کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرت/ ڕێژیم لە ترسی هێرشی ئامریکا، لێخۆشبوونی سەربازیی هەڵوەشاندەوە

17:37 - 10 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران بەهۆی کاریگەریی گوشار و هەڕەشەکانی ئامریکا و ئەگەری ڕوودانی شەڕ و هێرشی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیم، هەروەها پێویستبوونی ئەو ڕێژیمە بە هێزی سەربازی، لێخۆشبوونی سەربازیی هەڵوەشاندەوە.

ئەگەرچی لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا، سەربازی یان کاروباری سەربازی بەگشتی، وەکوو پیشەیەک سەیر دەکرێت و خەڵکانێکی تایبەت ڕووی تێدەکەن، لە بڕێک لە وڵاتەکاندا بە ئەرکی هەر تاکێک و لە تەمەنێکی دیاریکراودا پیناسە کراوە. وڵاتی ئێرانیش لەژێردەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیدا، یەکێک لەو وڵاتانەیە کە سەربازی نەتەنیا بە ئەرک پێناسە کراوە، بەڵکوو بە زۆرەملێ لەژێر ناوی "خزمەت بە نیشتمانـ"ـدا، کە لە ڕاستیدا خزمەت بە ڕێژیمە، لاوانی تازە پێگەیشتوو و تەمەن ١٨ سال کە سەرەتای لاویەتییانە، دەباتە ڕیزی هێزە تێرۆریستییەکانی خۆیەوە و بەو حاڵەشەوە هیچ مووچەیەکیشیان بۆ دیاری ناکات.

ڕێژیمی ئێران، جیا لەوەی کە سەربازی و چوونە ڕیزی هێزە تێرۆریستییەکانیان بە ئەرک و زۆرەملێ پێناسە کردووە، بەڵکوو ئەو کەسانەی کە لە ئێراندا ناڕۆنە سەربازی، وەکوو هاووڵاتییەکی ئێران هیچ مافێکی یاساییان لەو وڵاتەدا وەکوو: مارەنامەیی یاسایی دادوەری بۆ ژیانی هاوبەش، مۆڵەتی لێخوڕینی ماشین، هەلی کار، درێژەدان بە خوێندن لە زانکۆکان، هەبوونی پاسپۆرت و...، پێ نادەن.

بەهۆی ئەوەی کە لە نزیک بە دوو دەیەی ڕابردوودا زۆربەی لاوانی ئێران و بەتایبەتی لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کەمتر لەژێر ناوی سەربازیدا ڕوویان لە هێزەکانی ئەو ڕیژیمە کردووە، ڕێژیم ناچار بووە گەڵالەیەکی چەند ڕەهەندی لەژێر ناوی کەمترکردنەوەی ماوەی سەربازی لە ٢٤ مانگەوە بۆ ١٦، ١٧، ١٨ و ١٩ مانگ، هەروەها لێخۆشبوونی سەربازی بێنێتە ئاراوە کە تاکوو ئەم ساڵانەی دوایی هەر چەند ساڵ جارێک دەسکاری کراوە و ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە.

بەڵام لە پاش گرژبوونەوەی ئاڵۆزییەکانی نێوان ڕێژیمی ئێران و ئامریکا و گوشار و توندتربوونەوەی هەڕەشەکانی بەرپرسانی ئامریکا لەسەر ڕێژیم و ئەگەری ڕوودانی شەڕ و هێرش بۆ سەر ئەو ڕێژیمە و لقەکانی، ڕێژیمی ئێران لە ئێستادا پێویستی بە هێز هەیە و جیا لەوەی کە ماوەی سەربازیی بۆ سەرووی ١٨ مانگ درێژ کردووەتەوە، گەڵاڵەی لێخۆشبوونی سەربازیشی هەڵوەشاندەوە.