت ئاڵۆزتر دەبێت و پەشێوی زیاتر باڵی بەسەردا دەکێشێ.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٤ی ڕەزبەر، بازاڕی ئەرز جارێکی تر شاهیدی هەڵکشان و داکشانی چرکە بە چرکە بوو، بەچەشنێک کە لەناکاو هەر دۆلارێکی ئامریکا زیاتر لە دوو هەزار تمەن گرانتر بوو و سنووری ١٩ هەزار تمەنی تێپەڕاند.

نرخی دۆلار ڕۆژی سێشەممەش پاش ئاخاوتنی دانڵد ترامپ، هەزار تمەنی دیکە گران بوو و شەپۆلێکی دیکەی درووست کرد؛ بەپێی ئامارەکان کە ماڵپەڕەکانی تایبەت بە ئەرز و زێڕ بڵاویان کردۆتەوە نرخی هەر یۆرۆ لەو کاتەدا گەیشتە ٢١هەزار و ٦٠٠ تمەن و هەر پۆندێکی بریتانیاش بە ٢٤ هەزار و ٢٠٠ تمەن ئاڵوگۆڕی پێکرا.

خودی هەواڵدەرییەکانی رێژیمیش باس لەوە دەکەن کە بارودۆخی بازاڕ بەجۆرێکە کە قەرەباڵغییەکی کەموێنە درووست بووە و تەواوی ئەو کەسانەی کە لە بازاڕدا دەسووڕێنەوە کڕیاری دۆلارن و فرۆشیارەکان کەم بوونەتەوە؛ تەنانەت فرۆشیار و سەڕاف و دەڵاڵەکانیش بۆخۆیان بوونەتە کڕیار و تەنیا بەدوای کڕینی ئەرزەوەن!

ئەحمەد تەوەکۆلی سەرۆکی دەزگای چاودێری "شفافیت"ی ڕێژیم لە تویتێکدا وتوویەتی: "یەکەمین ئەرکی بانکی ناوەندیی ڕاگرتنی بایەخی دراوە، بەرزبوونەوەی نرخی ئەرز بەرهەمهێنان تووشی شکست دەکات، بێکاری دەگەیەنێتە قۆناغێکی مەترسیدار، دابەشکردنی داراییەکان لەگەڵ کێشەی جیددی بەرەوڕوو دەکات و زیان بە ئەخلاق و دین دەگەیەنێت؛ دەبێ نرخی ئەرز چەندی تر هەڵکشێت تاکوو دەوڵەت تێبگات کە ڕێگەکەی هەڵەیە؟"

بەڵام جیا لە خەسار و زیانەکانی ئەم پەشێوییە هەندێک لێدوانی بەرپرسانی ڕێژیم هەیە کە دەرخەری ئەوپەڕی دۆشداماوی ڕێژیم بەهۆی عەقڵیەتی زاڵ و سەرچاوەگرتوو لە قسە مێژووییەکەی خومەینییە کە وتبووی:"اقتصاد مال خر است."؛ ڕۆژنامەی ئێعتماد لە زاری ئاخوند مەکارمی شیرازییەوە بڵاوی کردۆتەوە کە تەنیا ڕێگە بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەکانی بازاڕی ئەرز ئێعدامە!

یان ڕاوێژکاری خامنەیی، عەلی ئەکبەر ویلایەتی ڕۆژی سێشەممە رێکەوتی ٣ی ڕەزبەر وتبووی: چیدیکە پێویستیمان بە دۆلار نییە و لەمەودوا بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان کەڵک لە ڕووپیەی هێند و ڕووبلی ڕووسیە و یوانی چین وەردەگرین!

ئەم ڕێکارە سەیر و سەمەرانەی بەرپرسانی رێژیم بۆ گرفتە کەڵەکەبووە ئابوورییەکان لە کاتێکدایە کە زەرەرمەندی سەرکی ئەم پەشێوییانە خەڵکی بێدەرەتان و چینی کەم داهات و نێونجی کۆمەڵگان؛ هەرچەند پێشبینی دەکرێت تا ماوەیەکی دیکە چینێک بەناوی چینی مامناوەند یان نێونجی لە ئێراندا بوونی نەمێنێت و ئێران ببێتە دوو توێژ: یەکەمیان توێژی خۆشبژێو کە بریتین لە ئاغازادە و سەرکردەکانی سپا کە تەواوی جمگەکانی دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە و توێژی دووهەم کە توێژی هەژاری کۆمەڵگان و هەموو خەڵکی ئێران لەخۆ دەگرێت!

ئاگری ئیسماعیل‌نژاد چاودێری سیاسی لەمبارەوە دەڵێ: " هەلومەرجی ئێستەی ئابووریی ئێران بریتییە لە ڕووبەڕووبوونەوەی بڕیاردەرانی سیاسی، خاوەندارانی کەرتە پڕقازانجە ئابوورییەکان و خەڵک".

بە وتەی ناوبراو هەر بڕیار یان یاسایەک سەبارەت بە ئابووریی ئێران دەربکرێت بە سێ هۆ ناچنە بواری جێبەجێکردنەوە: یەکەم بوونی گەندەڵی تاکەکەسی لە نێو حکومەت، دووهەم هۆکارە پێکهاتەییەکانی نێو دەسەڵات و سێهەم نەبوونی متمانەی خەڵکی و ڕەوایی ڕێژیم لای خەڵک.

دەشڵێ: "ئەوەیکە ئەمڕۆ لە ئێراندا دەبیندرێ بریتییە لە نافەرمانی مەدەنی کە پەرەسەندنی بەستێنی ڕووخان خۆش دەکات بەڵام بەو هۆیەوە کە ڕێژیم هێشتا ئامرازی سەرکووتی بەدەستەوەیە و ئۆپۆزیسیۆنیش لە لاوازیدا بەسەر دەبا ناتوانێ بەواتای ڕووخانی سەداسەد لێک بدرێتەوە".

ئا: شەماڵ تەرغیبی