کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرت/ گەمارۆوەکانی ئامریکا و هەڕەشەکانی ئورووپا

12:33 - 19 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: لە نوێترین گەمارۆوەکانی ئامریکا دژ بە ڕێژیمی ئێران، ئامریکا کۆمەڵێک گەمارۆی نوێی بۆ سەر ڕێژیمی ئێران پەسەند کرد.

ڕۆژی چوارشەممە، ١٨ی بانەمەڕ، ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، بە واژۆکردنی بڕیارێکی نوێ، بەشی پیشەسازیی پۆڵا، ئاسن، ئالومینیۆم و مێسی ئێرانی خستە نێو گەمارۆوەکانەوە.

ترامپ لەم بڕیارەدا، کە کۆشکی سپی دەقەکەی بڵاو بووەتەوە، جەختی کردووەتەوە، کە هەموو ڕێگایەکی ڕێژیمی ئێران بۆ گەیشتن بە چەکی ناوکی و مووشەکی بالیستیک، دەبەستێت و هەروەها شەڕ و دژایەتیکردن لەگەڵ دزەکردنە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهاندا، لە سیاسەتەکانی ئامریکایە.

ناوبراو لە درێژەدا وتوویەتی: کە سەرچاوەکانی داهاتی ڕێژیمی ئێران وەک ئەو داهاتانەی کە لە هەناردەکردنی بەرهەمەکانی پیشەسازیی پۆڵا، ئاسن، ئالومینیۆم و مێس بەدەستی دەهێنێت، وشک دەکات، چونکە ڕێژیم لەم داهاتانە بۆ دابینکردنی بەشی ماڵیی گرووپە تێرۆریستییەکان و پشتیوانی لە پەرەسەندنی ئاژاوەگێڕیی لە ناوچەکەدا و دروستکردنی چەکی کۆمەڵکوژی، کەڵک وەردەگرێت.

لەم بارەوە وەزیری دەرەوەی ئامریکا وتوویەتی: "گوشاری لەڕادەبەدەری ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، سەرکەوتنێکی مێژوویی بەدەست هێناوە".

"پۆمپێئۆ" لە درێژەدا بە ئاماژەدان بەوەی کە ترامپ بە ‌تەحریمکردنی بەشی پیشەسازیی کانزایی ئێران، سێهەمین بەشی گەورەی هەناردەی ئێرانی کردووەتە ئامانج، وتی: "ئێمە ئەو سەرچاوانەی ڕێژیمی ئێران کە بۆ دابینکردنی پارەی تێرۆر کەڵکی لێ وەردەگرێت، وشکیان دەکەین".

سەرکۆماری ئامریکا، کە هەر لە سەرەتاشەوە دژی بەرجام بوو، ڕێکەوتی ١٨ی بانەمەڕی ساڵی ٩٧، لەو ڕێککەوتننامەیە هاتە دەرەوە و جگە لەوەی کە گەمارۆوە پێشووەکانی هێنایەوە، گەمارۆی نوێیشی بۆ سەر ڕێژیمی ئێران پەسەند کرد و باسی کردووە: کە سیاسەتی ئامریکا دژ بە چەکی ناوکی و دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی ڕێژیمی ئێران توندتر دەبێتەوە و ڕێگاکانی لێ دەبەستێت و ناهێڵێت ڕێژیم دەستی بە چەکی کۆمەڵکوژی بگات.

هەر لەم پەیوەندییەدا، دەوڵەتی فەڕانسە هۆشداریی داوەتە ڕێژیمی ئێران کە هەر جۆرە کردەوەیەکی دژ بە ڕێککەوتننامەی بەرجام لە لایەن ئەم ڕێژیمەوە ئەنجام بدرێت، سزاکانی فەڕانسەی بەدواوە دەبێت.

هەروەها سەرچاوەیەک لە کۆشکی ئێلیزەوە، ڕایگەیاندبوو، کە فەڕانسه ناچار دەبێت بۆ بەڕێوەچوونی ماددەکانی ئەم ڕێککەوتننامەیە، سەرلەنوێ  گەمارۆوەکان بگرێتە بەر.

ئەم کاردانەوەیان ئورووپا کاتێک هاتە ئاراوە، کە هەواڵدەریی حکوومەتیی ئیرنا، بەپێی بەیاننامەی فەرمیی شۆرای باڵای ئەمنییەتی ڕێژیم، نووسیبووی: "ئێران، ١٨ی بانەمەڕ، هەندێک لە بەڵێنییەکانی خۆی لە بەرجامدا وەلا دەنێت".