کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی مەیدانی لەسەر بەناو هەڵبژاردنەکان لە کوردستان

19:19 - 28 جۆزەردان 2721

بەپێی دوایین زانیاری و هەواڵەکانی پێوەندیدار بە پڕۆسەی بەناو هەڵبژاردنەکان لە کوردستان، لە زۆربەی شارەکاندا سەرباری زاڵکردنی کەشی ئەمنیەتی و پۆلیسی و هەوڵدانی ناوەندە ئەمنیەتییەکان بۆ بەشداری پێکردنی زۆرەملێی خەڵک لەم شانۆگەرییە خەڵک ئامادە نین بەشداری لە پڕۆسەی ڕەوایی بەخشین بە ستەمکارییەکان ببن.

بەپێی هەواڵەکان بەشی زۆری خەڵک لە سەرەتای بەیانییەوە ڕوویان لە داوێنی ژینگە بۆ سەیران کردن کردووە یان لە ماڵەکانیاندا ماونەتەوە و وەک ڕۆژێکی ئاسایی لە نێو بنەماڵەکەیاندا ماونەتەوە.

دواڕاپۆرت و هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە ڕێژەی بنکەکانی دەنگدان سەرباری ئەوەیکە کەمتر لە ساڵانی ڕابردوون تاکوو بەمشێوەیە خەڵکێکی زۆرتر لە فیلمەکاندا دەرکەون بەڵام چۆڵ و هۆڵن و لە یەک دوو کەس زیاتر هیچ کەسێک بەشداری لە شانۆگەرییەکەدا نەکردووە.

لە گەڕەکی کوردنشینی تەرەزلووی ورمێ خزم و بنەماڵەی دوو ئەندامی دەورەی پێشتر کە بریتین لە عادڵ فەتاحی و عەبدولڕەحمان نەقشین، بەربژێری دەورەی ئێستا لە بەر دەرگای مزگەوتەکە کۆ بوونەتەوە و داوا لە خەڵک دەکەن کە بەشداری بکەن بەڵام خەڵکەکە هەر جارەو بە بیانوویەک خۆیان لەم سەرشۆڕییە بواردووە.

بەپێی ڕاپۆرتێک لە شاری ورمێ‌وە ئەگەرچی لە ڕۆژانی ڕابردوودا جاش و بەکرێگیراوەکان پڕوپاگەندای ئەوەیان دەکرد کە خەڵکی کورد لەم شارە دەبێ دەنگ بدەن تا کوردستانی بوونی ورمێ بسەلمێ بەڵما نەتەنیا ڕێژەی بەشداری خەڵکی کورد زۆر کەم بووە بەڵکوو تەنانەت ئازەرییەکانیش بە ڕێژەیەکی زۆر کەم بەشدارییان کردووە.

ئاستی بەشداری خەڵک لە پارێزگای ورمێ و بەتایبەت لەو شار و ناوچانەی کە کورد و ئازەری پێکەوە دەژین و ڕێژیم کیسەی بۆ هەڵدووریبوو کە لە جیاوازییە ئیتنیکییەکان کەڵک وەربگرێ بۆ بەشداری پێکردنی خەڵک، دەبینین کە کەمترین ڕێژەی بەشداری تۆمار کراوە و وای کردووە کە کاناڵەکانی سەر بە ڕێژیم بکەونە پاڕانەوە لە خەڵک و هەولدان بۆ ورووژاندنی هەستی خەڵک لەمەڕ بەشداری.

هەر لەم چوارچێوەیەدا ڕێژیم لە هەندێ شوێنی دیاریکراوی شارەکان و دەوروبەری شارەکان پاسدار و چەکدارەکانی مۆڵ داوە تاکوو لە ئەگەری هەر چەشنە ناڕەزایەتی دەربڕین و ئێعترازێک بتوانێ بە زووترین کات سەرکوتیان بکات.