دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەنیسبەت شەهیدبوونی "عوسمان مستەفاپوور" ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و داخ و کەسەری خۆی بۆ شەهیدبوونی ئەو تێکۆشەرە خۆڕاگرە دەربڕی.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:
ڕاگەیاندنی فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەبۆنەی شەهیدبوونی هاوڕێ عوسمان مستەفاپوور
بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە ڕایدەگەیەنین کە دڵسۆزی نیشتمان و تێکۆشەری دێرینی حیزبەکەمان و پێشمەرگەی ڕۆژانی سەخت، هاوڕێ عوسمان مستەفا پوور بەرەبەیانیی ڕێکەوتی ١٦ی خەرمانانی ١٤٠٠ بەهۆی پەتای کورۆنا لە نەخۆشخانە چووە ڕیزی کاروانی سەربەرزی شەهیدانی نیشتمان.
هاوڕێ عوسمان مستەفا پوور کوڕی حوسێن لەدایکبووی ١٣٤٦ی هەتاوی خەڵکی گوندی "کاسەکەرانـ"ـی ناوچەی پیرانی پیرانشارە. ناوبراو، لە تەمەنی ٧ ساڵیدا دەچێتە قوتابخانە و تا پۆلی سێهەمی ناوەندی درێژە بە خوێندن دەدا.
هەژاری و دەستکورتی ناهێڵێ هاوڕێ عوسمان درێژە بە خوێندن بدا و بۆیە وەک زۆربەی منداڵانی تامەزرۆی خوێندنی کورد، بە ناچاری واز لە خوێندن دێنێ و وێڕای بنەماڵەکەی مل وەبەر کار دەنێ، تاکوو بتوانێ بژێوی ژیانی بنەماڵەکەی دابین بکا.
بە هاتنە ئارای گۆڕانکاری لە سیستمی سیاسیی دەسەڵاتداری ئێراندا و، هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی و دەرکەوتنی ڕووی ڕاستیی ئەو بێچمە دەسەڵاتە و ، هەروەها، سەرهەڵدانی خەباتی نوێی کورد بۆ وەدیهێنانی ئامانجە نەتەوایەتییەکانی، هاوڕێ عوسمان مستەفاپوور لە ساڵی ١٣٦٤ ڕوو دەکاتە ڕیزەکانی حیزب و لە هێزی قەندیل سازمان دەدرێ.
هاوڕێ عوسمان لە ساڵی ١٣٦٧ بۆ مەئموورییەتێکی دیاریکراو دەچێتە هێزی ئاگری و ساڵی ١٣٧٠ لە گەڕانەوە لە مەئمووریەتێکی شاری "ورمێـ"ـدا کەوتنە بۆسەی هێزەکانی دوژمن و دوای شەڕێکی قارەمانانە، بە دیل دەگیرێ و دوای ٢٨ ساڵ بەربەرەکانێ و بەرخودان لە بەرانبەر جەللادەکان و ئەشکەنجەگەرانی کۆماری ئیسلامی، دەگەڕیتەوە ڕیزەکانی پیشمەرگەی کوردستان و تا کاتی شەهیدبوونی دڵسۆزتر و ئۆگرانەتر لە جاران درێژە بە ئەرکەکانی حیزبی و نیشتمانیی دا.
هاوڕێی خەباتگێڕ و تێکۆشەر شەهید عوسمان مستەفاپوور پیشمەرگەیەکی بەبیر و باوەڕ و خەمخۆری گەلەکەی بوو، تایبەتمەندیی شۆڕشگێڕانە و تێکۆشانی بێ وچانی لەو ماوەیەدا کە لە سیاچاڵەکانی کۆماری ئیسلامی بوو، بوو بە وێردی زمانی هەمووان و پاش گەڕانەوەی ڕیزی شۆڕشگێڕانی دێموکرات بە هەناسەیەکی گەرمەوە دەست بە خەبات و تێکۆشان کرد، هەر بۆیە لەلایەن دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان پلەی کادری نیزامی پێدرا و لە دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سازمان درا، لەو ئۆرگانە ئەرکی خۆی بە باشترین شێوە بەڕێوە برد.
ڕۆحی شاد و ڕێگای پڕ ڕێبوار بێت.
دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان
١٦ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی