کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠٢١ی لێبووردنی نێونەتەوەیی: لە ئێران هەروا سەرکوت، ئەشکەنجە و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ بەردەوامە

11:04 - 10 خاکەلێوه 2722

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا وتوویەتی کە لە ساڵی ٢٠٢١ هەزاران کەس لە ئێران بەپێچەوانەی یاسا و ڕێساکان دەسبەسەر و لێکۆڵێنەوەیان لێ کراوە و هێزە ئەمنییەکان لە ڕێگای سەرکوت و کوشتاری مەرگهێنەر و گولـلەی ساچمەیی بۆ سەرکوتی خۆپیشاندانەکان کەڵکیان وەرگرتووە.

لە ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی لەبارەی ئێران هاتووە کە لە ساڵی ڕابردووی زایینی سەدان کەس لە ئێران بە شێوەی نادادپەروەرانە لە زینداندا ماونەتەوە و کەمایەتییە نەتەوەیی و مەزهەبییەکان هەروا لەگەڵ هەڵاواردن و توندوتیژی بەرەوڕوون.

لە ڕاپۆرتی ئەو ڕێکخراوەدا هاتووە، بە شێوەی بەربڵاو و سیستماتیک ئەشکەنجە و هەموو هەڵسوکەوتە زاڵمانە و نامرۆڤانە، یەک لەوان بێبەشکردنی زیندانییان لە پێڕاگەیشتنی پزیشکیی گونجاو، کەمترخەمی لە دابینکردنی واکسەنی کۆرۆنا، بڕینی ئەندامی لەش و کوێرکردنی چاو لەلایەن بەرپرسانی دادوەریی ڕێژیمی ئێران بەردەوامە.

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی هەروەها جەختی کردووەتەوە کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بە شێوەی بەربڵاو لە سزای ئێعدام وەکوو کەرەستەیەک بۆ سەرکوت کەڵک وەردەگرێت.

ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییە وەکوو نەموونەیەک لە پاراستنی سیستماتیکی جینایەت دژی مرۆڤایەتی لە ئێران نووسیویەتی کە ''ئیبراهیم ڕەئیسی'' سەرۆکی پێشووی دەزگای دادی ڕێژیمی ئێران بە جێگای ئەوەیکە بەهۆی جینایەت دژی مرۆڤایەتی و ئێعدامەکانی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی لێکۆڵینەوەی لێ بکرێت، لە جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی بوو بە سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران.

لێبووردنی نێونەتەوەیی باسی لەوە کردووە کە لە دۆخێکدا کە گەمارۆکانی ئامریکا دژی بەرنامەی ناوکیی ئێران، تەشەنەسەندنی کۆرۆنا و گەندەڵی، قەیرانی ئابووریی ئێرانی قووڵتر کردووەتەوە و مانگرتن و خۆپیشاندانی بەربڵاو لە ئارادا بوو، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە هەموو بوارەکانی ژیانی خەڵک  کەمترخەمییان کردووە.

هەڵاواردن دژی نەتەوەکانی وەکوو کورد، عەرب، ئازەری، بەلووچ، تورکەمەن لەلایەن ڕێژیمی ئیرانەوە، بەشێکی دیکە لە ڕاپۆرتی ساڵانەی ئەو ڕێکخراوەیەیە.

هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا باس لە گوشار بۆ سەر ڕۆژنامەوانان لە نێوخۆ و دەرەوە کراوە.

لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاپۆرتەدا هەڵاواردن و توندوتیژی دژی ژنان و پێشێلکردنی مافەکانیان هاتووەتە بەر باس.