کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکرات سەبارەت بە لەسێدارەدانی شەهید حەیدەر قوربانی

13:35 - 28 سەرماوەز 2721

دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە لەسێدارەدانی شەهید "حەیدەر قوربانی" لەلایەن ڕێژیمی بکوژی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

ئازادیخوازانی جیهان!

گەلانی ڕزگاریخوازی ئێران! 

خەڵکی نیشتمانپەروەر و خەباتکاری کوردستان!

بەداخەوە ڕادەگەیەنین کە جارێکی دیکەش دەسەڵاتی ڕێژیمی ئازادیکوژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆڵەیەکی هەڵکەوتەی نەتەوەکەمان، لاوێکی گەلخۆشەویست و دێموکراتی لە باوەشی دایکی نیشتمان ڕفاند.

 حکوومەتی بکوژی لاوانی کوردستان سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی سەرماوەز، بە شەهیدکردنی "حەیدەر قوربانی"، لوولێکی تاریکتری هەڵپێچا سەر تۆماری دزێوی تاوانەکانی.

شەهید "حەیدەر قوربانی" کوڕی شەهید "عەلی" ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٥ لەلایەن چەکدارەکانی ڕێژیمەوە هەڵکوترایە سەری و بە تاوانی ئەندامیەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بەشداری لە بزووتنەوەی ڕەوای خەڵکی کوردستاندا دەسبەسەر و پەلکێشی بەندیخانەکانی ڕێژیم کرا. لە ماوەی ٥ ساڵ دەسبەسەری لە بەندیخانەدا وێڕای ئەشکەنجە و ئازارێکی زۆر  لە هەموو مافێکی بەندکراوێکی سیاسی تەنانەت لە چاوپێکەوتنی ئاساییش لەگەڵ خۆشەویستانی بێبەش کرابوو. شەهید حەیدەر قوربانی لەگەڵ ئەوەی هیچکام لە تۆمەتەکانی  دەزگا ناقەزاییەکانی ڕێژیمی وەئەستۆ نەگرتبوو و پاڵپشتییەکی بەرینی ئازادیخوازان و بیروڕای گشتیی بۆ ئازادکردنی لەپشت بوو، ڕێژیم سوور بوو لەسەر بەتاوانبارزانینی و سەرەنجام سەرلەبەیانیی ڕۆژی ٢٨ی سەرماوەز لە بەندیخانەی سنە حوکمی داسەپاوی ئێعدامی لەسەر بەڕێوە برد.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای مەحکوومکردنی ئەو جینایەتەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، پرسە و سەرەخۆشیی خۆی بە بنەماڵە و کەسوکاری "حەیدەر قوربانی" و خەڵکی کامیاران ڕادەگەیەنێت و خۆی به هاوبەشی خەمیان دەزانێت.

دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران