کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی بنکەی فەرهەنگی- هونەریی موکریانی مەهاباد سەبارەت بە شێواندنی پەیکەری مامۆستا هەژار

12:22 - 23 گەلاوێژ 2721

بنکەی فەرهەنگی- هونەریی موکریانی مەهاباد لە ڕاگەیەندراوێکدا شێواندنی پەیکەری مامۆستا ''هەژار''یان بەتوندی ئیدانە کرد.

لە بەشگەلێک لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە:

هەموو لایەکمان دەزانین مرۆڤایەتی لە هەموو بوارێکدا قەرزداری بیرمەندان، هونەرمەندان، شاعیران، وەرگێڕان و داهێنەرانی خۆیەتی‌. ئەو بلیمەتانە بە هێزی بیر و هونەر و داهێنانیان، شۆناس، مانای گەورە، بەهای ئەخلاقی و دەرفەتی ژیانی مرۆڤدۆستانە لە هەناوی فەرهەنگی کۆمەڵگاکاندا دەئافرێنن. دەکرێت بڵێین ئەگەر ئەو کەسایەتییانە لەنێو دڵی کۆمەڵگاکاندا نەبن ڕەنگە ژیان و جیهانی مرۆڤەکان لەلایەن تاریکبیران و دەمارگرژان تووشی ئاگرێکی داگیرساوی هەتاهەتایی بێت.

مامۆستا هەژار بەپێی ڕوانگە‌ و ڕوانینی هەمەلایەنانە، کەسایەتییەکی کەم وێنەی ئەدەب و ئەندێشەی کوردە کە نەک لە کوردستان و ئێران بگرە لەنێو بیرمەندانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەکێک لە ناسراوەکانی ئەدەبیات بە هەژمار دێت. ئەو بەرهەمانەی کە بە میرات پێشکەشی بارەگای فەرهەنگی مرۆڤی کورد و گەلانی‌ تری کردووە، هێندە لە ئاستێکی بەرزدان کە بۆ هەمیشە ناو و یادی بیرمە‌ندانە‌ی مامۆستا زیندوو و هەرمان ڕادەگرێت. مامۆستا هەژار یەکێک لەو بیرمەندانەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە بەردەوام لە دەوڵەمەندکردنی گوتاری ڕاوەستان و بەرەنگاریکردن لەهەمبەر سڕینەوەی نەتەوەیی، پاکتاوکردنی فەرهەنگی گەلان، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ هەوڵی بێ‌ وچانی مەعریفیی داوە.

بۆیە دەستی ڕەشی تاریکبیران ئەگەر پێیان وایە بە شێواندنی پەیکەرەی مامۆستا هەژار دەتوانێت تۆزقاڵێک لە مەزنایەتیی ئەو بلیمەتە کەم بکاتەوە ڕێک لە هەڵەدان، هەموو دەمارگرژان چاک بزانن، مامۆستا هەژار بە‌شێکە لە ڕۆحی نەتەوەیی گەلی کورد، کاتێک کەسایەتییەک لە پانتای ڕۆحی و مێژوویی گەلەکەیدا جێ‌ دەگرێت، ئیتر ئەو بەشێکە لە نەستی گشتیی کۆمەڵگای خۆی، ئەو کاتە هیچ هێزێک ناتوانێت مەزنایەتی و گەورەیی ئەو کەسایەتییە بشواتەوە، یاخود بە شێوەی ئامانجدار لە هە‌وڵی سڕینە‌وەی‌دا بێت یان تە‌نانەت خەوشداری بکات.

لە کۆتاییدا بنکەی فەرهەنگی- هونەریی موکریانی مەهاباد وتوویانە کە ئەو کردەوە نابەجێیە لەلایەن هەر کەسێک و بە هەر مەرامێک کرابێت، بەتوندترین شێوە سەرکۆنە‌ و ئیدانە‌ی دەکەین.