کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوکاری بەبۆنەی ٢٦ی خەرمانان

12:07 - 24 خەرمانان 2721

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا بەبۆنەی ٢٦ی خەرمانان بڵاوی کردووەتەوە ئێمە وەکوو ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە ٢٩هەمین ساڵوەگەڕی کارەساتی تێرۆریستیی میکۆنووسدا داوا لە کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان دەکەین لە بەرامبەر ماشینی تێرۆر و کوشتن و کاولکاریی ڕێژیمی ئێران و بەتایبەتی هێرشەکانی ئەم ڕۆژانەی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، کە بۆتە هۆی کاولکردنی ژینگە و تۆقاندنی خەڵکی مەدەنی و تێرۆری چالاکانیی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆن بێدەنگ نەبن.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

 ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٢٦ی خەرمانان، ساڵیادی تێرۆری شەهیدانی میکۆنووس

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان

کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان

 ئازادیخوازان

 ٢٩ ساڵ پێش ئێستا و لە ٢٦ی خەرمانانی ١٣٧١ی هەتاویدا کۆماری تێرۆریستیی ئیسلامیی ئێران لە درێژەی زنجیرە تێرۆرەکانی خۆی لە نێو جەرگەی وڵاتانی ئورووپاییدا، تاوانێکی دژەمرۆیی دیکەی لە مێژووی پڕ لە تاوان و سەرشۆڕیی خۆیدا خولقاند و لە پیلانێکی تیرۆریستیی قیزەوندا، دوکتور سادق شەرەفکەندی ناسراو بە "دوکتور سەعید"، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای سێ کەس لە هاوڕێیانی بە ناوەکانی فەتاح عەبدولی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی، هۆمایوون ئەردەڵان، نوێنەری حیزب لە ئاڵمان و نووری دێهکوردی، خەباتکاری ناسراوی ئێرانی و دۆستی حیزبی دێموکرات، لە شاری بێرلینی ئاڵمان بە دەستی تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی شەهید کران.

دوکتوور شەرەفکەندی کە لە مانگی خەرمانانی ١٣٧١ بە مەبەستی بەڕێوەبردنی هێندێک کاروباری سیاسی سەفەری ئورووپای کردبوو، بۆ بەشداری لە کۆنگرەی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست سەردانی وڵاتی ئاڵمانی کرد.

 دوای ئەو کۆبوونەوەیە و کاتێک کە لەگەڵ نوێنەرانی چەند لایەنی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆن بۆ دیالۆگ و ڕاگۆڕینەوە و گەیشتن بە پلاتفۆرمێکی هاوکاری، لە ڕێستورانی میکۆنووس لە شاری بێرلین لە دەوری یەک کۆ ببوونەوە، تێرۆریستانی ڕێژیم خۆیان گەیاندە شوێنی کۆبوونەوەکە و شاندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان دایە بەر دەستڕێژ و بە شەهیدکردنی دوکتور سەعید و هاوڕێیانی تاوانێکی تیرۆریستیی دیکەیان خولقاند.

دوابەدوای ئەو تیرۆرە، پۆلیسی وڵاتی ئاڵمان دەست بە کار بوو و لە ماوەیەکی کورتدا توانیی تێرۆریستەکان دەسبەسەر بکات و لە دادگایەکی درێژخایەندا پاش تاوتوێکردنی هەموو بەڵگەنامەکان و بیستنی شایەتیی شایەتحاڵان، سزای یاسایی بۆ تێرۆریستەکان دیاری بکات و لەوەش گرینگتر، بۆ یەکەم جار لە دادگایەکدا کە سەرنجی هەموو جیهانی لەسەر بوو، ڕێبەر و سەرکۆمار و بەشێک لە وەزیران و بەرپرسانی بالای سیاسی و سەربازی و دیپلۆماتیکی ڕێژیمی ئێران وەکوو بڕیاردەرانی تێرۆریزمی نێودەوڵەتی بناسێنێت و بڕیاری دەسبەسەرکردنیان دەربکات.

کۆماری ئیسلامی لە ماوەی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دادگاییکردنی تاوانباراندا بە شێوەی جۆراوجۆر هەوڵی دا بە گوشار خستنەسەر حکوومەت و دەزگای قەزایی ئاڵمان، هاوشێوەی کەیسی تێرۆری دوکتور قاسملوو و تیرۆرەکانی دیکە، تاوانی خۆی پەردەپۆش و تاوانباران ڕزگار بکات، بەڵام سەربەخۆیی دەزگای قەزایی و گوشاری بیر و ڕای گشتیی وڵاتی ئاڵمان هەموو ئەو پەلەقاژەیەی ڕێژیمی پووچەڵ کردەوە و دادگا بە دەرکردنی بڕیارێکی مێژوویی، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و ڕێبەرانی ئەو ڕێژیمەی وەکوو بڕیاردەرانی ئەم کردەوە دژەمرۆییە، بە دنیا ناساند و ڕیسواییەکی گەورە و تەریککەوتنێکی بەربلاو داوێنی کۆماری ئیسلامیی گرتەوە.

دادگای میکۆنووس یەکەم بەڵگەی یاسایی نێودەوڵەتییە کە کۆماری ئیسلامی و ڕێبەرانی ئەو ڕێژیمەی وەکوو تێرۆریست و بڕیاردەری تێرۆر ڕیسوا کرد. دەنگدانەوەی بەربڵاوی ئەم حوکمە لە ئاستی نێونەتەوەیی و نێوخۆییدا و هەڵوێستی وڵاتانی ئورووپایی لەمەڕ کشاندنەوەی باڵوێزەکانیان لە ئێران، ڕێژیمی بەرەوڕووی قەیرانێکی قووڵی نێوخۆیی و دەرەکی کرد، بە جۆرێک کە پرۆژەی تیرۆرەکانی دەرەوی وڵاتی بە تایبەتی لە وڵاتانی ئورووپاییدا پەک خست و ڕێژیم بۆ گەڕانەوەی باڵوێزەکان ناچار بوو باجی زیاتر بدات، تەنانەت لە ئاستی نێوخۆییشدا ڕێژیم ناچار بوو بەوەڕێخستنی شانۆگەریی ئیسلاحات و وتووێژی شارستانیەتەکان، وا نیشان بدات کە ئاڵوگۆڕی بەسەر سیاسەتی نێودەوڵەتیی خۆیدا هێناوە.

تێرۆری میکۆنووس، نە یەکەمین و نە دوایین کردەوەی لەو چەشنەی ڕێژیم بوو بەڵکوو وەک لە کەیسی تەقاندنەوەی بنکەی جوولەکەکانی ئاڕژانتینیشدا دەرکەوت، جەوهەری کۆماری ئیسلامی لەگەڵ تێرۆر گرێ دراوە و لێک جیا ناکرێنەوە.

 لەم ڕۆژانەشدا و بە هاتنە سەرکاری ڕەئیسی دەبینین کە دوو لە بڕیاردەران و تاوانبارانی داواکراو لە دۆسیەی تێرۆرەکانی میکۆنووس و ئامیا، واتە مۆحسێن ڕەزایی و ئەحمەد وەحیدی لە کابینەی ناوبراودا ئەرکیان پێ سپێردراوە و ئەوە نیشان دەدات کە لە کۆماری ئیسلامیدا تێرۆریزمی دەوڵەتی بەشێکی دانەبڕاو لە پێناسە و ئەرکی بەرپرسان و دەزگاکانی بڕیاردان و بەڕێوەبردنە و هیچ دانوستان و سات و سەودا و تەنانەت هیچ ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتیش ناتوانێ وەها ئاڵوگۆڕێکی جەوهەری بە سەر ئەو ڕێژیمەدا بێنێ کە واز لە تێرۆر و تێرۆریزم بهێنێت.

هەر بۆیە لە ئێستاشدا ڕێژیمی ئێران بە شێوەیەکی ئاشکراتر لە جاران درێژە بە سیاسەتی تیرۆر و کوشتن و تۆقاندن لەنێوخۆ و دەرەوەی ئێران دەدات کە نموونەکانی دەتوانین لە هەڕەشەکانی ئەم دواییانەی لە چالاکان و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران و هێرشی ئاسمانی بۆ سەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستاندا ببینینەوە.

 کۆماری ئیسلامی هەرکاتێک کە هەستی بە لاوازیی هەڵوێستی نێودەوڵەتی لە بەرانبەر دەستدرێژییەکانیدا کردبێت، بە شێوەیەکی بێ سنوور و ڕوو لە زیادبوون، تێرۆر و هەڕەشەکانی تەشەنەی سەندووە و بەپێچەوانەش هەر کاتێک وەک نموونەی بڕیاری ئازایانەی دادگای میکۆنووس لەگەڵ هەڵویستی توند و سیاسەتی گونجاوی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرەوڕوو بۆتەوە، لانیکەم لە کردەوەدا پاشەکشەی کردووە و گەڕاوەتەوە نیو قاوغی خۆی.

هەر بۆیە ئێمە وەکوو ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە ٢٩هەمین ساڵوەگەڕی کارەساتی تێرۆریستیی میکۆنۆسدا وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی شەهید دوکتور شەرەفکەندی و هاوڕێیانی و هەموو ئازادیخوازانی قوربانیی دەستی تێرۆر و تاوانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، داوا لە کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان دەکەین لە بەرامبەر ماشینی تێرۆر و کوشتن و کاولکاریی ڕێژیمی ئێران و بەتایبەتی هێرشەکانی ئەم ڕۆژانەی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، کە بووەتە هۆی کاولکردنی ژینگە و تۆقاندنی خەڵکی مەدەنی و تێرۆری چالاکانیی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆن، بێدەنگ نەبن و بزانن کە تا کاتێک کە هەڵوێستی شیاویان لە بەرانبەر ئەو سیاسەتەی کۆماری ئیسلامیدا نەبێت، نەک هەر ئازادیخوازانی کورد و گەلانی ئێران بەڵکوو هیچ کەسێک لە هیچ شوێنێکی ناوچە و جیهاندا لە مەترسیی تێرۆر پارێزراو نابێت.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

٢٤ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی

١٥ی سێپتامبری ٢٠٢١ی زایینی