کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرت/ ڕۆژی "هونەر" لە شاری کۆیە بەرز ڕاگیرا

11:31 - 29 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: ٣٢ـەمین ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەندی گەل، "تاهیر تۆفیق"، ناسراو بە ڕۆژی "هونەر"، لە شاری کۆیە و بە بەشداریی بەرچاوی کەسایەتی، هونەرمەندان و خەڵکی هونەردۆستی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٨ی ڕەزبەری ١٣٩٨ی هەتاوی، لە هۆڵی سەرۆکایەتیی زانکۆی کۆیەدا، کۆنسێرتێکی مووزیک و گۆرانی بۆ یادی ٣٢ ساڵەی کۆچی دوایی هونەرمەندی گەل "تاهیر تۆفیق" بەڕێوەچوو.

ئەم ڕێوڕەسمە بە هاوکاریی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان و لەسەر دەستی تیپی مۆسیقای "باواجیـ"ـی کۆیە بەڕێوەچوو کە ژمارەیەک لە کەسایەتییەکان و هونەرمەندانی کوردستانی باشوور بەشدارییان تێدا کردبوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە باسکردن لەسەر ژیان و کەسایەتیی مامۆستا "تاهیر تۆفیق" دەستی پێکرد و دواتر لە چەندین بڕگەی جیاوازدا چەندین وتار و شێعر پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.

" سەفین عەبدەلڕەزاق"، بەرپرسی تیپی مۆسیقای باواجی، سەبارەت بە ئامانجی بەڕێوەبردنی ئەم کۆڕیادە کە هەموو ساڵێک بەڕێوە دەچێت، باسی لەوە کرد کە هەموو هەوڵی خۆیان دەخەنە گەڕ تاکوو ڕێچکەی هونەرمەندێکی گەورە وەکوو مامۆستا "تاهیر تۆفیق" ون نەبێت.

مامۆستا "تاهیر تۆفیق"، لەو هونەرمەندە کوردانەیە کە ڕێچکە و شێوازی تایبەت بە خۆی لە گۆرانی و هونەری کوردیدا هەبووە و بەهۆی ڕەنگدانەوەی هەڵوێستی نیشتمانی لە بەرهەمەکانیدا ناوبانگێکی زۆری دەرکردووە.

ساڵیادی کۆچی دوایی ئەم هونەرمەندە دیارەی کورد، هەموو ساڵێک لە شاری کۆیەدا بەڕێوە دەچێت و ژمارەیەکی بەرچاو لە لاوان لە شارەکانی هەرێمی کوردستانەوە بە مەبەستی بەشداریکردن و ڕێزگرتن لە یاد و هونەری ناوبراو بەشداری لەو ڕێوڕەسمەدا دەکەن.

"تاهیر تۆفیق"، لە ساڵی ١٩٢٢ی زایینیدا لە گەڕەکی بەفری قەندیی شاری کۆیە، شاری شیعر و ئاواز و گۆرانی، لەدایک بووە.

سه‌ره‌تای ده‌ستپێکردنی کاری هونه‌ریی بۆ ساڵی ١٩٣٢ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ کە له‌ تیپی سروود و گۆرانیی قوتابخانه‌ی کۆیەدا به‌شداریی کردووه‌.

ناوبراو کۆمه‌ڵێک کتێبی له‌سه‌ر گۆرانیی کوردی به‌گشتی و گۆرانییه‌کانی خۆی به‌تایبه‌تی به‌ چاپ گیاندوون کە دەکرێت ئاماژە بە "چه‌پکه‌ گوڵ"، "ئاوازی به‌سۆز"، "گۆرانی و هه‌ڵپه‌ڕکێ" ، "گۆرانی و ژیان" و "گوڵی سه‌ربه‌ستی" بکرێت.

ئەم هونەرمەندە کوردە لە ساڵی ١٩٨٧دا به‌هۆی تووشبوونی به‌ نه‌خۆشییه‌کی سه‌خت، ماڵاویی لە ژیان کرد و له‌ زێده‌ی خۆی به‌ خاک ئەسپێردرا.

ڕێوڕەسمی ڕۆژی هونەر لە شاری کۆیە بە مۆسیقای ڕەسەنی کوردی و گۆرانی کۆتایی پێهات.