کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرت/ ڕێژیمی ئێران لە شاییدەربڕینی خەڵک دەترسێت

13:05 - 13 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران لە شایی و خۆشیدەربڕینی خەڵک دەترسێت و بە هەموو شێوەیەک هەوڵی دەدات پێش بە شادی و خۆشحاڵیی خەڵک بگرێت.

سەرەڕای ئەوەی کە، ڕێژیمی داگیرکەری ئیسلامیی ئێران، هەمیشە ئیدعای بێبنەمای حکوومەتێکی دێموکراتیک و کۆمارییبوونی کردووە، جیا لەوەی کە هیچ بنەمایەکی کۆماریی و دێموکراتبوون لە ڕێژیمی ئیسلامیدا بەدی ناکرێت، بەڵکوو بەردەوام سەرجەم بنەماکانی دێموکراسی و بەتایبەتی مافی مرۆڤی پێشێل کردووە.

بەپێچەوانەی ئیدعای ڕێزگرتن لە بنەماکانی دێموکراتبوون و ئیدعا بێبنەماکانی خۆیان، خومەینی لە ساڵەکانی سەرەتای بەتاڵانبردنی شۆڕشی گەلانی ئێراندا، دێموکراسیی بە دزەی فەرهەنگی بێگانە و ڕۆژاوا ناودێر دەکرد و ڕەتی دەکردەوە.

ئەو ڕێژیمە تەنانەت لە ناوی دێموکراسی و دێموکراتبوونیش دەترسێت و لەم بارەوە، هەر گردبوونەوە و کۆبوونەوەیەکی چەند کەسی بە هەر مەبەستێک بێت، بە هەڕەشە بۆ سەر خۆی دەزانێت و بەم هۆکارەشەوە تەنانەت پێش بە شایی و خۆشدەربڕینی خەڵک لە بۆنە جۆراوجۆرەکانەوە و تەنانەت شاییی هاوسەرگیریی لاوانیشدا دەگرێت.

لەم بارەوە، بە بۆنەی کۆتاییی خولی سڕینەوەی (جام حذفی) کێبڕکێیەکانی تۆپی‌پێی وڵاتی ئێران و سەرکەوتنی تیمی پرسپۆلیس یان هەمان (پیرۆزیـ)ـی تاران، کە سەربە خودی ڕێژیمە و زۆر جاریش باس لەوە دەکرێت، کە سەربە سپای تێرۆریستی پاسداران بێت، لایەنگرانی ئەو تیمە لە شەقامەکانی شارە جۆراوجۆرەکانی ئێراندا خۆشحاڵی و شادیی خۆیان دەربڕیوە، کە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم وێڕای ئەوەی کە لە زۆربەی شارەکاندا پێشی پێیان گرتووە، بڵاوەیانی پێ کردووە و هەڕەشەی لێیان کردووە.

لەم پەیوەندییە و لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو، بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدئۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، کە مامۆستایان و کچانی قوتابخانەیەکی ناحکوومەتیی شاری مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵدەپەڕن، بەرپرسانی ڕێژیمی تووڕە کردووە و  بەرپرسی گشتیی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای ورمێ ڕایگەیاندووە: کە خەریکی لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو هەڵپەڕکێیەن و تا ڕادەیەکیش زانیارییمان لەو بارەوە بەدەست هێناوە.

هەر لەم پەیوەندییەدا و ماویەک لەمەوپێش، پاش بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدئۆیەک لە ڕێوڕەسمەکانی ڕۆژی مامۆستا (معلم) لە ئێراندا، کە قوتابییانی سەرەتایی خۆشیی خۆیان دەربڕیبوو و گۆرانییەکی "سانسیمانکەن" (پاپخۆێنی ئێرانیی دەرەوەی وڵات) وتووەتەوە و سەمایان کردووە، بەرپرسانی باڵای ڕێژیم خوازیاری ڕووبەڕووبوونەوەی توند لەگەڵیان بوونە و داوایان لە وەزیری پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم کردووە، کە وڵامدەری ئەم بابەتە بێت.

هەروەها، وتەبێژی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم لە تاراندا، لەم بارەوە ڕایگەیاندووە: مامۆستا و بەرپرسانی ئەو قوتابخانانە دەبێت بناسرێن و لەگەڵیان هەڵسوکەوتی جیدی و یاسایی بکرێت.

شایانی باسە، کە ڕێژیم لە کوردستاندا، تەنانەت لە شایی و زەماوەندی هاوسەرگیریی لاوانیش دەترسێت و بە هەموو شێوەیەک هەوڵی دەدات پێش بە شاییی هاوسەرگیریی لاوەکان بگرێت و لەم بارەوە پێشتر ماڵپەڕی "کوردستان میدیا"، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردبووە، کە پێشنوێژی دەستنیشانکراوی ڕێژیم لە شاری نەغەدە لە پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە نامەیەکدا کە بۆ بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتیی فەرهەنگ و ئێرشادی ڕێژیم لەو شارە نووسیوەیەتی، باسی لەوە کردووە: نابێت زەماوەند و ڕێوڕەسمەکانی شاییی هاوسەرگیری لەو شارەدا زیاتر لە ۳ کاتژمێر بخایەنێت و لەو حاڵەتەشدا نابێت خاوەن زەماوەندەکان شێو و خواردن بە میوانەکانی خۆیان بدەن.

ئەم کردەوانەی ڕێژیم، هەمووی سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن، کە ئەو ڕێژیمە حکوومەتێکی سەرەڕۆوە و ترسی یەکجار زۆری لە ئەگەری خرۆشان خەڵکانی وەزاڵەهاتووی وڵاتی ئێران هەیە، کە نەکا بناغەی دەسەڵات و تەخت و تاجی دیکتاتۆرییان بهەژێنن و لە کۆتاییشدا بیڕووخێنن و خەڵک بە سەریاندا زاڵ بێت.