کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیاندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی کۆچی دوایی کاک "عەلی قازی" کوڕی پێشەوا قازی محەممەد

11:42 - 20 پووشپەڕ 2722

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران سەبارەت به کۆچی دوایی کاک "عەلی قازی" کوڕی پێشەوا "قازی محەممەد" ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکی بەم چەشنەیە:

بەداخ و کەسەرەوە سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی پووشپەڕ کاک "عەلی قازی" ناسراو بە کوڕی "ڕەش"، تاقانە کوڕی پێشەوا "قازی محەممەد" سەرکۆماری کوردستان لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی وڵاتی ئاڵمان لە تەمەنی ٨٩ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

کاک "عەلی قازی" سەرەتای لاویەتی بۆ خوێندن چووەتە شارەکانی تەورێز و تاران و پاشان بۆ خوێندن ڕووی لە دەرەوەی وڵات کرد و لە وڵاتی ئاڵمان گیرسایەوە.

کوڕی ڕەش هێشتا تەمەنێکی وای نەبوو کە بەداخەوە کارەساتی هەرەسهێنانی کۆماری کوردستان و لە سێدارەدانی پێشەوا "قازی محەممەد" و هاوڕێیانی بەسەردا هات و ئەو کارەساتانە کاریگەریی وای لەسەر ژیانی خۆی و بنەماڵەکەی دانا کە ئاسەواری بەڕوونی بە ژیان و ڕەوانییەوە دیار بوو.

 کوڕی ڕەش هەردەم خۆی وەفادار بە ڕێگا و ڕێبازی باوکی مەزنی پێشەوا "قازی محەممەد" دەزانی و هەمیشە لە خەمی دۆزی ڕەوای گەلەکەی بوو.

بەردەوام داوای یەکگرتوویی و یەکڕیزی خەڵک و هێزە سیاسیەکانی کوردستانی دەکرد و لەو باوەڕەدا بوو کە کورد بە یەکگرتوویی دەتوانێ بە ئاوات و ئامانجەکانی بگات.

 بەڵام بەداخەوە مەرگ دەرفەتی ئەوەی نەدا کە کاک عەلی ڕزگاریی کوردستان و وەدیهاتنی ئەو ئاواتانەی کە پێشەوای مەزن و هەزاران کادر و پێشمەرگە و ڕۆڵەی کورد سەری خۆیان لە پێناودا دانا، بە چاوی خۆی ببینێ و سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی پووشپەڕ بۆ هەمیشە دڵی لە لێدان کەوت و ماڵاوایی لە گەلەکەی و ئەویندارانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان کرد.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەو بۆنەوە سەرەخۆشی لە گەلی کورد و بنەماڵەی گەورەی "قازیـ"ـیەکان و هەموو ئەویندارانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان دەکا و لە خەم و پەژارەیاندا خۆی بە بەشدار دەزانێ.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

١٩ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی

 بەرانبەر بە ١٠ی جوولای ٢٠٢٢