کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی "ناوەندی هاوکاری" بۆ ڕێزگرتن لە پێشمەرگە سپی پۆشەکان

11:17 - 22 خاکەلێوه 2720

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، بۆ ڕێزگرتن لە ئەرک و دڵسۆزییەکانی کادر، پزیشک و پەرستارەکانی نەخۆشخانەکانی ئێران و کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا، ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

هاونیشتمانییانی خۆشەویست!

خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان!

 کۆڕ و کۆمەڵە مرۆڤدۆستەکان!

هەر وەک هەموومان ئاگادارین زیاتر لە ٤ مانگە لە وڵاتی چینەوە نەخۆشیی کوشندەی کۆرۆنا سەری هەڵداوە و بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر کۆمەڵگای جیهانیی تەنیوە و دەیان هەزار کەس بوونەتە قوربانی و بە ملیۆنان کەسیش ئێستا لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدان. لەم پێوەندییەدا لە سەرتاسەری دونیادا کادری پزیشکی و دوکتور و پەرستار و دامەزراوە پزیشکی و خێرخوازییەکان بۆ پێڕاگەیشتن بە تووشبووانی ئەم ڤایرۆسە مەترسیدارە و قوتاربوونی تووشبووان و گەڕاندنەوەی باری تەندروستییان بۆ دۆخی ئاسایی، ڕۆڵێکی مێژوویی، کاریگەر و مرۆڤدۆستانەیان لە خۆیان نیشان داوە و هەر لەم ڕێگەیەشدا دەیان کەس گیانیان لە پێناو ئەم خزمەتە بەشەردۆستانەیەدا پێشکەش کردووە و مێژوویەکی پڕ لە سەروەرییان بۆ خۆیان تۆمار کردووە.

لە وڵاتی ئێمەشدا کە ڕێژەی تووشبووان و قوربانییان لە سەرترە و ڕێبەرانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران وەک سیاسەتی هەمیشەییان لە بەرامبەر ئەم ڕووداوە مرۆیی و مەترسیدارەدا کەمترین هەنگاوی ئەرێنییان بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتییان و تووشبووانی ئەم ڤایرۆسە هەڵنەگرتووە و زۆر چەواشەکارانەش لەم پێوەندییەدا خۆیانیان دەرخست. ئەوەی جێی سەرنجە ئاستی وشیاریی کۆمەڵانی خەڵک و دڵسۆزی و هەست بە بەرپرسیارێتیی دوکتورەکان و پەرستارەکان و سەرجەم کادری دەرمانی و پزیشکی و خەڵکی خۆبەخش بوو کە بە پێڕاگەیشتن بە نەخۆشەکان و گرتنەبەری ڕێوشوێنی تەندروستی بۆ هاوڵاتییان، بەردەوام لە خزمەتکردن و شەونخوونیدا بوون. کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لەم ئافەت و پەتایە بێبەش نەبوونە و بە دەیان کەس گیانیان لەدەست داوە و بە سەدان کەسیش لەژێر چاوەدێریی پزیشکی و بەگشتی لە قەرەنتینەدان.

بە نیشانەی بەرز نرخاندنی خزمەتی دوکتورەکان و پەرستارەکان و هەموو ئەو کەسانەی کە لەو بوارەدا بە هانای کۆمەڵانی خەڵکەوە ڕۆیشتوون، کۆمەڵێک لە ئۆگرانی خزمەت بە کۆمەڵی مرۆڤایەتی کەمپەینێکیان لەژێر ناوی "پارێزەرانی ژیان " و بە  دروشمی "پێشمەرگانی سپی پۆش، قەت ناکرێن فەرامۆش" بۆ ڕۆژی هەینی ٢٢ی خاکەلێوە کاتژمێر ١٠ی شەو بە کاتی ڕۆژهەڵات ڕاگەیاندووە، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای دەربڕینی سپاس و پێزانینی خۆی بۆ هەموو ئەو پێشمەرگە سپی پۆشانە لە سەرتاسەری دونیا و بەتایبەت لە ئێران و کوردستاندا، پشتیوانی لە هەڵوێستی ئەمەگناسانەی ئەو پۆلە چالاکڤانە سیاسی و مەدەنییە دەردەبڕێت و داوا لە کۆمەڵانی خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستانیش دەکات کە بە پیری ئەم بانگەوازە مرۆڤدۆستانەیەوە بێن.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

٢١ی خاکەلێوەی ١٣٩٩ی هەتاوی

٩ی ئاپریلی ٢٠٢٠ی زایینی