کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

‎ڕاگەیەندراوی ناوەندی "نێرگز" سەبارەت بە سروودی ئیدئۆلۆژیکی "سەلام فەرماندە"

12:53 - 3 پووشپەڕ 2722

ناوەندی "نێرگز" سەبارەت بە سروودی ئیدئۆلۆژیکی "سەلام فەرماندە" ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و داوای لە بنەماڵەکان کردووە کە ڕێگا بە منداڵانی خۆیان نەدەن ڕێژیمی ئێران بۆ بڵاوکردنەوەی ئەو سروودە لە منداڵاکانیان کەڵک وەربگرێت.

‎دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

‎ماوەیەکە سروودێک لەژێر ناوی "سەلام فەرماندە" لە میدیاکانی سەر بە ڕێژیم بڵاو دەبێتەوە و لە زۆربەی قوتابخانەکانی ئێران و لە کوردستانیش بە یارمەتیی دەستوپەیوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران ئەو سروودە لەلایەن منداڵانەوە بە ناچار دەوترێتەوە.

‎لە ڕاستیدا سروودی "سەلام فەرماندە" لەسەر بنەمای ئیدئۆلۆژیکی، سیاسی و مەزهەبی پێک هاتووە و جگە لە تەبلیغ و چەواشەکاری بۆ سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێران هیچی دیکەی تێدا نییە.

‎بەردەنگەکانی ئەو سروودە منداڵانی دەیەی نەوەدی و هەشتایی یان بڵێین "نەوەی نوێن" و ناورۆکی ئەو سروودەش باس لە لاوازبوونی ڕێژم دەکات کە لەوێدا "عەلی خامنەیی" ڕێبەری ڕێژیم وەک ئیمامی زەمان وێنا کراوە و منداڵانی دەیەی نەوەدی و هەشتاییش هان دەدات ببن بە سەربازی ئیمامی زەمان واتە هەمان "عەلی خامنەیی".

‎ئەو شتەی لێرەدا بۆ ئێمەی کورد گرینگە و پێویستە لەبەرچاوی بگرین ئەوەیە کە نەتەوەی کورد هیچ کات دەنگی بە سیاسەتەکانی ڕێژیم نەداوە و پیرۆزییەکانی ڕێژیم لای هیچ نرخێکیان نییە، بەڵام ڕێژیم بە بەردەوام بە پلان و پیلان لەسەر کورد کاری کردووە، کەوایە دەبێ بزانین ئەو سروودە هیچ پەیوەندییەکی بە ئێمەوە نییە و نابێ ڕێگە بدین ڕێژیم لە منداڵەکانی ئێمە کەڵکاوەژوو وەربگرێت و وا دەر بخات کە ئێمەی کورد دەنگ بەو ڕێژیمە دەدەین و قەبووڵمانە.

‎منداڵان دەبێ پارێزراو لە سیاسەت بن و ئێمە نابێ ڕێگە بدەین منداڵەکانمان تێکەڵ بە سیاسەتی ڕێژیم بن.

‎ناوەندی نێرگز

٢ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی