کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرت/ گرانی، دیاریی هەمیشەیی ڕێژیم بۆ خەڵکی ئێران

11:22 - 25 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: ڕەوتی  گرانیی شتومەکە سەرەکییەکان لە ئێراندا، ڕووی لە هەڵکشانە و خەڵکی ئێران و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەگەڵ کێشەی جیددی بەرەڕوو بوونەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، گرانی لە سیستمی ئابووریی ئێراندا، لە جێی کۆنتڕۆڵکردن، ڕووی لە هەڵکشان بووە و لە دوای پەسەندکردنی گەمارۆ ئابوورییەکانیش دژی ڕێژیمی ئێران، نرخی کەلوپەلە سەرەتایییەکان چەندین قات بەرز بووەتەوە.

دابەزینی بەهای ڕیاڵ لە بەرانبەر دۆلاردا، بە یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانی گرانبوونی نرخی خۆراک لە ئێراندا لە قەڵەم دەدرێت و لە ماوەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا، بەردەوام ڕیاڵ بەهای خۆی لەدەست داوە.

پارێزگاکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ئەگەرچی گونجاوترین شوێنی بەرهەمهێنانی خۆراکیان لە بەشی وەرزێڕی و ئاژەڵداریدا هەیە، بەڵام به هۆی نابەرپرسیارەتیی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران، بەشێک لە بەرهەمی خەڵکی کوردستان لەنێو دەچێت و ئەو بەشەکەی دیکەشی لە ڕووی ناچارییەوە هەرزانفرۆش دەکرێن.

لە بازاڕەکانی کوردستاندا، نرخی کەلوپەلی سەرەتایی وەک: گۆشت، برنج، ڕۆن، مریشک و شیرەمەنی بەردەوام ڕووی لە هەڵکشانە.

تەنیا لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردووە تا ئێستا، گرانیی ۵۱۱ لەسەدیی پیواز، ۲۲۸ لەسەدیی ڕوب، ۱۰۰ لەسەدیی شەکر، گرانیی ٣٣ لەسەدیی هێلکە و ۹۳ لەسەدیی ڕۆن، چەند نموونەیەکی بچووکن لەم هەڵکشانانە.

هەروەها هەندێک لە دوکانداران کەڵکاژۆ لەو دەرفەتە وەردەگرن و کەلوپەلی خۆراکی بە چەند قات گرانتر بە خەڵک دەفرۆشن؛ لە لایەکی دیکەوە گرانفرۆشی و نەبوونی چاوەدێریی بەسەر نرخی شتومەکەکان لە لایەن ڕێژیمەوە خۆی هۆکارێکە بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکان.

هاوکات کوردستانی ڕۆژهەڵات، ئەگەرچی وەک جەمسەرێکی بەرهەمی میوە ئەژمار دەکرێت، بەڵام نرخی میوە و تەڕەکاڵ لە بازاڕدا ڕێکۆردی هەیە. ئەوەش لە کاتێکدایە کە دووکانداران دەڵێن، ئەو نرخە لە دوکانێک بۆ دوکانێكی دیکە جیاوازه.

گرانبوونی سەرەکیترین پێداویستییەکانی خەڵک وەک نان، شیرەمەنی، قەند، چا و... کێشەیەکی زۆری بۆ خەڵک دروست کردووە. ئەو کێشانەش لە جێی چارەسەرکردنیان تەنیا لە نێوان وادە و بەڵێنیی کاربەدەستانی ڕێژیمدا هەڵاوسراو ماونەتەوە.

بە هۆی قەیرانە نێوخۆیییەکانی ئێران و بەتایبەتی قەیرانی ئابووری و گرانبوونی بەهای شتومەکەکان لە بازاڕەکان و گوشارەکانی سەر خەڵکی ئەو وڵاتە و کەمتەرخەمیی دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە هەمبەر دۆخی داسەپاو بە سەر ئێران، مانگی ڕەمەزانی ئەمساڵ بە براورد لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو زۆر دژوارتر بوو و گوشارەکانیش لەسەر خەڵک زۆر بەربڵاوتر بوو.

وێڕای ئەوەی کە گرانی و قەیرانەکان زۆر لەڕادەبەدەر باڵیان بەسەر ئێراندا کێشاوە، بەرپرسانی ڕێژیم لە جیاتی بەهاناوەچوونی خەڵکی لێقەوماوی وڵاتی ئێران و یارمەتیدانی خەڵکی هەژار و دابینکردنی پێداویستییەکانی لێقەوماوانی ئەو وڵاتە، پێداویستییەکانی وەکوو: برینج، مریشک، گۆشت، ڕۆن و...، ڕەوانەی وڵاتانی سووریە، لوبنان، یەمەن و ناوچەکانی فەلستین دەکات و ڕادەستی گرووپە میلیشیاییەکانی خۆی دەکات.