کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیاندراوی یەکیەتیی خوێندکاری دێموکراتی کوردستان

19:06 - 16 پووشپەڕ 2721

یەکیەتیی خوێندکاران بۆ بە یارمەتیدان به ژینگەپارێزان ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیاندراوەکە بەم چەشنەیە:

بانگەواز بۆ یارمەتیدانی ژینگەپارێزان

هاونیشتمانییانی بەهەڵوێست و خۆڕاگر

هەر وەک ئاگادارن، نەیاران و دوژمنانی کورد و ژیانکوژ، دەست لە هیچ کارەساتێک ناپارێزن و ئیرادەیان بۆ کاولکردن و خاپوورکردنی ژینگە بەستووە و لە ڕۆژانی ڕابردوودا بینەری سووتانی دارستانەکان و هەڵقرچانی ئاژەڵە بەستەزمانەکانین کە بێ بەزەیانە لەنێو تینی ئاوردا لە نێو دەچن. ئەو کەسانەی بە دەستی خۆیان ئاور لە شاخ و کێوی کوردستان بەردەدەن خەیانەت بە کورد و کوردستان دەکەن.

بێگۆمان دەستی کۆماری پەت و سێدارە و ژیانکوژی ئیسلامیی ئێران لەنێو ئەم کاولکارییانەدا دیارە، ئەوکەسانەی کە بە هەر شێوازێک بەشداری خوڵقاندنی ئەم کارەساتە دەبن، دەبێت لقاو و سزا بدرێن.

کاتێک ئۆرگانە حکوومەتییەکان و ناحەزانی ژینگە بە شێوازی سیستماتیک و پلانداڕێژراو جینایەت دژی مرۆڤایەتی و دارستانەکان دەخوڵقێنن دەبێت خۆمان قۆڵی هەڵمەت هەڵماڵین و بۆ پاراستنی ژینگە نابێت چاوەڕێی دەزگا حکوومەتییەکان بین کە پێش بە سووتانی دار و ئاژەڵە بەستەزمانەکان بگرین.

خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان

با هەر هەموومان پێکەوە یارمەتیدەری ژینگەپارێزان بین و لە پاراستنی ژینگە تەنیا و بێ یار نەمێنن، با ئیزن نەدەین دۆژمنانمان بە ئاسوودەیی بتوانن ژینگە، دارستان و لەوەڕگەکانمان لە نێو ببەن، نەتەوەدۆستی لە سۆز و وەفا بۆ ژینگەی نیشتمان سەرچاوە دەگرێت کە ئێمەی لە ئامێزی خۆیدا پەروەراندووە. 

ئەوڕۆ ئەرکی سەرشانی ئێمەیە پارێزگاری لە دارستان، ئاژەڵان و ژینگەی کوردستان بکەین.

وەکوو یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان، داوا  لە سەرجەم خەڵکی نیشتمانپەروەر و پێشمەرگەدۆستی کوردستان، ڕەشماڵ و هەوارنشینان، ئاژەڵداران، گوندنشینان، خەڵکی سەرجەم شارەکانی کوردستان دەکەین، کە یارمەتیدەری ژینگەپارێزان بن و بەپێی توانایان بە هانای ژینگەی کوردستان و ژینگەپارێزانەوە بڕۆن، چونکە بەدەستی بەتاڵەوە شەڕی ئاور دەکەن، با هەموان ڕوو لە شاخ و کێوەکان بکەن بە هێزی مرۆیی و مادیی خۆمان یارمەتیدەر بین بۆ پێشگرتن لە سووتانی خاک و زێدەکەمان، نەمانی ژینگە داهاتووی هەموومان دەخاتە مەترسییەوە و مەبەستی ناحەزانی ژینگە ئەوەیە کە ژیانمان بسووتێنن و داهاتوومان لە نێو ببەن.

بەڵێ بۆ ژینگەی سەوزی نیشتمان!

 بەلێ بۆ بەهاناچوونی ژینگەپارێزانەوە!

یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان

۱٦ی پووشپەڕی ۲۷۲۱ی کوردی