کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرت/ گەندەڵییەکانی ڕێژیم گەیشتووەتە لووتکە

11:29 - 28 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: لە دۆخی قەیراناوی و هەژاریی وڵاتی ئێراندا، گەندەڵیی کاربەدەستان و بەرپرسانی ڕێژیم گەیشتووەتە لووتکە.

وێڕای ئەوەی کە هەژاری لە ئێراندا هێڵی سووری بەزاندووە و خودی ڕێژیمیش دانی بەوەدا ناوە و لەم بارەیەشەوە لە ڕۆژانی ڕابردوودا، ناوەندی لێکۆڵینەوەی مەجلیسی ڕێژیم، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە لە ساڵی ۱۳۹۷ی هەتاویدا، بە هۆکاری بارودۆخی نالەباری ئابوورییەوە، زیاتر لە ۵۰ لەسەدی دانیشتووانی ئەو وڵاتە بەتەواوەتی لەژێر هێڵی هەژاریدا بوون. بەڵام بەپێی بەراوردە بەراییەکان و بە هۆی پەرەسەندنی قەیرانە نێوخۆییەکانی ئێران و بەتایبەتی هەڵاوسانی ئابووری، ساڵی ۹۸ی هەتاوی، ڕێژەی هەژاری لە وڵاتی ئێراندا لە سنووری ۷۱ لەسەد تێپەڕ دەبێت و بەم بۆنەشەوە ئەرکێکی گرنگی حکوومەتە کە پێداویستییەکانی ژیان دابین بکات و یارمەتیی ئەو خەڵکە هەژارە بدات.

جیا لەوەی کە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران هیچ یارمەتییەکی خەڵکی لێقەوماو و هەژاری ئێران نادەن، بەڵکوو هەموو دارایی و سەرچاوەکانی داهاتی ئەو وڵاتە بە تاڵان دەبن و تەنانەت سەرەڕای ئەوەی کە ڕێژیم بەردەوام دروشمی مەرگ و نەمان بۆ ڕۆژاوا و ئامریکا دەدات، منداڵانی هەموو بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە بە پارەی داهاتی خەڵکانی ئێران و دارایی ئەو وڵاتە، لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی و بەتایبەتی کانادا و ئامریکا، باشترین ویلا و کۆشکیاون کڕیوە و ژیانێکی خۆشیان هەیە.

بەو حاڵەشەوە، جیا لەوەی کە ئەو ڕێژیمە بە پارەی خەڵکی ئێران، چەک و کەرەستەی سەربازی دروست دەکات و هەوڵ بۆ دروستکردنی چەکی کۆمەڵکوژیش دەدات، یارمەتیی هەموو گرووپە تێرۆریستییەکانی ناوچەکە و جیهانیش دەدات. ڕێژەی گەندەڵی، دزی و تاڵانی دارایی وڵاتی ئێران لە لایەن گەورەبەرپرسانی ڕێژیم بەردەوامە و ڕێبەری ئەو ڕێژیمە بە تەنیا، ساڵانە زیاتر لە ۲۵ لەسەدی دارایی وڵاتی ئێران بۆ خۆی تەرخان دەکات.

گەندەڵیی بەرپرسانی ڕێژیم، لە سەرەوە بۆ خوارەوە شۆڕ بووەتەوە، یان بە واتایەکی تر بۆ بەرپرسانی خوارەوەی ئەو ڕێژیمە لە پارێزگا، شار و ناوچەکانی تری ئێران و بەتایبەت لە کوردستانی ڕۆژهەڵات باڵی کێشاوە. گەندەڵییەکانی ئەو بەرپرسانە گەیشتووەتە ئاستێک کە تەنانەت خودی ڕاگەیاندن و میدیاکانی ڕێژیمیش توانایی چاوپۆشی‌کردنیانی نییە و لەم پەیوەندییەشدا لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگی ڕابردوودا، هەواڵی گەندەڵیی چەندین کاربەدەستی دەسنیشانکراوی ڕێژیممان لە پارێزگای ئیلامی کوردستانی ڕۆژهەڵات، بڵاو کردەوە.

هەر لەم پەیوەندییەدا، بەشی فارسیی لاپەڕەی فەرمیی تێلێگرامی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئامریکا، بە بڵاوکردنەوەی تراکێک لە گەندەڵیی یەکێک لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بە ناوی "سەفدەر حوسێنی"، ڕایگەیاندووە: "ئاشکرا کراوە کە لە کاتێکدا سەفەدەر حوسێنی، بەرپرسی سندووقی پەرەپێدان و گەشەکردنی میللیی ئێران بووە، مانگانە زیاتر لە ۲۳ هەزار دۆلار مووچەی وەردەگرت، ئەم بڕە مووچەیەش چەندین بەرانبەری مووچەی مانگانەی پێرسۆنێلێکی سادەی خودی ئەو ڕێژیمەیە".

نموونەی ئەم گەندەڵییانە لە کاتێکدایە کە گەڵاڵەی یارانەکان کە ڕێژیم مانگانە بە خەڵکی ئەو وڵاتەی دەدات، تەنیا ٤۵۰۰۰ تمەنە و بەهای ۳ کیلۆ تەماتەیە، هەروەها مووچەی کرێکارانیش لە ئێراندا بە ڕێژەیەکی زۆر دابەزیوە و مووچەی مانگانەی هەر کرێکارێکی ئێرانی لەو وڵاتەدا، ۹۰۰ هەزار تاکوو یەک میلیۆن تمەنی ئێرانییە و هیچ دەردێکی کرێکاران دەرمان ناکات.