کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرت/ ڕێژەی دابەزینی نەوتی ڕێژیمی ئێران درێژەی هەیە

13:31 - 9 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: ڕێژەی دابەزینی نەوتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران درێژەی هەیە و ڕۆژبەڕۆژ گوشارەکانی سەر ڕێژیم زیاتر دەبێت.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە دەیەی ڕابردوودا ڕۆژانە ۲.۵ میلیۆن بەرمیل نەوتی ڕەوانەی بازاڕەکانی جیهان دەکرد و بە هۆکاری ئەوەی کە ڕێژیمی ئێران ئەندامێکی سەرەکی و کاریگەری ڕێکخراوی ئۆپێک بوو، ڕێژەی هەناردەکردنی نەوتی ڕێژیم، کاریگەریی لەسەر بەهای نەوتی بازاڕەکانی جیهاندا هەبوو.

بەڵام لە ساڵانی ڕابردوودا و پاش گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی ئێران لە لایەن ئامریکا و لە دوو قوناغی جیاوازدا، ڕێژەی هەناردەکردنی نەوتی ئەو ڕێژیمە بە ڕێژەیەکی زۆر دابەزی و ئەمەش نەتەنیا کاریگەرییەکی یەکجار زۆری لەسەر ئابووریی ڕێژیم هەبوو، بەڵکوو ڕێژیمی ئێرانی فەلەج کرد و بوو بە هۆکاری سەرهەڵدانی دەیان قەیرانی نێوخۆیی لە وڵاتی ئێراندا.

لەم بارەیەوە، ڕۆژی چوارشەممە، ۸ی جۆزەردان، هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە ڕاپۆرتێکدا کە لە بەڵگەکانی کۆمپانیای "ڕەفینیتۆ"، کە چاوەدێریی بە سەر کەشتییە نەوتکێشەکاندا دەکات، سەرچاوەی گرتووە، بڵاوی کردووەتەوە کە ڕێژەی هەناردەکردنی نەوتی ڕۆژانەی ڕێژیمی ئێران ۱۰۰ هەزار بەرمیلی دیکە دابەزیوە، واتە لە ۵۰۰ هەزار بەرمیلەوە گەیشتووەتە ٤۰۰ هەزار بەرمیل.

هەر بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بە هۆکاری ڕاگرتنی لێخۆشبوونەکانی ئامریکا لە کڕیارانی نەوتی ڕێژیمی ئێران، ڕێژەی هەناردەکردنی نەوتی ڕێژیمی ئێران، بە ڕێژەیەکی زۆر بەرچاو دابەزیوە و گەیشتووەتە ٤۰۰ هەزار بەرمیل کە ئەو ڕێژەیەش تەنیا ڕەوانەی بازاڕەکانی ئاسیا کراون.

هەر لەم پەیوەندییەدا، ڕۆژی پێنجشەممە، ۲ی جۆزەردان، هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، لە ڕاپۆرتێکی تر بڵاوی کردەوە: "ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە ئێستادا زیاتر لە ۶۶ میلیۆن بەرمیل پاشەکەوتی نەوتی هەنبارکراوی لە هەنبارە نێوخۆییەکانی ئەو وڵاتەدا هەیە، جیا لەوەش زیاتر لە ۲۰ میلیۆن بەرمیلی لە هەنبارێکی دامەزراوەی نەوتی "دالیانـ"ـی وڵاتی چیندا هەنبار کردووە، کە کڕیاری نییە و لەسەر دەستی ئەو ڕێژیمەدا ماوەتەوە."

توانایی دامەزراوە نەوتییەکانی ڕێژیمی ئێران، بەپێی بەراوردەکان، لە دەروبەری ۶۹ میلیۆن بەرمیلە و ڕێژیم پلانی بۆ زیاترکردنی ئەو ڕێژەیە داناوە، کە تاکوو ساڵی ۲۰۲۳ی زایینی، ئەو ڕێژەیە بگەیەنێتە ۸۰ میلیۆن بەرمیل. لەم بارەشەوە، کۆمپانیایی ڕاوێژکاری "دێیتا گلووبال" ڕایگەیاندووە کە بۆ ئەم هەوڵ و بەرنامەیەی ڕێژیمی ئێران زیاتر لە ۹۰۰ میلیۆن دۆلار پێویستە و لە بارودۆخی ئێستای ئێرانیشدا ئەو ڕێژیمە توانایی دابینکردنی ئەو بڕە تێچووەی نییە.

هەر لەم پەیوەندییەدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ئاگاداری بە کڕیارانی نەوتی ڕێژیمی ئێران داوە کە هەر وڵاتێک نەوتی ئەو ڕێژیمە بکڕێت، لەگەڵ گەمارۆکانی ئامریکا بەرەوڕوو دەبێتەوە و بەم هۆکارەشەوە زۆربەی وڵاتانی کڕیاری نەوتی ڕێژیمی ئێران و بەتایبەت وڵاتانی چین و هێندووستان کە دوو کڕیاری گەورەی نەوتی ڕێژیم بوون، هاوردەکردن و کڕینی نەوتی ڕێژیمی ئێرانیان ڕاگرتووە. تەنانەت دۆستەکانی ڕێژیمی ئێرانیش وەکوو وڵاتی تورکیە، پشتیان لە ڕێژیم کرد و کڕینی نەوتی ڕێژیمیان ڕاگرتووە.

وێڕای ئەوەی کە وڵاتانی ئیمارات و عەرەبستانی سعوودی ئامادەیی خۆیان بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی نەوتی ڕێژیمی ئێرانیان لە بازاڕەکانی جیهاندا ڕاگەیاندووە، ڕێکخراوی نێونەتەوەیی ئۆپێکیش ڕایگەیاندووە کە بە هۆی گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی ئێران و دابەزین و ڕەوانەنەکردنی نەوتی ئەو ڕێژیمە بۆ بازاڕەکانی جیهان، بەهای نەوت ئاڵوگڕێکی ئەوتۆی بەسەردا نایەت و بەرز نابێتەوە.