کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٧١ ڕاکێتی دیکە خاکی ئێرانی کردە ئامانج

16:25 - 1 خەزەڵوەر 2720

جێگری سیاسی و ئەمنییەتیی پارێزگای تەورێز وتوویەتی، لە شەڕی قەرەباغدا ٧١ ڕاکێتی دیکە بەشی باشووری چۆمی "ئەرەسـ"ـی کردووەتە ئامانج.

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم وتوویەتی، ئەو ڕاکێتانە هیچ زیانێکی ماڵی و گیانیی بەدواوە نەبووە.

لە سەرەتای شەڕی قەرەباغ، سەرجەم ٦٩ گولـلە بەر خاکی ئێران کەوتووە، بەڵام هەر ڕۆژی ڕابردوودا ٧١ ڕاکێت بەر خاکی ئێران کەتووە. ئەو ٧١ ڕاکێتە لە گوندی "خودائافەرین" سەر بە پارێزگای تەورێزی داوە.

لەو پێوەندییەدا ئەرتشی ڕێژیمی ئێران سەردانی ئەو گوندەی کردووە و هۆشدارییان بە دوو لایەنی شەڕەکە داوە.

پێشتر بلاڤۆکی "فارێن پالیسی" بڵاوی کردبووەوە، شەڕی نێوان ئەرمەنستان و ئازەربایجان دۆخێکی خراپ بۆ ئێران دروست دەکات.

ئەو بلاڤۆکە بڵاوی کردبووەوە، لە ئێران نزیک بە ٢٠ ملیۆن ئازەری زمان هەیە کە مەترسییەکی جیددییە بۆ سەر ئەمنییەتی ئێران؛ تارانیش نایهەوێت لەو شەڕەدا شکست بخوات، بەڵام دەستێکی لاوازی هەیە.