کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرت/ڕێژیمی ئێران لە عێراق هەوڵەکانی خۆی بە دژی ئامریکا چڕتر کردووەتەوە

15:57 - 16 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران لە عێراق هەوڵەکانی خۆی بە دژی مانەوەی هێزەکانی ئامریکا لەو وڵاتە چڕتر کردووەتەوە و ئەمەش دەبێتە هۆی دووبەرەکی لە نێوان بەرپرسانی وڵاتی عێراق.

ڕێژیمی ئاژاوەگێڕی ئیسلامیی ئێران لە ترسی هەڕەشەکانی ئامریکا، لە ڕێگای میلیشیاکانی خۆیەوە لە عێراق هەوڵەکانی دژ بە مانەوەی هێزەکانی ئامریکا لەو وڵاتە چڕتر کردووەتەوە و ئەم هەوڵانەی ڕێژیمی ئێران دووبەرەکی خستووەتەوە نێوان بەرپرسان عێراقەوە، ڕێژیم لەم پەیوەندییەدا لە ڕێگای باڵوێزی خۆیەوە لە عێراق ڕاستەوخۆ هاتە دەنگ و پاڵپشتی لە میلیشیاکانی خۆی دژ بە کاربەدەستانی عێراق کرد و ناڕەزایەتیشی لەهەمبەر جێگیربوونی هێزەکانی ئامریکا دەربڕی.

ڕۆژی یەکشەممە ۱٤ی ڕێبەندان، "حەسەن کەعبی"، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی پارلەمانی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا ڕووبە قسەکانی "دانڵد ترامپ" سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، بە توندی هەڕەشەی لە مانەوەی هێزەکانی ئامریکا کرد و ڕایگەیاند: لە دەسپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی وەرزی دووهەمی پارلەمانی عێراق، کار لە سەر پرۆژەیاسایەک بۆ دەرکردنی هەموو هێزەکانی ئامریکا لە سەرانسەری عێراق و کۆتاییهێنان بە ڕێککەوتنی ئەمنییەتیی نێوان عێراق و ئامریکا، دەکەین.

ڕۆژێک پاش هەڕەشەکانی حەسەن کەعبی، واتە ڕۆژی دووشەممە ۱۵ی ڕێبەندان، "محەمەد حەلبووسی" سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی پارلەمانی عێراق، لە سەر قسەکانی حەسەن کەعبی، ڕایگەیاند؛ سەبارەت بە ڕێککەوتنی نێوان واشنگتۆن و بەغدا و دیاریکردنی ڕێژەی مانەوەی هێزەکانی ئامریکا لە عێراق، پرۆژەیاسایەک بە ۵۲ واژۆی پارلەمانتاران بەدەستمان گەیشتووە کە ڕادەستی پارلەمانی بکەین.

ناوبراو لەمبارەیەوە لە پانێلێکی تەلەفزیۆنیدا، وتی: "پارلەمانی عێراق بە هاوئاهەنگی لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کار بۆ بەدەستهێنانی زانیاری لەسەر ئاستی پێویستیی وڵاتەکەمان بە هێزە بیانییەکان، دەکەن. عێراق هێشتا پێویستی بە هێزە سەربازییە بیانییەکانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تێرۆر و دەبێت کۆمەڵگای نێونەتەوەیی پێبەند بە بەڵێنەکانی بێت کە لەڕووی سەربازییەوە یارمەتی عێراق بدات".

هەر لەمبارەوە، لایەن و گرووپە شیعەکانی ناو حەشدی شەعبی سەربە ڕێژیمی ئێران، وەکوو هاوپەیمانی سائروون، هاوپەیمانی نەسر، گرووپی عەسایبی ئەهلی حەق، گرووپی کوتلیەی سادقیون و هەروەها کەتیبەی حیزبوڵای عێراق، بە هاندانیان لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بە توندی بەرەنگاری قسەکانی دانڵد ترامپ بوونەوە و هەڕەشەیان لە مانەوەی هێزەکانی ئامریکا لە عێراق کردووە، لەمبارەیەشەوە گوشاریان خستووەتە سەر ئەنجومەنی نوێنەرانی پارلەمانی عێراق کە پرۆژەیاسای دەرکردنی هێزەکانی ئامریکا پەسەند بکرێت.

هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران تەنیا لە ڕێگای میلیشیاکانی خۆیەوە لە عێراق کۆتایی پێ نایەت و باڵوێزی ڕێژیم لە بەغدا ڕاستەوخۆ هاتە دەنگ و وێڕای ئاماژەدان بەوەیکە ئامریکا نابێت عێراق بکاتە بنکەیەکی سەربازیی خۆی، ڕایگەیاند؛ ئەوەی تایبەت بێت بە پرسە ناوخۆییەکانی عێراقەوە، تەنیا عێراق خۆی لێی بەرپرسیارە بۆیە قسەکانی ترامپ هیچ بایەخێکیان نییە.

ئیرەج مەسجەدی، باڵوێزی ڕێژیم لە عێراق، لە سەر قسەکانی دانڵد ترامپ بۆ هەڵوەشاندنەوەی میلیشیا چەکدارەکانی ناو عێراق، وتی: "هەرکەس باسی هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی بکات بۆ خۆی وتوویەتی، چونکە ئەو هێزانە بەشێکن لە هێزە چەکدارەکانی دەوڵەتی عێراق و ئەو پرسەش تەنیا پرسێکی ناوخۆیی حکوومەتی عێراقە".

بەپێی ئامارە نافەرمییە بڵاوکراوەکان، ڕێژەی سەربازانی ئامریکا کە لە عێراق جێگیربوونە، ۵۵۰۰ سەربازن و لە ۷ بنکەی هێزە سەربازییەکانی ئامریکا لە سەرانسەری وڵاتی عێراق کە بریتین لە، سەربازگەکانی عەین ئەلئەسە و حەبانییە لە پارێزگای ئەنبار، بەلەد لە پارێزگای سەلاحەدین، گەیارە لە پارێزگای مووسڵ، تاجی و ڤیکتۆر لە بەغدای پێتەخت و سەربازگەی کەیوان لە پارێزگای کەرکووکی باشووری کوردستان، جێگیر کراون.