کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرت/ کوڕێک بۆ ناساندنی کتێبی "هیچ دۆستێک جگە لە چیاکان" لە سلێمانی بەڕێوەچوو

10:38 - 10 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: لە ناوەندی غەزەڵنووس لە شاری سلێمانی، کۆڕێک بۆ ناساندن و پەردەلادان لەسەر کتێبی "هیچ دۆستێک جگە لە چیاکان"، ڕۆمانی "بێهرووز بووچانی"، نووسەر و ڕۆژنامەوانی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات، بەڕێوەچوو.

ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی ٩ی خەزەڵوەر، لە ناوەندی غەزەڵنووس لە شاری سلێمانیی کوردستانی باشوور، کۆڕێک بۆ ناساندن و پەردەلادان لەسەر کتێبی "هیچ دۆستێک جگە لە چیاکان"، بەڕێوەچوو.

"بێهرووز بووچانی"، نووسەری ئەم ڕۆمانە، لە ڕێگای ئێسکایپەوە و دوکتور "هاشم ئەحمەدزادە"، وەرگێڕی زمانی کوردیی ئەم ڕۆمانە، لەم کۆڕەدا بەشدار بوون.

کۆڕەکە بە کورتەفیلمێک لەسەر ژیاننامەی "بووچانی" لە دوورگەی "مانووس" و هەروەها ناساندنی کتێبەکەی دەستی پێكرد.

دواتر "بێهرووز بووچانی"، لە ڕێگای ئێسکایپەوە بەشداریی لە کۆڕەکەدا کرد و کورتەباسێکی لەسەر کتێبەکە و ژیانی خۆی لە دوورگەی مانووس، پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.

ناوبراو ڕایگەیاند کە چیدی لە دوورگەی مانووسدا نەماوە و لەوێ ڕزگاری بووە و ماوەیەکی تر کاروباری ڕێک دەخرێت و دەڕوات بۆ ئامریکا.

پاشان، دوکتور "هاشم ئەحمەدزادە"، وەرگێڕی ئەم ڕۆمانە بۆ سەر کوردیی سۆرانی، کورتەباسێکی لەسەر ئەم کتێبە و شێوازی نووسین و وەرگێڕانەکەی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.

ناوبراو وتی کە ئەم ڕۆمانە، بەسەرهاتی ڕاستەقینەی پەنابەرێکە کە بە نایاسایی زیندانی کراوە و هەروەها براوەی چەندین خەڵاتی گرینگە، لەوانە: "خەڵاتی نێونەتەوەیی ژیاننامە و خەڵاتی ئەدەبیی ویکتۆریای ئوسترالیا".

"بێهرووز بووچانی"، خەڵکی شاری ئیلام و نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌وانە. چوار ساڵ له‌مه‌و‌به‌ر تووشی گرفت بووە و ئیران و کوردستانی بەجێ هێشتووە و له‌م چوار ساڵەدا له‌سه‌ر ئه‌م که‌مپه کاری ڕۆژنامه‌وانی و مافی مرۆڤی کردووه و لە ڕۆژنامه نێونه‌ته‌وەییەکاندا وتاری بڵاو کردووەتەوە.

کۆڕەکە بە واژۆکردنی کتێبەکە لە لایەن وەرگێڕەوە، کۆتایی پێهات.