کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەروەوەی ئامریکا سەبارەت بە پێشلکارییەکانی ئازادی لە جیهان

12:12 - 22 جۆزەردان 2720

"مایک پۆمپێۆ"، وەزیری دەوەوەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لە ڕاپۆرتێکی ساڵانەی ئەو وڵاتەدا، باسی لە پێشێلکارییەکانی ئازادیی مەزهەبەکان لە جیهان و ئێراندا کرد.

وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لەو ڕاپۆرتەدا، باسی لە پێشلکارییە مەزهەبییەکان لە ئێران کردووە وو خوازیاری ئازادکردنی هاووڵاتییانی ئامریکایی بە بارمتەگیراو لە ئێراندا کرد.

لەو ڕاپۆرتەی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، کە ٣٣ لاپەڕەی بۆ پێشلکاریی ئازادییە مەزهەبییەکان لە ئێراندا تەرخان کراوە، باس لەو بەربەستانە دەکات کە لە یاسای کۆماری ئیسلامی بۆ پەیرەوانی کەمینە ئایینییەکان و یان ئەو کەسانە کە بێدینن تەرخان کراوە.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە؛ ئێران لە ژێر ناوی "دژایەتی لەگەڵ خودا" یان "پرۆپاگەندە دژی ئیسلام" ژمارەیەکی زۆر لە دژبەرانی، یان کەسانێک که خوازیاری چاکسازیی سیاسیین و کەسانێک کە بە شێوەی ئاشتیخوازانە ناڕەزایەتی دەردەبڕن، مەحکووم و  لە سێدارەیان دەدات".

ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، ئاماژە بە هەڵسووکەوتی نەشیاو لەگەڵ یارسانییەکان، دەروێشی گونابادی و سونییەکان دەکات.

ئەو ڕاپۆرتە، باس لە دەسبەسەر و بێسەرشوێنکردنی چالاکان و ڕێبەرانی یارسانی (ئەهلی حەق) دەکات کە بەهۆی هەڵسووکەتی نەشیاوی حکوومەتی لەگەڵ ئەوان تووشی چەرەمەسەری و هەڵاواردن لە ئێراندا بوونەتەوە.

ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، هەروەها ئاماژە بە یاساکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە سزای لە سێدارەدانی "ناموسڵمانەکان کە موسڵمانی دیکە بۆ سەر دینەکەی خۆیان بانگهێشت دەکات، ساڵی ٢٠١٩، ئێعدام‌کردنی هاووڵاتییانی خۆی لە ژێر ناوی "دژایەتی لەگەڵ خودا" درێژە پێی دەدات.

هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا، ئاماژە بە ڕێکخراو و ناوەندە غەیرە دەوڵەتییەکان لە ئێران کراوە کە ژمارەیەکی زۆریان لە زیندانییانی سوننی مەزهەبی ئێعدام کردووە و هەروەها بۆ وەرگرتنی دانپینانی زۆرەملی و دەسپێڕانەگەیشتنیان بە ڕاوێژکاری حقووقی، نیگەرانی دەربڕیووە.

ئەو ڕاپۆرتەی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئامریکا سەبارەت بە ئازادییە مەزهەبیەکان لە ئێران لە ساڵی ٢٠١٩زایینی، ناوی زۆرێک لە دەسبەسەر کراوەکان لە کۆماری ئیسلامی باس کردووە و یەک لەوانە گۆرانی‌بێژێکی کورد بە ناوی "پەیمان میرزازادە" کردووە کە بە تۆمەتی "بێڕێزی بە پێغەمبەر" و خواردنەوەی مەشرووب دەسبەسەر و بە دوو ساڵ زیندانی و لێدانی ١٠٠ قامچی مەحکووم کردووە.