کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکرات سەبارەت بە کارەساتی مێترۆپۆلی ئابادان

11:14 - 8 جۆزەردان 2722

دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە کارەساتی مێترۆپۆلی ئابادان  ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

هاونیشتمانییانی خۆشەویست!

 بۆ گەلانی ئێران بەگشتی و نەتەوەی عەرەبی بندەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاشکرا و حاشاهەڵنەگرە کە بێکیفایەتی و ناکارامەیی کۆماری ئیسلامی هەموو بوارە پێوەندیدارەکان بە ئیدارە و بەڕێوەبەریی وڵاتی لەخۆ گرتووە. سەرەڕای ناکارامەیی و گەندەڵی و دزی و بەرتیل، ئاژینی هەموو جومگە چکۆلە و گەورەکانی دەسەڵاتە و کراوەتە سیستمێکی سێبەر بۆ هەرچی زیاتر ڕووتاندنەوەی خەڵک و وڵات  لە ئاوەدانی، ئاسایش و خۆشبژێوی. کەم نین ئەو ڕووداوانەی لە سایەی سیستمی سێبەری زاڵ بەسەر کۆمەڵگاکەماندا، ناوەناوە خەڵکی پانتای ئەم نیشتمانە تووشی لێقەومان و کارەساتی ناخهەژێن دەکەن.

داڕمانی بینای مێترۆپۆلی ئابادان وێنەیەکی دیکەیە لە ڕووخساری گەندەڵیی ئەم ڕێژیمە کە سەرەڕای ئەستاندنی گیانی گەلێک لە هاونیشتمانان گیانی دەیانی دیکەشی لەژێر پەردووە ڕووخاوەکانیدا خستۆتە مەترسیی نەمانەوە.

ئەگەرچی خەڵکی وەزاڵەهاتوو لە چنگ گەندەڵ و بێکیفایەتەکان ئازایانە هاتوونە سەر شەقامەکان و بە دروشم و خۆپیشاندان ناڕەزایەتی دەردەبڕن، بەڵام  نە بە ئاڵوگۆڕی دەوڵەت و دامەزراوەکانی، نە شوێنگۆڕکەی کەسایەتیی گەندەڵ و ناکارامە، لەم ڕێژیمەدا چاکسازی پێک نایەت و بنبڕکردنی گەندەڵی دەستەبەر نابێت.

 لە ئەزموونی تاڵی چل و سێ ساڵ دەسەڵاتداریدا، تێرۆر، سەرکوت، ئازادیکوژی  و شەڕ و ماڵوێرانی  سیمای ناسراو و مۆرکی حکوومەتی کۆماری ئیسلامین.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای سەرەخۆشی و هاوخەمی لەگەڵ خەڵکی بەرکارەساتی ئابادان، ڕاشکاوانە دووپاتی دەکاتەوە کە تەنیا ڕێگای ڕزگاری لە وەیشوومەی ئەم دەسەڵاتە دزێوە، ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و هاتنەسەرکاری سیستەمێکی دێموکراتی فێدێڕاڵە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای ڕێکخستنی گشتی

٨ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی