کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی دەفتەری سیاسیی حیزب بە بۆنەی مانگرتنی زیندانیانی سیاسییەوە

16:25 - 11 بەفرانبار 2716

کوردستان میدیا: دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی مانگرتنی ژمارەیەک زیندانیی سیاسی لە زیندانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا، و بۆ پشتیوانی کردنیان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

ئازادیی زیندانیانی سیاسی، داواکاریی هەمووانە

هاونیشتمانیانی بەڕێز،

گەلانی ئازادیخوازی ئێران

کۆڕ و کۆمەڵە نێو دەوڵەتییەکان،


هەروەک لە ڕاگەیاندنەکاندا بڵاو بۆتەوە، ژمارەیەک زیندانیی سیاسی لە زیندانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا دەستیان داوەتە مانگرتن و بۆ ماوەیەکی زۆرە کە مانگرتنەکەیان بەردەوامە.

بەتایبەتی نێوی کەسانی وەکوو ئارەش سادقی، سەعید شیرزاد، عەلی شەریعەتی، نزار زەکا و محەممەدعەلی تاهیری، زیاتر لە هەمووان دەوترێتەوە، چوونکە مانگرتنەکەیان درێژەدارتر بووە و گیانیان لە مەترسیدایە.

لە نێو ئەو زیندانیانەدا سەعید شیرزاد کوردە و ئارەش سادقیش خۆی لەبەر بیروڕای جیاواز زیندانی ١٥ ساڵەی بۆ بڕاوەتەوە و بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر بە دەستبەسەرکرانی هاوسەرەکەی، دەستی داوەتە مانگرتن.

خەڵکی ئازادیخواز،

ئەم چەند کەسە لە زیندانیانی سیاسی، تەنیا ئەو ژمارەیەن کە مانیان لە خواردن گرتووە، دەنا لە زیندانەکانی ئێراندا بە سەدان و هەزاران کەس دەستبەسەر کراون و لە چاڵەڕەشەکاندا تووشی ئەشکەنجە و ئازار دەبنەوە و تەنیا بە تاوانی بیرکردنەوە و جیاوازیی سیاسی و ئایینی و تێکۆشان بۆ ئازادیی خەڵکەکەیان.

ئەم ژمارە زۆرەی زیندانیی سیاسی لە ئێراندا لەکاتێکدایە کە دەوڵەتی ئاغای ڕۆحانی وادە و بەڵێنیی درۆینەی بە خەڵک دەدا و هەر لە ڕۆژانی ڕابردوودا پەردەی لە سەر چەواشەکارییەکی دیکەی، بە ناوی مەنشووری شارۆمەندی هەڵدایەوە.

ئەرکی پشتیوانی لە خەڵکانی ئازادیخوازی ئێران و بەتایبەت پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسی ئەرکێکی گشتگیر و جیهانیە و داوامان لە هەموو ئازادیخوازان و هەموو کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان ئەوەیە کە گوشار بۆ ڕێژیمی سەرەڕۆی کۆماری ئیسلامی بێنن کە بە بێ هیچ هەڵاواردنێک هەموو زیندانیانی سیاسی و یەک لەوان ئارش سادقی کە بە بۆنەی مانگرتنە درێژخایەنەکەیەوە مەترسیی گیانلەدەستدانی هەیە، ئازاد بکات.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی

١١ی بەفرانباری ١٣٩٥
٣١ی دێسامبری ٢٠١٦