کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی ١٦ی سەرماوەز

09:54 - 15 سەرماوەز 2721

ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران، بەبۆنەی ١٦ی سەرماوەز ڕۆژی کەمئەندامانی حیزبی دێموکرات، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

ڕاگەیەندراوی ناوەندی سیاسی بەبۆنەی ١٦ی سەرماوەز ڕۆژی کەمئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران 

کەمئەندامی شۆڕش ئەو مرۆڤە بەجەرگەیە کە ملی بۆ زوڵم و زۆر و سەرکوت ڕانەکێشاوە و لە بەرنگاربوونەوە لەگەڵ دوژمنانی ماف و ئازادیی نەتەوەکەیدا بریندار بووە و ئەندامێک یان تەنانەت چەند ئەندامی لەشی لەدەست داوە و بەو شێوەیە، تێچوویەکی قورسی لە پێناو سەربەستیی نیشتمان وەخۆ گرتووە.

کەمئەندامی شۆڕش ئەو مرۆڤە بەبیروباوەڕەیە کە ئێستاش ئەگەر کات بگەڕێتەوە بۆ پێش برینداربوونی، ئامادەیە لەپێناو وەدیهێنانی ئازادی و سەربەستی بۆ گەلەکەی، دەست بداتەوە چەک و تەنگ بە چەوسێنەر هەڵچنێت.

بۆ لەبیرنەکردن و ڕێزگرتن لەو مرۆڤە لێبڕاوە، چوار ساڵ لەوەپێش، ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕۆژی ١٦ی سەرماوەزی بە ڕۆژی کەمئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دیاری کرد. لە بەشیک لە ڕاگەیەندراوی ناوەندی سیاسی لە ١٣ی سەرماوەزی ١٣٩٧ی هەتاویدا هاتووە:

"بۆ ئاگاداریی هەموو لایەک، کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە تایبەت کەمئەندامانی حیزب، ڕادەگەیەنین کە بۆ ئەمەگناسی دەربڕین و ڕێزگرتن لە تێکۆشانی هەموو ئەو هاوڕێیانەی کە لە ڕەوتی خەبات و تێکۆشان، لەپێناو ئامانجەکانی نەتەوەی کورد و لە ڕیزی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا، چ بە شێوەی تێرۆر، پیلانی جۆراوجۆری جینایەتکارانی ڕێژیم، یان لە سەنگەری بەرگری بەرانبەر بە نەیارانی کورددا ئەندامێک یان چەند ئەندامی جەستەیان لەدەست داوە و لەگەڵ ژیانی کەمئەندامی بەرەوڕوو بوون، بەڵام کەمئەندامبوون نەیتوانیوە بەربەست بێت لە درێژەدان بە تێکۆشان و تەنانەت بیروباوەڕی ئازادیخوازانەیان پتەوتر و ئیرادەیان لێبڕاوانەتر بووە، ڕۆژێک وەک ڕۆژی کەمئەندامانی حیزب دیاری دەکات".

١٦ی سەرماوەز وەبیرهێنەرەوەی ئەو ڕۆژە تاڵەیە کە لە ساڵی ١٣٦٦ی هەتاویدا ڕێژیمی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگای خائینێکەوە، بە ناردنی کتێبێکی بۆمبڕێژکراو بۆ فەرماندەی قارەمانی حیزبەکەمان کاک "حەسەن شیوەسەڵی"، زیانی گەورەی بە جەستەی ئەو تێکۆشەرە گەیاند، بەڵام کاریگەریی لەسەر ورەی بەرزی هاوڕێمان دانەنا.

مەبەست لە دیاریکردنی ئەو ڕۆژە، بەر لە هەموو شتێک ڕێزگرتن لە خەبات و بەرخۆدانی ئەو تێکۆشەرانەیە کە لە پێناو ڕزگارکردنی گەلەکەیان لە چەوسانەوە و ژێردەستی، لە مەتەرێزی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ دوژمندا بوون بە کەمئەندام.

کەمئەندامانی خەبات بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگری شەڕێکی پڕتێچوو و کاولکەرە کە کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای هاتنەسەرکاریەوە بەسەر خەڵکی کوردستانیدا سەپاندووە و ئێستاش هەر درێژەی هەیە.

هەروەها دیاریکردنی ئەو ڕۆژە یارمەتیمان دەدات کە ئەو هەموو جینایەتانەی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٤٣ ساڵی ڕابردوودا دژ بە نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی خوڵقاندوونی، قەت لەبیر نەچنەوە و نەسڵی ئێستا و نەسڵەکانی داهاتوو بزانن کە کۆماری ئیسلامی بەو شێوە دڕندانەیە وڵامی داخوازە ڕەواکانی گەلەکەیانی داوەتەوە.

بەو هیوایە کە دیاریکردنی ڕۆژێکی ئەوتۆ، لانیکەم بەشێکی بچووک لە ئێش و ژانی قورسی خەباتگێڕانی کەمئەندام کەم بکاتەوە.

کەمئەندامان بزانن کە لەبیری حیزبەکەیان و هاوسەنگەرەکانیان ناچنەوە و هەتاهەتایە خۆمان بە ئەمگداری ئەوان دەزانین و هەتا وەدیهێنانی ئامانجەکانیان لە خەبات و تێکۆشان بەردەوام دەبین و ڕێبازیان بەر نادەین.

بەهیوای وەدیهاتنی ئامانج و ئاواتی تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی سیاسی

١٥ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی