کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیاندنەکانی ڕێژیم بۆ ئەوەیکە خەڵک دەنگ بدەن باس لە کۆرۆنا ناکەن

12:49 - 24 بانەمەڕ 2721

کاناڵەکانی ڕاگەیاندنی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لەبەر ئەوەیکە لە هەڵبژاردنەکان نزیک دەبنەوە باس لە ئاماری گیانلەدەستدان و تووشبووان بە کۆرۆناوە ناکەن هەتا خەڵک نەترسێن و بێن دەنگ بدەن.

بەپێی زانیارییەکانی گەیشتوو بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" ڕێژیمی ئێران ئیزن بە کاناڵەکانی ڕاگەیاندن بە تایبەتی تێلێگرام نادات؛ ئەو کەسانەی لە نەخۆشخانەکان بەهۆی تووشبوون بە کۆرۆناوە گیانیان لەدەست دەدەن یا دەخەوێندرێن ئامارەکەی بڵاو بکەنەوە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" ڕایگەیاندووە: "بە چاوی خۆم دیتم چەندین کەس لە شارەکانی پارێزگای ورمێ بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەست دا بەڵام لە هیچ کاناڵێکدا باسیان لێ نەکرا".

هەواڵنێری ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" باسی لەوەش کرد: "ئێستا بەرپرسانی نەخۆشخانەکان تەرمی ئەو کەسانەی بە کۆرۆناوە گیانیان لەدەست دەدەن بە بێدەنگی بە بنەماڵەکانیان دەدەنەوە و وەک مردووەکانی دیکە لە گۆڕستان بە شێوەی ئاسایی بە خاکیان دەسپێرن".

هەر لەو پێوەندییەدا یەکێک لە بەڕێوەبەرانی کاناڵی تێلێگرامیی "پ.م" بە هەواڵنێری ماڵپەڕی "کوردستان میدیا"ی ڕاگەیاندووە: "بەهۆی ئەوەیکە لە هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری نزیک دەبینەوە ئیزن بە ئێمە نادەن باس لە ئاماری کۆرۆنا بکەین هەتا خەڵک نەترسێن و بێنە سەر سندوقەکانی دەنگ دان".