کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی مەیدانی لەسەر ڕەوشی خوێندن لە خوێندنگەکانی کوردستان

09:59 - 17 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: هاوکات لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما، گرانتر بوونی شتومەک و پێداویستییەکانی ڕۆژانە، بەرزبوونەوەی نرخی هەڵاوسان، زۆرتر بوونی ئاستی گرفت و کێشە ڕۆحی و ڕەوانییەکان و بەردەوامی کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان لە کۆمەڵگای ئێران بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی، ڕەوشی قوتابییان و قوتابخانەکانیش تا دێت، ئەستەمتر و ناخۆشتر دەبێت؛ لەمبارەوە هەواڵنێری کوردستان میدیا لە دووتوێی ڕاپۆرتێکی مەیدانیدا وێڕای ئاوڕدانەوە لە بەشێک لەم گرفتانە، وتەی یەکێک لە مامۆستایانی قوتابخانەیەکی کوردستانیشی دەقاودەق گواستۆتەوە کە دەخرێتە بەر چاوی خوێنەرانی بەڕێز.

ڕاپۆرتی مەیدانی لەسەر ڕەوشی خوێندن لە خوێندنگەکانی کوردستان/ نموونە شاری سەقز و قوتابخانەکانی

ساڵی نوێی خوێندن هێشتا لە ڕۆژە سەرەتاییەکانی خۆیدایە کە گرفت و کێشەکان لە چاو ساڵانی ڕابردوو زەقتر و بەرچاوتر دەردەکەون؛ لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا گرانی و بێکاری ژیانی بنەماڵەکانی لە ئێران و کوردستان بردووەتە دۆخێکی مەترسیدارەوە و هەر ئەم بارودۆخەش کاریگەری نیگەتیڤی لە سەر دەروون و جەستەی قوتابی و خوێندکاران داناوە؛ دابینکردنی کەرەستەکانی خوێندن بۆ منداڵان و لاوان و پارەی ناونووس کردنیان لە مەدرەسە بە ناو دەوڵەتییەکاندا گوشاری مادی بۆ زۆربەی بنەماڵەکان هێناوە، بە جۆرێک کە بەشێکی بەرچاوی بنەماڵەکان ناچار بوون دەست لە خوێندن بە منداڵەکانیان هەڵبگرن کە بەداخەوە لەمبارەوە کچان پشکی سەرەوەتریان بەرکەوتووە .

لە حەوتووی بەناو "سڵامەتی بێهداشت و ڕەوان" دا لە زۆربەی قوتابخانەکان بۆ سەرپەرەست یان دایک و باوکی خوێندکار و قوتابییەکان کۆبوونەوە گیراوە کە مەبەست لەو کۆبوونەوانە تێگەیاندنی باوک و دایکی منداڵەکانە لە مەسەلەی دەرون و دەرونناسی و ئاگادارکردنەوەیان لە حاڵەتە مەترسیدارەکانی ڕەوان.

پڕ ئاشکرایە کە دەرونی سالم دەتوانێت سەرەکیترین پاڵنەر بێت بۆ گەشە و پێشکەوتنی هەموو مرۆڤێک بە تایبەت خوێندکاران بەڵام وەزعییەتی ناسەقامگیری ئابووریی ئێران، بارودۆخی خراپی مەدرەسەکان لە باری بیناسازی و چکۆلە بونیانەوە ، کەمبوونی داهاتی مامۆستایانی قوتابخانە و گرفتەکانی ژیانی مامۆستایان کە تەئسیری ڕاستەوخۆی خراپی لە سەر خوێندکاران هەیە ، نەبوونی فەزای تەفریحی و وەرزشی گونجاو لە نێو شار و دێهات و مەدرەسەکاندا، نابەرپرس بوونی حاکمییەت لە باری ماڵی و پێداگری لەسەر پەرەپێدانی ئیدئۆلۆژی بۆگەن و سەقەتی دینیی خومەینی لە نێو قوتابخانەکاندا و دەیان مەسەلەی دیکە هۆکارگەلێکن بۆ خەمۆکی و توندوتیژی و دابڕانی خوێندکاران لە خوێندن .

مامۆستای یەکێک لە قوتابخانەکان لەمبارەوە دەڵێ: ڕێژیم و سیستێمی حاکمییەت کە خۆیان سەرەکیترین هۆکاری نەخۆشینە دەرونییەکان بۆ خەڵکی ئێران و خوێندکارانن لە هەوڵدان بە گرتنی ئەم جۆرە کۆبوونەوانە تاوانەکە لە ملی خۆیان داماڵن . بە وتەی ئەم مامۆستایە کە بۆخۆی یەکیک لە ناڕازییانئی دۆخی داسەپاوە لەم کۆبوونەوانەدا دایک و باوکی منداڵەکان زۆر ڕاشکاوانە ئاماژەیان بە ڕیشەی گیر و گرفتەکان کردووە. دەشڵێ: مامۆستایانی قوتابخانەکان کە خۆیان لە دۆخێکی زۆر خراپی ئابووریدا ژیان تێپەڕدەکەن بەشێکی بەرچاویان لە گەڵ بنەماڵەکان هاوڕا بوون و پاڵپشتی دەنگی ناڕازییانەی بەشداربووانی کۆبوونەوەکانیان کردووە بەچەشنێک کە بە هۆی کەڵەکەبونی کێشە چارەسەرنەکراوەکان، ئاموزش و پەروەرش و حەراسەتی ئەم نەهادە حکومەتییە نەیاتوانیوە بنەماڵەی خوێندکاران و مامۆستایانی قوتابخانەکان لە دەربڕینی ناڕەزایەتییەکانیان بێدەنگ بکەن .

پێویست بە وتنە جیاواز لە دابینکردنی جلوبەرگ و کەرەستەی خوێندن بۆ خوێندکاران لە لایەن بنەماڵەکانیانەوە زۆربەی پارەی دروست کردن و تەعمیرکردنی بینای مەدرەسەکان لە لایەن خەڵکەوە دەدرێت؛ داوا کردنی پەیتا پەیتای پوڵ لە لایەن بەرپرسانی مەدرەسەکانەوە، دابڕانی منداڵان لە خوێندن و دەیان ناهەنجاری و بێ‌نۆڕمی کۆمەڵایەتی لێکەوتووەتەوە کە منداڵانی کار تەنیا یەکێک لەو دیاردانەیە .

لە ڕۆژانی ڕابردوودا و هەر لە چوارچێوەی ئەم جۆرە کۆبوونەوانەدا لە مەدرەسەکانی شاری سەقز دەرفەتێک ڕەخسا هەتا بنەماڵەکان لە نیزیکەوە سفرەی دڵیان لای یەکتری و مامۆستایانی قوتابخانەکان بکەنەوە و ناڕەزایەتی خۆیان لە وەزعی مەجوود دەرببڕن .