کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرت/ ڕێژیم بێڕێزی بە کۆڵبەران دەکات

12:57 - 26 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی داگیرکەری ئیسلامیی ئێران، جیا لەوەی کە لە کوشتنی کۆڵبەرانی کورد هیچ دەست ناپارێزێت، بەڵکوو بێڕێزیشیان پێ دەکات.

لە دوو دەیەی ڕابردوودا، بە هۆی بێکاری، هەژاری، گرانی و قەیرانە جۆراوجۆرە نێوخۆییەکانی ئێران و هتد، ڕێژەیەک لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەتایبەت لاوان و هەتا ڕادەیەکیش خوێندکارانی کورد، بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانی خۆیان و هاوخەرجیی بنەماڵەکانیان، پیشەی دژوار و پڕمەترسیی کۆڵبەرەییان هەڵبژاردووە کە لەو کارەدا هێزە تێرۆریستییەکانی ڕێژیم، کۆڵبەران دەکەنە ئامانج.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا و بە هۆی سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێران و گەمارۆوە ئابوورییەکانی سەر ئەو ڕێژیمە و هەروەها قەیرانە نێوخۆییەکانی ئەو وڵاتە کە ڕۆژبەڕۆژ زیاتر پەرە دەستێنن، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هاناهێنان بۆ پیشەی مەترسیدار و دژواری کۆڵبەری، بە ڕێژەی زۆر زیادی کردووە و لە نێوان کۆڵبەرانیشدا، هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا دەبیندرێن.

سەرەڕای ئەوەی کە بەرپرسانی ڕێژیم، هیچ هەوڵێکیان بۆ بنەبڕکردنی پیشەی مەترسیداری کۆڵبەری نەداوە، بەڵکوو بە هێزە سەرکوتکەر و تێرۆریستییەکانی خۆیان ڕاگەیاندووە کە بە هیچ شێوەیەک لە کوشتنی کۆڵبەران دەسپارێزی نەکەن و ڕاستەوخۆ تەقەیان لێ بکەن، هەر بۆیه ڕۆژانە کۆڵبەران لەسەر سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبنە قوربانیی ڕێگای نان.

لەم بارەیەشەوە، چەندین جار پرس و باسی کۆڵبەرانی کورد لە کۆبوونەوەکانی بە ناو مەجلیسی ڕێژیمدا، خراونەتە بەر باس و قسەیان لەسەر کراوە، بەڵام جیا لەوەی کە بەرپرسانی ڕێژیم لە مەجلیس و نوێنەرە دەستنیشانکراوەکانی مەجلیس گاڵتەیان بە کۆڵبەرانی کورد کردووە، هیچ چارەسەرییەک بۆ دیاردەی کوشتنی کۆڵبەر، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا نەکراوە.

بەلووچستانیش هاوشێوەی کوردستانە و لە بەلووچستاندا کەسانێکی کەمداهات، هەژار و بێکار کە لارەملی دەستی ڕێژیم نەبوونە، پیشەی گواستنەوەی سووتەمەنییان بۆ بەلووچستانی پاکستان هەڵبژاردووە و هاوشێوەی کۆڵبەرانی کوردستان، ئەوانیش لە بەلووچستاندا، بە "سووختبەر" ناودێر کراون، زۆر جار بە بیانووی قاچاخچییەتی و قاچاخ و گواستنەوە کەلوپەلی نایاسی لە نێوان سنوورەکانی بەلووچستاندا، بڕیاری کوشتنی سووختبەرانی بەلووچستانیش دراوە و کوشتنی کاسبکارانی بەلووچ، هاوشێوەی کۆڵبەرانی کورد بووەتە دیاردەیەکی ڕۆژانە.

لەم پەیوەندییەشدا، هەواڵدەریی "اقتصاد ایران" (ئابووریی ئێران)، لە ڕاپۆرتێکی کورتدا کە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ، پێنجشەممە، ۲۶ی بانەمەڕ، بڵاوی کردووەتەوە و لێوانلێوە لە بێڕێزی و وەکوو سیاسەتی هەمیشەیی ڕێژیم دوورە لە پرەنسیپ و ئەخلاقی مرۆڤایەتی، وێڕای چەواشەکارییەکی یەکجار زۆر لەسەر کۆڵبەرانی کورد و تا ڕادەیەکیش سووختبەرانی بەلووچ، بێڕیزی بە کۆڵبەرانی کورد کردووە و بە باندی قاچاخچیی مادەی هۆشبەر و چەک و کەرەستەی تەقینەوە، ناودێریانی کردووە.

لە بەشێکی ئەو ڕاپۆرتە بێ پرەنسیپانەدا هاتووە: "لە ماوەی ۲٤ کاتژمێری ڕابردوودا هێزەکانی ئۆپراسیۆنی تایبەت، لە نزیکیی شاری "یەزد"دا دوو کۆڵبەریان بە ۵۰ کیلۆ مادەی هۆشبەرەوە (حەشیش) گرتووە و ڕەوانەی دایرەی تاوانەکانی ئەو شارەیان کردووە، ئەو کۆڵبەرانە ویستوویانە ئەو مادە سڕکەرانە بۆ پارێزگای یەزد بگوازنەوە".

لە بەشێکی تری ئەو ڕاپۆرتەدا، کە بە گواستنەوەی زانیارییەکی کورت لە ماڵپەڕی سەرچاوەی زانیاریی ویکیپیدیا، باسی کورت و چەواشەکارانە لەسەر کۆڵبەران کراوە و باس لەوەش کراوە کە کۆڵبەران، لە نێوان سنوورەکانی کوردستان جارناجاریش چەک و کەرەستەی تەقینەوە و مادە هۆشبەرەکان دەگوازنەوە و تەنانەت بڕێک جاریش ئەو کەلوپەلانە بۆ شارەکانی ناوەندی ئێرانیش دەگوازنەوە.