کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵات بەبۆنەی ٢٥ی نوامبر

11:18 - 4 سەرماوەز 2721

ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵات بەبۆنەی ٢٥ی نوامبر، ڕۆژی بەرەنگاری و وەستانەوە دژی توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

٢٥ی نوامبر وەک ڕۆژی بەرەنگاری و وەستانەوە دژی هەر جۆرە توندوتیژییەک بەرانبەر بە ژنان لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ناوزەد کراوە.

پرسی ئاپارتاید و هەڵاواردنی ڕەگەزی پرسێکی گشتگیر و جیهانییە کە دۆخی ژیانی ژنانی لەژێر کاریگەریی خراپی خۆی داناوە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پشتیوانیی یاسای دژە ژنی هەڵقوڵاو لە بیری سێکسیستی و دواکەوتووانەی خۆی ژیانی بۆ ژنان لە ئێران قورستر و مەیدانەکانی چالاکیی بۆیان بەرتەسکتر کردووەتەوە، بەڵام ژنانی کورد وەک بەشێکی چەوساوەی نەتەوەیەکی بندەست لە ئێران جارێکی دیکە و بە دوو بەرابەر دەچەوسێنەوە، هەم وەک پێگەی جنسییەتییان و هەم وەک نەتەوە.

هەژاریی لەڕادەبەدەر، گرانی و بێکاری یەکێکی دیکە لەو پرسانەیە کە بووەتە هۆی گەشەسەندنی توندوتیژیی پەتپساوانە بەرانبەر بە ژنان. کەمیی ڕێژەی بەشداریی ژنان لە بازارەکانی کار و نەبوونی حەقدەستی هاوسان، ژنانی لە بواری ئابوورییەوە کۆیلە کردووە و پەرەی بە چەوساندنەوەی ژنان و بێدەنگبوونی ژنان داوە. بەشێکی زۆری ئەو ژنانەی لەژێر گوشار و هەڕەشە و مەترسیی توندوتیژیدان بەهۆی بێدەرەتانی و نەبوونی شوێنێکی پارێزراو و گەرەنتی نەبوونی داهاتووی هەم لە بواری ئەمنی و هەم لە بواری ئابورییەوە ناچار بە درێژەی ژیانن لە بارودۆخێکی خراپ کە ڕاستەوخۆ کاریگەریی دەبێت لەسەر پەروەردەی جیلی داهاتووی خۆی.

لەلایەکی دیکەوە کولتووری پیاوسالارانە و پشتئەستوربوونی ئەو کولتوورە بە یاسا، لە دوای هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی بە هەمان شێوە، فاکتەرێکی گرینگی دیکەیە کە کاریگەریی لەسەر دۆخی ژنان بووە و هەیە و تا ئێستا ئەو کاریگەرییانە بە تەواوی کۆنترۆڵ و قەرەبوو نەکراونەتەوە لە ئاستی جیهانی و ئێرانیدا. ژنکوشتن نەتەنیا وەک تاوان بە ئەژمار نایەت، بەڵکوو وەک ئیمتیازێک بە پیاوی بکوژ دەدرێت کە جێگەی پیاوەتییەکەی لە کۆمەڵگەدا قایمتر و جێگەی ڕێزتر دەکات.

پەروەردەی خراپ و سیاسەتی بەکۆیلەکردنی ژن لەنێو کۆمەڵگە و بە تایبەتی لە سیستەمی پەروەردەی کۆماری ئیسلامیدا، ئولگوی درۆیین و ساختە لە پێگەی لاوازی ژنان و پێناسەکردنی ژنان وەک ڕەگەزی دووەمی نێو کۆمەڵگە، بە جۆرێکی دیکە کاریگەریی قورسی لەسەر ژیانی ژنان و بەرزبوونەوەی ئاستی توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان داناوە.

ژنان لە ئێران لەنێو ئاگری دۆزەخی نێوان سونەت و مۆدێڕنیتە دەسووتێن، مۆدێڕنیتەیەک کە ژنان وەک تاکێکی سەربەخۆ لەنێو کۆمەڵگەدا پێناسە دەکات و ژن بە خاوەن بڕیار لە پرسەکانی خۆی دادەنێت لە کاتێکدا کە لە بەرانبەریدا سونەت بە پێچەوانە شوناسی ژن وەک تاکێکی سەربەخۆ ڕەت دەکاتەوە و بە بەشێک لە سەرمایەکانی ڕەگەزی بەرانبەر پێناسەی دەکات.

لەلایەکی دیکەوە گەشەی کولتووری نامووسپەرستی کە تەنیا پرسێکی تایبەت بە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئێران و کوردستان نییە، ڕێژەی توندوتیژییەکان و لەوانە کوشتنی لەژێر بیانووی نامووس گەشە پێداوە.

بە بڕوای ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵات بێدەنگ نەبوون لە بەرانبەر توندوتیژی و ئەرکدارکردنی هەر تاکێک وەک شارۆمەند بەرانبەر ئەو ڕەوتە ڕوو لە گەشەیەی توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان هەوڵەکان بۆ سەرخستنی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر و دێموکراتیک خێراتر دەکات. لەبەر ئەوەی دابینبوونی دێموکراسی و ئازادی لە ئاسۆی دابینبوونی یەکسانیی ڕەگەزییەوە سەر هەڵدەدات.

بە مەبەستی هەوڵی جیدی و کاریگەر لە بابەت پێشگرتن بە ڕەوتی ڕوو لە گەشەی توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان، ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵات بە پشتیوانی لە کەمپەینی "#بێدەنگی_بشکێنین" داوا لە هەموو چالاکان، ژنان و پیاوانی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەکات بەشێک بن لەو کەمپەینە و لەو هەوڵە بۆ بنبڕکردنی هەڵاواردن و توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان.

پێنجشەممە ٤ی سەرماوەزی ١٤٠٠

٢٥ی نوامبری ٢٠٢١