کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی چین لەسەر داهاتی چەند میلیۆن دۆلاریی ڕاوەماسی لە ئاوەکانی ئێران

12:26 - 9 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: هەبوونی کەشتییەکانی چین لە ئاوەکانی باشووری ئێران، لە لایەن وەزارەتی وەرزێڕیی چین پشتڕاست کراوەتەوە و باس لە داهاتی زیاتر لە ٧ میلیارد دۆلار لە ساڵدا کراوە.

ئەگەرچی هەبوونی کەشتییەکانی چین لە ئاوەکانی باشووری ئێران لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە بەشی شیلاتدا ڕەت دەکرایەوە، بەڵام وەزارەتی وەرزێڕیی چین لە مانگی ئۆکتۆبری ساڵی ڕابردوو، ڕایگەیاند کە ٥ کەشتی تایبەت بە ماسیگیری لە پاریزگای شاندۆنگی ئەم وڵاتە هاتوونەتە نێو ئاوەکانی باشووری ئێرانەوە و لە سەرەتای نەوامبری ساڵی ٢٠١٧ لە بەندەرعەباس جێگیر بوون.

لە بەرانبەر ئەم ساتوسەودایەی بەرپرسانی ڕێژیم و نکۆڵیکردنی ئەم هەواڵە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگدانەوەیەکی بەربڵاو هاتووەتە ئاراوە و خەڵکێکی زۆر ناڕەزایەتیی خۆیان لە هەمبەر ئەم کارە دەربڕیوە.

پاش ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، محەممەدجەواد زەریف، ڕۆژی ٥ی گەلاوێژی ١٣٩٧ی هەتاوی، پشتڕاستی کردەوە، کە ڕێژیم ئاوەکانی باشووری وڵاتی ئێرانی بە کرێ بە چینییەکان داوە.

بەپێی هەواڵێک کە لە وەزارەتی وەرزێڕیی چین لە ١٧ی ئۆکتۆبر بڵاو بووەتەوە، بۆ ئەم مەبەستە ٥ کەشتی بە درێژایی ٤٤.٩ مێتری، بە تێچووی ٧٥ میلیۆن یوانی چینی بەرانبەر بە ١١ میلیارد دۆلاری ئامریکایی ساز کراون.

کارناسانی ژینگەیی چین باسیان لەوە کردووە، کە ماسیگیرانی چینی بۆ ڕاوەماسی لە شێوازی "تێراڵ" یەکێک لە شێوازە پیشەییەکانی ماسیگیریی کەڵک وەر دەگرن، کە یەکێک لە مەترسیدارترین شێوازەکانی ماسیگیرییە و کاریگەریی خراپی لەسەر ئۆکۆسیستم دەبێت و تێکدانی خانووی ئاوژێیەکان و بەستێنی دەریای لێ دەکەوێتەوە.