کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرت/هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ڕێژیمی ئێران لە سووریە چوونەتە قوناغێکی نوێیەوە

12:51 - 3 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ڕێژیمی ئێران لە خاکی سووریەدا، چوونەتە قوناغێکی نوێیەوە و ئەگەری شەڕێکی گەورە و قورس لە نێوان ئیسرائیل و ڕێژیمی ئێران لە ساڵی نوێی زایینیدا لە ئارادایە.

لە ڕۆژانی یەکشەممە، ۳۰ی بەفرانبار و دووشەممە ۱ی ڕێبەندان، هێزەکانی سپای ئیسرائیل لە هێرشێکی چڕوپڕ و بێوێنەدا مۆڵگەکانی هێزە تیرۆریستییەکانی ژێر فەرمانی لقی قودسی سپای تیرۆریستی پاسداران بەتایبەتی هێزی "فاتمیوون" کە لە ئەفغانستانییەکانی دانیشتووی ئێران پێک هاتوون، حیزبوڵای لوبنان و هێزەکانی بەشار ئەسەد کە ڕاستەوخۆ لە لایەن فەرماندەکانی سپای تیرۆریستی پاسدارانەوە فەرماندەیی دەکرێن، کردووەتە ئامانج و هێز و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی ڕێژیم زیانێکی گیانی و سەربازیی زۆریان بەرکەوتووە و بەرپرسانی ئیسرائیل بۆ یەکەمجار ڕاستەوخۆ ئەو هێرشانەیان بە ئەستۆ گرتووە.

شەوی یەکشەممە ۳۰ی بەفرانبار، فڕۆکە شەڕکەرەکانی سپای ئیسرائیل بە چڕی بنکەکانی لقی قودسی سپای تێرۆریستیی پاسداران و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی تری ڕێژیمی ئێرانیان لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی شاری دمشق پێتەختی وڵاتی سووریەیان بۆردمان کرد و بۆ یەکەمجار بە فەرمیی سپای ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەو هێرشەی بە ئەستۆ گرت و لە ئەگەری هەر چەشنە دژەکردەوە و وڵامدانەوەیەک بەو هێرشانەی ئیسرائیل لە خاکی سووریەدا، ئاگاداری بە هەموو هێزە چەکدارەکانی بەشار ئەسەد و ڕێکخراوەکانی ڕێژیمی ئێران دا.

چەند کاتژمێر پاش هێرشی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەکانی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریەدا، مووشەکێک لە خاکی سووریەوە ڕەوانەی بەرزاییەکانی چیای سنووریی "حەرموون" لە نێوان ئیسرائیل و سووریە دەکرێت و بەرلەوەی بگاتە ئامانجی دیاریکراوەکەی لە لایەن سیستەمی دژەمووشەکی "گومەزی ئاسنینـ"ـی سپای ئیسرائیلەوە لە چیای  "گوڵانـ"ـی سووریەوە تێکشکێندراوە، لە ئاکامی لێکۆڵینەوە سەربازیی ئیسراییل، دەرکەوت کە مووشەکی زەوین بە زەوینی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانە و لە لایەن سپای قودسەوە هاوێژراوە.

پاش ئەو شەڕ و پێکدادانەی شەوی یەکشەممە، هێزەکانی سپای ئیسرائیل، بە چڕوپڕی هێرش دەکەنە سەر زۆربەی مۆڵگەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی تری ڕێژیمی ئێران لە سووریە و چەندین مۆڵگەی گرینگی ڕێژیمی ئێران وەکوو مۆڵگەی کۆکردنەوەی زانیاریی هێزەکانی لقی قودسی سپای تێرۆریستیی پاسداران، مۆڵگەی ڕاوێژکاریی فەرماندە و بەرپرسانی ڕێژیم لە سووریە و چەندین کۆگای چەک و تەقەمەنیی سپای قودس وێران دەکرێن، هەروەها سیستەمە دژە مووشەکییەکانی سووریەش کە بەرگریان لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریەدا کردووە، تێک دەشکێندرێن.

لە ئاکامی هێرشە ئاسمانییەکانی سپای ئیسرائیل بۆ سەر هێز و ڕێکخراوەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریەدا، زیانی گیانیی و سەربازیی زۆر بەر ڕێژیمی ئێران کەوتووە و هێزەکانی "بەشار ئەسەد"ـیش زیانێکی بەرچاویان پێ گەیشتووە، هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ڕێژیمی سووریە ئەو دوو هێرشەی ئیسرائیل بۆ سەر ڕێژیمی ئێران لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بە چڕوپڕترین ئۆپراسیۆن و بێوێنەترین هێرشی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ڕێژیم لە سووریەدا دەزانن.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان لە ئاکامی هێرشەکەی شەوی دووشەممە، زیاتر لە ۲۱ تێرۆریستی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران کوژراون، کە ۶ کەسیان سەربە هێزەکانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد بوون و ۱۲ کەسیان سەر بە هێزەکانی لقی قودسی سپای تێرۆریستی پاسداران بوون و ۳ کەسیان هێشتا ڕوون نییە کە سەربە کام ڕێکخراوی ڕێژیمن.

چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە ڕایگەیاند، لە ‌هێرشەکانی ئەم دواییانەی ئیسرائیل لە سووریە، کۆگاکانی چەک و تەمەنیی و مۆڵگە دروستکراوەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران کراونەتە ئامانج.

هەواڵدەرییەکانی وڵاتی ئیسرائیل ڕایانگەیاند، ئەگەری هەیە لە ڕۆژانی داهاتوودا دۆخی ئەمنییەتیی و سەربازیی ئەو ناوچەیە ئاڵۆزتر ببێتەوە، فەرماندەی هێزەکانی سپای ئیسرائیل بڕیاری داوە، کە بەرزایییەکانی چیای "حەرموون" کە لە نێوان سنووری وڵاتانی ئیسرائیل و سووریە هەڵکەوتووە و شوێنی یاری ئێسکییە، چۆڵ بکرێت.

شارەزایانی سەربازیی و چاوەدێرانی سیاسیی پێیان وایە، کە شەڕی نێوان ئیسرائیل و ڕێژیمی ئێران چووەتە قوناغێکی نوێ و هەستیارەوە، ئەگەری شەڕێکی گەورە و قورس لە نێوان ئیسرائیل و ڕێژیمی ئێران لە ساڵی نوێی زایینیدا لە ئارادایە.