ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٢٥ی نوامبر، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:
٢٥ی نوامبری هەموو ساڵێک بۆنەیەک بۆ ڕێزگرتن لە خەبات و تێکۆشانی بێوچانی ژنان لە سەرانسەری جیهاندا لە پێناوی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و پێشێلکردنی مافەکانیان و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە یەکسانیی ڕەگەزی لەنێوان مرۆڤەکاندایە.
ئەو ڕێکەوتە لە ساڵی ١٩٩١ی زایینی لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەکوو بۆنەیەکی جیهانی بە مەبەستی نەهێشتنی توندوتیژی دژ بە ژنان دیاری کرا.
بابەتی توندوتیژی دژ بە ژنان مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە و لە وڵاتانی جیهاندا پرسێکی گشتگیرە کە بەپێی هەلومەرجی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری و هتد، ڕەهەندی جیاواز لەخۆ دەگرێت و بەو پێیە بەرەنگاربوونەوەشی ئەرکێکی مێژوویی و ئینسانی بۆ هەموو کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییە.
توندوتیژی دژ بە ژنان لە ئێران و وڵاتانی دیکەی زاڵ بەسەر کوردستاندا بەشێک لە تایبەتمەندییەکانی سیستمە سیاسییەکان، یاساکان، نەریتە کۆمەڵایەتییەکان و کولتووری کۆمەڵگەکانە کە مخابن ئاگایانە یان نائاگایانە چووەتە نێو بیرکردنەوەی تاکەکانیش و زۆر جار لە هەڵسوکەوتی تاکەکان لە بنەماڵە و کۆمەڵگە و لە پرۆسەی بەڕێوەبردنی وڵاتیشدا ڕەنگ دەداتەوە.
سەرباری پاشخانێکی مێژوویی دوورودرێژی پڕ لە نەهامەتی بۆ ژنان لە ئێران و کوردستان، هاتنە سەرکاری ڕیژیمی کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامی وەک باری سەرباری هەموو دەردانیش، ژیان و چارەنووسی ژنانی خستە بەردەم سێ کوچکەی یاسای کۆنەپەرستانە، نەریتی دواکەوتووانە و ئایینی بە ئیدئۆلۆژیکراوی حکوومەت و ژنان لەو ماوەیەدا قوربانییەکی زۆریان لە خەبات و بەرەوڕووبوونەوەی ئەو سیستمە دژەمرۆییەدا داوە.
ئەو سیستمە سیاسییەی کە ئێستا وەکوو وەیشوومەیەک باڵی بەسەر وڵاتەکەماندا کێشاوە، هەم میراتگری کۆمەڵێک داب و نەریتی پیاوسالارانەیە کە خۆبەخۆ دژ بە ویستی ڕەوا و ئەمڕۆیی ژنانی یەکسانیخواز کار دەکات و هەم بۆ خۆی بەرهەمهێنەری کولتوور و عەقڵییەتێکی ئیدئۆلۆژیکە کە ژن لەو کولتوورەدا خاوەنی هیچ مافێک و هەڵگری هیچ بایەخێکی مرۆیی نییە و تەنیا وەکوو ئامراز و کاڵا و کۆیلەیەک بۆ خزمەتکردن بە پیاوان و دەزگای بەرهەمهێنانی حەشیمەتێکی گوێڕایەڵ بۆ بەردەوامی و مانەوەی سیستم چاوی لێ دەکرێت.
لە دیارییەکانی ئەو سیستم و کولتوورە دواکەوتووە بۆ ژنان دەتوانین ئاماژە بۆ هەڵاواردنی جێگیرکراو لە یاساکانی ژیانی هاوژینی، میرات، یاسای فرەژنی، سیغە و هاوشێوەکانی و یاساکانی دیکەی تایبەت بە پێگەی ژن لە بنەماڵە و ژیانی هاوبەشدا، قەساس و حەد و تەعزیر و خوێنبایی، ڕەواییدان بە قەتڵی نامووسی، دەستدرێژی و ئازاردانی سێکسی لە شەقام و زیندانەکان و ئیداراتی حکوومەتی و هەموو بوار و قوژبنەکانی ژیان لە ئاستی گشتی و تایبەتی کۆمەڵگەدا، بەردبارانکردن، سەرکوتکارییەکانی گەشتی ئیرشاد، کەڵکاژۆ وەرگرتن لە ژنان بۆ مەبەستی سیاسی، حیجابی زۆرەملێ و بەربەستدانان بۆ بەشداریی چالاکانە و ئازادیی ژنان لە بوارەکانی ژیانی سیاسی و کولتووری و کۆمەڵایەتیدا بکەین کە کارتێکەرییەکانی لەسەر ژنان دەتوانین لە دووتوێی هەواڵەکانی پێوەندیدار بە پێشێلکردنی مافەکانی ژنان و کارەساتەکانی پێوەندیدار بە ژیانی ژنان وەکوو تووشبوون بە مادە سڕکەرەکان، خۆکوژی و خەمۆکیدا ببینین کە بەشێکی زۆر کەم لەو ڕاستییانە لە ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیدا ڕەنگ دەداتەوە.
لە وەها کۆمەڵگە و سیستمێکدا ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز ئەرکێکی زۆر قورسیان بۆ هەڵگرتنی بەربەستەکان لە ئەستۆیە و لەگەڵ هەڕەشە و گوشاری سیستمی سیاسی و توێژی کۆنەپارێز و دواکەوتووی کۆمەڵگە بەرەوڕوو دەبنەوە کە چاوی بە دیتنی پێناسەیەکی نوێ و مرۆڤسالارانە بۆ پێگەی ژن و پێکهێنانی هاوسەنگییەکی ڕاستەقینە لەنێوان ژن و پیاودا هەڵنایەت.
لەگەڵ ئەوەشدا ژنانی خەباتکاری ئێران و کوردستان بوێرانە بۆ داکۆکی لە مافەکانی خۆیان ڕاوەستاون و تێچووی قورسی ئەو خەباتە هەرگیز نەبووەتە هۆی ئەوەی کە ژنان لە داوا ڕەواکانی خۆیان پاشگەز ببنەوە.
لەم ساڵانەی دواییدا خەباتی ژنان بۆ لابردنی کۆسپەکانی سەر ڕێگای وەدیهێنانی مافەکانیان، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر بووەتە بەشێکی دانەبڕاو و پێشەنگی خەباتی هەموو چین و توێژە ماف پێشێلکراوەکان بۆ بە چۆکداهێنان و ڕووخاندنی سیستمی سەرەڕۆ و دژەمرۆیی کۆماری ئیسلامی.
لە ٢٥ی نوامبری ئەمساڵدا، ئێمە وەکوو ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای شەرمەزارکردنی هەرجۆرە هەنگاو، یاسا، نەریت، بیرکردنەوە یان کردارێکی تاکەکەسی یان سیستماتیک کە شکۆ و پێگە و کەرامەتی مرۆیی ژنان بکاتە ئامانج، یان هەڕەشە لە تەناهیی دەروونی و جەستەییان بکات، پشتیوانیی خۆمان لە هەموو داوا ڕەواکانی ژنان بۆ پێکهێنانی کۆمەڵگەیەکی بەختەوەر و ژیانێکی مرۆیی کە لە ڕاستیدا داواکاری و ویستی هەموومانە، دەردەبڕین.
لەو پێوەندییەدا بە ئەرکی سەرشانی خۆمان دەزانین کە لە هەر گۆڕەپانێکی خەباتە ڕەواکەماندا و لە هەر تریبوونێکەوە کە لەبەر دەستماندا بێت، دەنگمان بخەینە پاڵ دەنگی هاواری مافخوازانەی ژنانی ئازاردیتووی وڵاتەکەمان و خەباتی ئەوان بۆ دابینبوونی ماف و داخوازییەکانیان و گەیشتن بە ژیانێکی ئاسوودە و دوور لە ئازار و هەڕەشە بە بەشێکی دانەبڕاو لە خەبات و ئەرکی شۆڕشگێڕانە و پێشکەوتنخوازانەی خۆمان دەزانین.
سڵاو لە ژنانی مافخواز و خەباتگێڕی وڵاتەکەمان
سەرکەوتوو بێت خەبات بۆ یەکسانیی ڕەگەزی و نەهێشتنی توندوتیژی دژ بە ژنان
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
٢٥ی نوامبری ٢٠٢١ی زایینی
٤ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی