کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی مەیدانی لەسەر خۆپیشاندانەکانی شاری جوانڕۆ

16:32 - 16 سەرماوەز 2719

ئا: نیشتمان

بە دوای هەڵکشانی لەپڕی سێهێندەی نرخی بێنزین لە وڵاتی ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵات، زۆرینەی شارەکان ناڕەزایەتیی خۆیان بەشێوەی مەدەنی دژ بەو بڕیارە کە کارتێکەرییەکی پتری لەسەر دۆخی نالەباری ئابووریی خەڵک هەیە، دەربڕی. لە کوردستانیش شارەکانی کرماشان، سەقز، مەریوان و بۆکان و جوانڕۆ دژ بەو بڕیارەی ڕێژیم بێهەڵوێست نەبوون کە بوون بە خاوەنی دەیان شەهید و بریندار و سەدان کەسیش دەسبەسەر کران.

خەڵکی جوانڕۆ، دەمەوئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، ٢٢ی حەزەڵوەری ٢٧١٩ی کوردی، هاتنە سەر شەقام و ناڕەزایەتیی خۆیان بەشێوەی مەدەنی دەربڕی کە ڕووبەڕووی سەرکوتکردنی توندوتیژانە و تەقەکردن لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە بوونەوە و هەر لەو ڕێپێوانە مەدەنییەدا سێ کەس لە خۆپێشاندەران دەکوژرێن کە یەک لەوانە مێرمنداڵێکی تەمەن شازدە ساڵی خەڵکی شارۆچکەی "سەفییاوێـ"ـیە، شایانی باسە لەو ناوەدا هێزەکانی ڕێژیم شووشەی دەرک و دەلاقەی ماڵ و دووکانەکانی خەڵک دەشکێنن و بە ناوی خۆپێشاندەرانەوە دەیدەن لەقەڵەم، سەرلەئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٣ی خەزەڵوەر خەڵک دێنەوە سەر شەقام کە لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەدرێنە بەر دەستڕێژی گوللـە و تەقە لە خۆپیشاندەران و خەڵکی ئاسایی نێو دووکان و ماڵەکانیان دەکرێت، یەکێک لەو کەیسانە "موبین عەبدوڵڵاهی" دەبێت کە لەگەڵ هاوڕێکانی لە قاوەخانەیەکدا دەبێت کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی تەکتیرهاوێژەکانی ڕێژیم گیانی لەدەست دەدات.

هەروەها "جەبار تیجارە" خاوەنی چێشتخانەی تیجارە کە چێشتلێنەری خەوتنگەی زانکۆ دەبێت و بە مەبەستی هێنانەوەی شتومەک لە ڕێستۆرانتەکە، لە ماڵ دەچێتە دەرێ، تەقەی لێ دەکرێت و گیانی لەدەست دەدات، "یوونیس ئیمامیـ"ـش کە کرێکارێکی کەڕولاڵە و ناتوانێت دەنگی تەقەکردن و هەڕەشەکانی چەکدارەکانی ڕێژیم ببیستێت، یەکێک کە لەو کەسانەیە کە گیانی لەدەست داوە. خۆپێشاندەران بە برینداربوون، دەستبەسەرکران و کوژرانی هەر شارۆمەندێکی مەدەنی تووڕەتر دەبن و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیمدا مشتومڕ بکەن و لەم نێوەدا ئەفسەرێکی پۆلیس کە تەقەی لە خۆپیشاندەران کردووە بە بارمتە دەگرن و پاش لێدان و کوتانێکی زۆر و ڕووتوقووتکردنەوەی لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە، بە نێوبژیوانیی چالاکوانانی مەدەنیی شار و ڕێکەوتن لەگەڵ فەرمانداری، بڕیار وا دەبێت کە لە باتیی ئازادکردنی سەرجەم خۆپێشاندەرانی دەسبەسەرکراو، ئەم ئەفسەرەش ڕادەستی هێزەکانی ڕێژیم بکرێتەوە کە وێڕای بەڵێنیی فەرمانداری و خانەی دادی ئەو شارە، پاش وەرگرتنەوەی تەرمی نیوەگیان و ڕووتوقووتی ئەفسەرە دیلەکە، هێزەچەکدارەکان نەتەنها دەسبەسەرکراوەکان ئازاد ناکەن، بەڵکوو دەستڕێژیی گولـلە دەکەنەوە سەر خەڵکی ناڕازی و شار بەتەواوەتی مێلیتاریزە دەکرێت.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی، هێزەکانی ڕێژیم بە ئۆتۆمبیل و بڵندگۆوە لەنێو کۆڵان بە کۆڵان و شەقام بە شەقامی شاردا دەسووڕێنەوە و بانگەواز بۆ ئەوە دەکەن کە خەڵک لە ماڵ نەیەنە دەرەوە و لەگەڵ یەک کۆ نەبنەوە دەنا تەقەیان لێ دەکرێت، پاش وتاری نوێژی هەینی خۆپیشاندەران دێنەوە سەر شەقام و دیسان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەدرێنەوە بەر دەستڕێژی گوللـە، خۆپیشاندەران سەرەتا وەک هەمیشە لە چۆمەکەوە سەر هەڵدەدەن و پاشان تا مەیدانی قاسملوو (ناوەندی)، بلواری قاسملوو، مەیدانی مەولەوی، مەیدانی فەلەستین، مەیدانی جاشەکان و سنجاوی و گەڕەکی بێداری و شەقامی قازی بە سووتاندنی ئاڵا و بەنێرەکانی ڕێژیمی ئیسلامی و وتنەوەی دروشم دژ بە دیکتاتۆر و داگیرکەر بەرەو خانەی دادی شار دەڕۆن کە لە سەربانی خانەی دادەوە تەقەیان لێ دەکرێت. هەندێک لەو دروشمانەی کە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە دەوتران بریتی بوون لە: "نەمان بۆ دیکتاتۆر"، "نەمان بۆ داگیرکەر"، "نەمان بۆ خامنەیی"، "نامرێ شەهید، شەهید زیندووە" و " نانەوێ جوانڕۆی قارەمان، دەستێنێ تۆڵەی شەهیدان" و... دەبێت.

شایانی باسه لەم خۆپیشاندانانەدا ئافرەتانیش بە پۆشینی کەوا و پانتۆڵ و شاردنەوەی قژ و ڕوومەتیان بەشدار دەبن و زۆربەی ئاڵا و بەنێرەکانی ڕێژیم لەلایەن ئەوانەوە دەسووتێندرێت، بە وتەی سەرچاوەیەک کە فەرمانبەری فارمانداریی شاری جوانڕۆیە، شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی و هەروەها شەوی هەینی لەسەر شەممە، دوو یەکەی سەربازیی ڕێژیم (پێنج هەزار چەکدار) کە زۆرینەیان تەکتیرهاوێژ بوونە  لە شارەکانی دراوسێوە دەگوازرێتەوە بۆ جوانڕۆ.

ڕۆژی شەممە لەسەر هەموو شەقام و کۆڵانەکاندا چەند چەکداری ڕێژیم کە ڕوومەتیان بە دەسڕە سپییەکەی خامنەیی هەڵواسیبوو دادەنرێن کە زۆرینەشیان جاشەکانی کورد و هێزی سپای پاسداران بوون و فەرمانی تەقەکردن لە خەڵکیان پێ بوو.  تا حەوتوویەک پاش خۆپیشاندانەکانیش دۆخی شار بەو شێوەیە و بەبێ کرانەوەی مەزرینگە فەرمی و نافەرمییەکان بوو و بوونی چەکدارەکان لەنێو شار بەردەوام بوو و درگای زۆرینەی بانکەکانی شار قیرتاو کرابوو و چەند لە بانکەکان گوازرانەوە بۆ ڕوانسەر و خەڵکی جوانڕۆ بۆ جێبەجێکردنی کاری بانکی دەبوا بڕۆشتبان بۆ ڕوانسەر،  تا ئێستاش هێزەکانی ڕێژیم بە سەیرکردنی کامێراکانی چاودێری بنکە فەرمی و سۆپەرمارکێتەکان بەشداربووان دەناسنەوە و بەبێ حوکمی دادگا و بێ هیچ ڕەوتێکی یاسایی لەسەر حەوشەی ماڵەکانەوە دەچنە ماڵی خەڵک و دەسبەسەریان دەکەن، هەروەها شارۆمەندانێکی زۆریش پاش بانگێهێشتکران بۆ بنکەی ئیتڵاعات و لێپێچینەوە دەستبەسەر دەکرێن.

شایانی باسە بەشی هەرەزۆری ئەو کەسانەی کە لەلایەن ئیتڵاعاتەوە بانگهێشت دەکرێن لە هیچ کامێرایەکی چاودێریدا دەر نەکەوتوون و تەنیا گومانلێکراون بەڵام لە لێپێچینەوەکاندا کە زۆر جار لەنێو ئۆتۆمبتلدا دەیکەن، بە بانگهێشتکراو دەوترێت لە کامێرادا ڕیکۆرد کراوی و ئەوەش تەنیا بۆ دانپێدانانی بانگهێشتکراوە و دوور لە ڕاستییە، هەروەها بەو کەسانەی کە دەسبەسەر دەکرێن، دەوترێت دەبێ ناوی پێنج کەس لە خۆپیشاندەرەکانمان پێ بڵێیت.

ڕێژیمی ئیسلامی دەستی بەسەر تەرمی کوژراوەکاندا گرتووە و لەبریی دانەوەی تەرمی هەریەک لەوان داوای بڕی ٧٠ تا ١٥٠ ملوێن پووڵ دەکات، هیچ یەک لە دەسبەسەرکراوەکان تا ئێستا ئازاد نەکراون و تەنانەت نەدراونەتە دادگاوە و لە بەندیخانەی "دێزەڵاوا" بەبێ دانی مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیاندا ڕاگیراون، بنەماڵەی چەند کەس لە دەسبەسەرکراوەکان دەڵێن لە پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵیاندا، وتوویانە کە ژمارەی دەسبەسەرکراوانی شاری جوانڕۆ پتر لە حەوتسەد کەس دەبێت و زۆرینەشیان مێرمنداڵ یاخود خەڵکانێکن کە بێ تێکەڵبوون لەگەڵ خۆپیشاندەراندا گیراون و سەرەڕای ئەوەش بۆ ئازادکردنیان دەبێ بڕێکی زۆر پووڵ بدەن.

چەند کەس لەو هاووڵاتییانەی کە دەسبەسەر کراون بریتین لە: "ئاریا عەزیزی، دیاکۆ میرئەحمەدی، هێرش میرئەحمەدی، زەکەریا ئەحمەدی، مەهدی ساڵحی، سەلاح بێهرۆجە، عالیم عەبدی، پارسا نادری، ئەحمەد حوسێنی، مەسعوود تاهیری، ئاروین ڕەزایینژاد، ئارام سەعیدیان، ئارمان سەعیدیان، کەمال زاهیری، یاسر هیدایەتی، فەرید مەحموودی، شەعبان موریدی، ڕێبوار ڕۆستەمی، محەممەد ئیبراهیمی، ئەمجەد شامرادی، عومران وەلیدی، ئەمین کاسب، وەحید عەبدی، مەیسەم حوسێنی، موبین حوسێنی و هەروەها سەعید قادری" کە خەڵکی شاری بانەوڕێیە و ئەو ڕۆژە لە جوانڕۆ دەبێت.

هەروەها زۆرینەی شارۆمەندان لە کاتی داخستنی دووکانەکانیاندا بە مەبەستی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە هێرشیان دەکرێتە سەر و دەسبەسەر دەکرێن کە یەک لەو کەیسانە بەڕێوبەرانی سەرتاشخانەی "سەنڤۆر" دەبن کە پاش دەسبەسەرکرانیان هاوڕێکەیان بە ناوی "خالید موریدی" کە لە ماڵەوە لە دەسبەسەرکرانی بێهۆی هاوڕێکانی ئاگادار دەبێتەوە، سەردانی بنکەی پۆلیس دەکات کە لەوێدا ئەویش دەسبەسەر دەکرێت.

هەروەها ژمارەی کوژراوان شازدە کەس هەژمار کراوە کە هەشت لەوان بە ناوەکانی: "یوونس ئیمامی، کاوە ڕەزایی، جەبار تیجارە، موعین عەبدوڵڵایی، سەلمان ڕەحمانی، کاوە موحەمەدی، ئیبراهیم مورادی،  کاوە ڕەزایی"  پشتڕاست کراوەتەوە و شایانی باسە کە بڕیار وایە "موبین عەبدوڵڵاهی و یوونیس ئیمامی" وەک شەهیدی ڕێژیمی ئیسلامی ناویان تۆمار بکرێت و بنەماڵەیان ببن بە بنەماڵەی شەهیدانی ڕێژیمی ئیسلامی. زۆربەی برینداربووان لە نەخۆشخانە پاش چارەسەرکران ڕاستەوخۆ گوازتراونەتەوە بۆ بەندیخانە، هەر بۆیە زۆرینەی خەڵک لە ماڵێدا و بەبێ پزیشک گولـلە و فیشەکیان لە جەستە دەرهێندراوە و بەو هۆیەشەوە برینی چەند لە بریندارەکان  تووشی هەوکردن و ئاودزکردن بووە.