کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیاندراوی ناوەندی ژنانی کوردستانی ڕۆژهەڵات سەبارەت بە سەرکەوتنی بایکۆتی هەڵبژاردنەکان

13:31 - 29 جۆزەردان 2721

 ناوەندی ژنانی کوردستانی ڕۆژهەڵات سەبارەت بە سەرکەوتنی بایکۆتی هەڵبژاردنەکان ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیاندراوەکە بەم چەشنەیە:

ڕاگەیاندراوی ناوەندی ژنانی کوردستان بەبۆنەی سەرکەوتنی ڕەوایی ویستی خەڵک لە شانۆی هەڵبژاردنی ١٤٠٠ی هەتاوی

ئەوەی لە شانۆی هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی ڕووی دا نووسینەوەی سەرلەنوێی مێژوویەکە کە زیاتر لە چوار دەیە بە ناڕەوا بە سەر خەڵکدا سەپاوە.

 لە شانۆی هەڵبژاردنی ئەمڕۆ، "نا"یەکی گەورە بە کۆماری ئیسلامی وترا، خەڵکی کوردستان بە بایکۆتی بەناو هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی ڕێفڕاندۆمێکیان خستە ڕێ و "نا"یەکی گەورەیان بە کۆماری ئیسلام نیشان دا کە نیشاندەری لەنێوچوونی پێگەی کۆماری ئیسلامی و لە هەمانکاتدا ڕەوایی ویستی خەڵک بوو.

ناوەندی ژنانی کوردستانی ڕۆژهەڵات سەرکەوتنی گەورەی ئەمڕۆ کە بە سندوقە خاڵی و بنکە چۆلەکانی هەڵبژاردنی ١٤٠٠ بە جیهان نیشان درا، لە خەڵک و بەتایبەت لە ژنان پیرۆزبایی دەکات و وێڕای سپاسی هەموو چالاکانی کەمپەینەکانی "نا" بە کۆماری ئیسلامی  ئەو ناڕەزایەتییە بەهەند وەردەگرێ و وەک دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە خەبات بە دژی کۆماری ئیسلامی hەژمار دەکات.  

لەم قۆناغە نوێیەدا هێزی دژبەری کۆماری ئیسلامی بەرینتر لە هەمیشەیە و کۆماری ئیسلامیش لە لاوازترین پێگەی خۆیدایە. گومان لەوە دانییە کە نەتەوەی کورد و لەم نێوانەشدا ژنان زۆرترین قازانج لە گۆڕان و ڕووخانی کۆماری ئیسلامی دەبەن.

هەر بۆیە ناوەندی ژنانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە پێویستی دەزانێ وێڕای سپاسی هەموو چالاکان و خەڵکی کوردستان و بە تایبەت ژنان ئەم سەرکەوتنە گەورەیە لە هەموو ژنانی کوردستان پیرۆزبایی بکات.

ناوەندی ژنانی کوردستانی رۆژهەڵات

٢٨ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی

١٨ی ژووئەنی ٢٠٢١ی زایینی