کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی میدیاکانی ئیسرائیل: هەستەیەکی تێرۆریستی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە ئەفریقا لە نێو برا

11:57 - 6 بانەمەڕ 2719

 کوردستان میدیا: میدیا ئیسرائیلییەکان لە ڕاپۆرتێکدا ڕایانگەیاندووە، کە گرووپی «سرایا الجهاد» کە لە لق و پۆوەکانی حەشدی‌ شەعبییە و ڕێژیمی ئێران پشتیوانی لێ دەکات، لە کۆماری چاد لە نێو برا.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، "عەلی پرهوون"، لە هێزی قودسی سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی، پشتیوانیی ئابووری و سەربازیی ئەم گرووپەی لە ئەستۆ بووە.

لەم ڕاپۆرتەدا، زانیاری و وێنەی ئەو کەسانە بەتایبەت وێنەی "عەلی پرهوون"، لە یەکەی ٤٠٠ی هێزی قودسی سپای پاسداران، کە لە ئەفریقادا خەریکی کاری تێکدەرانە بوون، بڵاو کراوەتەوە.

کاناڵی نێونەتەوەیی ئیسرائیل، ئای ٢٤ نیوز، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، کە "میشێل جوتودیا" بڕی پارەی ١٥٠ هەزار دۆلاری لە ئێران وەرگرتووە و ئەرکی پێ ئەسپێردراوە هێزگەلێک ڕاکێشێت و چەکداریان بکات، تاکوو هێرش بکاتە سەر ئامانجەکانی ڕۆژاوایی لە ئەفریقا. ئەم ڕاپۆرتە دەڵێت: هێرش بۆ سەر ئامانجگەلێک لە چوار وڵاتی ئەفریقایی، بەم گرووپە ئەسپێردرابوو.

"ئیسماعیل محەمەد جایا"، ڕێبەری کاتیی ئەم گرووپە کە دەسبەسەر کراوە، وتوویەتی: «ئێرانییەکان داوایان کرد کە میشێل بۆ ئەوان شەڕکەر پەروەردە بکات و ئەوان چەکی کڵاشیان بۆمان نارد. بەشێک لە ئەندامانمان لە گرووپی میلیشیایی سیلیکا بوون".

هەر لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە: کە دوای دەسبەسەرکردنی ئەندامانی ئەم گرووپە و هەستە ناوەندییەکەی، ٢٥٠ هەزار دۆلار پارە، دەستی بەسەردا گیراوە.