کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرت/ ئیسرائیل جارێکی دیکەش هێرشی کردە سەر سووریه

12:10 - 18 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: فڕۆکە شەڕکەرەکانی وڵاتی ئیسرائیل بۆ جارێکی دیکەش هێرشیان کردە سەر بنکە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئەسەد لە سووریه، بەڵام لە زیانی گیانی و ماددیی ئەو هێرشە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییه.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی سووریە، شەوی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٧ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، بڵاویان کردەوە، کە فڕۆکە شەڕکەرەکانی وڵاتی ئیسرائیل فڕۆکەخانەی "T4" هەڵکەوتوو لە ڕێفی ڕۆژهەڵاتی حومسیان کردووەتەوە ئامانج.

تەلەفزیۆنەکانی سووریە هیچ زانیارییەکیان لە بارەی زیانەکانی ئەو هێرشە بڵاو نەکردووەتەوە و ئیدعایان کردووە، مووشەکانی ئیسرائیل پێش ئەوەی ئامانجەکان بپێکن، تەقێندراونەتەوە.

ئەرتەشی ئیسرائیل لە بارەی ئەو هێرشە هەتا ئێستا هیچ زانیارییەکی بڵاو نەکردووەتەوە، بەڵام هەواڵدەریی "ئاسۆشیتێدپرێس" باسی لەوە کردووە، مەبەسەتی ئەو هێرشەی ئیسرائیل هێزەکانی ڕێژیمی ئێران و میلیشاکانی سەر بەو ڕێژیمە لە سووریە بووە.

لە ماوەی ڕابردوودا مشتومڕەکان لە نێوان وڵاتانی ناوچەدا بۆ دەرکردنی ڕێژیمی ئێران توندتر بووەتەوە و ئیسرائیل پێداگری دەکات، که دەبێ ڕێژیمی ئێران لە سووریەدا جێگیر نەبێت.

لەو بارەیەوە، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٧ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، "ئەمیرحوسێن عەبدوڵڵاهیان" ڕاوێژکاری تایبەتی مەجلسیی ڕێژیمی ئێران لە کاروباری نێودەوڵەتیدا، باسی لەوە کردووە، کە ئێران لە سووریەدا دەمێنێتەوە و درێژە بە کارەکانی خۆی دەدات.

لە ماوەی ڕابردوودا، ئیسرائیل چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر خاکی سووریه و لەو هێرشانەدا چەندین شوێنی نیزامی کە بنکەی هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بوونە، کراونەتە ئامانج و ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی سپای پاسداران کوژرا و بریندار بوون.

ڕێژیمی ئێران بەڵێنی داوە، کە تۆڵەی ئەو هێرشانەی ئیسرائیل لە کات و دەرفەتی گونجاودا دەکاتەوە.

بەرپرسانی ئیسرائیل، پێشتریش چەندین جار لە جێگیربوونی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە سووریە ڕەخنەیان گرتبوو و لە دروستبوونی "بەرەیەکی نوێ" بە دژی وڵاتی ئیسرائیل لە گوڵان لە لایەن ئەو ڕێژیمە و حیزبوڵڵاوە نیگەرانی خۆیان دەربڕیبوو.

پێشتریش به‌رپرسی "مووساد" باسی لەوە کردبوو، ڕێژیمی ئێران له ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوەڕاست له ئاژاوەنانه‌وه ‌و پاڵپشتیکردنی گرووپه تێرۆریستییه‌کان ڕۆڵی سه‌ره‌کی هه‌یه و به‌ به‌رده‌وامی له هه‌وڵدایه ده‌سه‌ڵاتی خۆی له ناوچه‌که‌دا به‌ربڵاوتر بکاتەوە.

ئیسرائیل لەو راستایەدا زیاتر لە ٢ میلیارد دۆلاری تەرخان کردووە و بەرپرسانی ئیسرائیلی بەردەوام هەڕەشەی ئەوە دەکەن، کە بە هیچ شێوەیەک ئیزنی بەهێزبوونی ڕێژیمی ئێران و مانەوەی لە سووریەدا نادەن.

"عاموس گیلاد" بەرپرسی پێشووی دەفتەری ئەمنییەتی دیپلۆماتیکی وەزارەتی شەڕی ئیسرائیل، رایگەیاندووە: "ئیسرائیل پێداگرە لەسەر ئەوەی کە بە هیچ شێوەیەک ئیزنی ئەوە نەدات، کە ڕێژیمی ئێران لە سووریەدا خۆی بەهێز بکات".

ناوبراو هەروەها باسی لەوە کردبوو، ئیسرائیل بۆ هێرشبردنە سەر بنکە و دامەزراوەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە، ئیزن لە ڕووسیە یان لایەنێکی دیکە وەرناگرێت.

هەر لەو پێوەندییەدا، "بنیامین نێتانیاهوو" بڕیارە سەردانی ڕووسیە بکات و لە بارەی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریەدا لەگەڵ "ولادێمیر پووتین" کۆ ببێتەوە.

مانگی بانەمەڕێ ئەمساڵ، یەک ڕۆژ دوای ئەوەی کە "ولادێمیر پووتین" سەرکۆماری ڕووسیە داوای کرد هێزه بیانییەکان سووریه بەجێ بێڵن، ئەلکساندێر لاوڕۆنتیڤ"، کە نوێنەری تایبەتی پووتین بۆ کاروباری سووریەیە جەختی کردووەتە، کە ئەو بڕیارە هێزەکانی ڕێژیمی ئیران و حیزبوڵڵاش لە خۆ دەگرێت و دەبێ هێزە بیانییەکان لە سووریه بکشێنەوە.

ڕێکەوتی ٩ی جۆزەردانی ئەمساڵ، ڕۆژنامەی "تایمز ئاف"ـی ئیسرائیل لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، کە ئیسرائیل و ڕووسیه بە نیسبەت بوونی هێزەکانی ئێران لە سووریەدا بە ڕێککەوتنێک گەیشتوون و بەپێی ئەو ڕێكکەوتنە، دەبێ هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە سنوورەکانی ئیسرائیل دوور بن.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتبوو، کە بەپێی ئەو ڕێكکەوتنە، ئیسرائیل بە گەڕانەوەی هێزەکانی ڕێژێمی سووریە بۆ سەر سنووری بەرزایییەکانی گوڵان ڕازی دەبێت و لە بەرامبەر ئەوەشدا، ڕووسیە دەبێت زەمانەتی ئەوە بکات کە هیچ هێز و میلیشیایەکی سەر بە ڕێژیمی ئێران، وەکوو حیزبوڵڵای لوبنان لە ناوچەکەدا نەمێنێت.

لە سەرەتای شەڕی نێوخۆییی سووریەوە، کە لە ساڵی ٢٠١١ـەوە لە نێوان ڕێژیمی ئەسەد و گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە سەری هەڵداوە، زیاتر لە ٣٠٠ و ٧٠ هەزار هاووڵاتیی سووریەیی کوژراون و زیاتر لە نیوەی خەڵکی ئەو وڵاتە ئاوارە بوونه، ڕێژیمی ئێران بە هەموو توانایەکەوە بەرگری لە ڕێژێمی بەشار ئەسەد دەکات و وێڕای دابینکردنی چەکوچۆڵ، شانبەشانیشی شەڕ دەکات.