کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرت/ ژینگەی کوردستان لە ئاگردا دەسووتێت

12:53 - 29 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: لە سەرەتای ساڵی نوێی هەتاوییەوە بەردەوام ژینگەی کوردستان لە ئاگری دوژمناندا دەسووتێت، بەڵام هێشتا کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بێدەنگی هەڵبژاردووە.

سەرەڕای ئەوەی کە ڕێژیمی داگیرکەری ئیسلامیی ئێران، لە سەرەتای بەتاڵانبردنی شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە تاکوو ئێستا بەردەوام لە هیچ تاوانێکی نامرۆڤانە سڵی نەکردووە و ڕۆژبەڕۆژ زیاتر پەرە بە تاوانەکانی خۆی، بەتایبەت لە کوردستاندا دەدات، لە ساڵانی ڕابردوودا و بەتایبەت لە سەرەتای ساڵی نوێی هەتاوییەوە بەردەوام تاوان و پیلانە دژەمرۆڤانەکانی خۆی بە چاوساغیی کوردە خۆفرۆشە بەکرێگیراوەکانەوە چڕتر کردووەتەوە و لە ڕێگای سەربازی و ئاگرتێبەردانەوە هەوڵی کاولکاری و لەنێوبردنی سەرچاوە جۆراوجۆرەکانی کوردستان دەدات.

لەم بارودۆخەی ئێستاشدا، ڕێژیم لە ڕێگای هێزە سەرکوتکەرەکانی و بەتایبەت سپای تێرۆریستی پاسداران، جیا لەوەی کە سەرجەم سامان و سەرچاوەکانی کوردستان بەتاڵان دەبات، فۆکۆسی لەسەر پیلانی کاولکاری و تاڵان و وێرانکردنی سروشت، ژینگە، دارستانەکانی زاگرۆس کردووە و تەنانەت لە مەزرا و باخاتی خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستانیش دەستپارێزی ناکەن و بە بیانووی هەبوونی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بیانووگەلێکی تری جۆراوجۆرەوە بە بەڕێوەبردنی مانۆڕە شانۆییەکان و بە هاندانی جاشە خۆفرۆشەکان دارەکانی دارستانەکانی زاگرۆس دەبڕن و بۆ پارێزگا و شارەکانی ناوەندیی ژێر دەسەڵاتی خۆیان دەگوازنەوە و دواتر ئاگر لە دارستان و ژینگە و سروشتی ناوچەکانی کوردستان بەردەدەن و زۆرجاریش مەزرا و باخاتی خەڵکی کوردستانیش کراونەتە قوربانیی ئەم پیلانە.

لەم پەیوەندییەدا، ڕۆژی ڕابردوو، مۆرەکانی ڕیژیم لە دارستانەکانی دەوروبەری شاری پاوە لە پارێزگای کرماشان، ئاگریان لە دار بەڕووەکانی ئەو ناوچانە بەرداوە و لە کۆتاییشدا جیا لەوەی کە ڕێژەیەکی زۆر لە دارە بڕدراوەکانیان بۆ ناوچەیەکی نادیار لە دەرەوەی کوردستان گواستووەتەوە، زیاتر لە دوو تۆن لە خەڵووزی دارە سووتاوەکانیشیان گواستووەتەوە.

هەر لەم پەیوەندییەدا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لە شاری کامیارانی سەربە پارێزگای سنە، بەکرێگیراوانی ڕێژیم دارستانەکانی ئەو ناوچەیان بڕیوە و زیاتر لە ١٠ تۆنیان بۆ ناوچەکانی دەرەوەی کوردستانیان گواستووەتەوە، کە ئەگەری زۆرە بۆ شاری تاران بێت.

ڕۆژی ڕابردووش دیسان خۆفرۆشە کوردەکانی سەربە ڕێژیم لە شاری مەریوانی سەربە پارێزگای سنە، لە دەوروبەری گوندی "هەنجیران"، ئاگریان لە ژینگەی ئەو ناوچەیە بەرداوە کە لە لایەن خەڵکی ئەو گوندەوە خێرا ئاگرەکە کوژاوەتەوە.

هەروەها هاوکات بەکرێگیراوان لە بناری شاخی میراجیی شاری مەریوان، ئاگریان لە دارستان، لێڕەوار و لەوەڕگەکانی ئەو ناوچانەیەش بەرداوە و پاش کوژانەوەی ئاگرەکە لە لایەن ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیا، دیسان ئاگریان لەو شوێنە بەرداوەتەوە و زیانێکی زۆری لە ژینگە و سروشتی ناوچەکە داوە.