کوردستان میدیا: ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران، لە ڕاگەیاندراوێکدا وێڕای مەحکوومکردنی تۆپبارانکردنی سنوورەكانی كوردستان، لە لایەن سپای پاسدارانەوە، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدانی تازەی نەتەوەکەمان دەکات.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
ڕۆژی سێشەممە ڕێكەوتی ٢٦ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، جارێكی تر ڕێژیمی جەنایەتكاری ئێران، تۆپخانەكانی وەگەڕ خست و ناوچە سنوورییەكانی حاجی عۆمەران و بەربەزینی هەرێمی كوردستانی تۆپباران كرد؛ بەداخەوە لەو هێرشە نامرۆڤانەیەدا وێڕای زیانگەیاندن بە سروشتی ئەو ناوچانە دوو پێشمەرگەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران شەهید بوون.
قەیرانە نێونەتەوەیی و ناوچەیییەكان، بازنەی گوشارەكانیان لەسەر نیزامی دیكتاتۆریی ئێران تەسكتر كردووەتەوە و سیاسەتی كورتكردنەوەی دەستی تێرۆریستپەروەر و ئاژاوەگێڕانەی كۆماری ئیسلامی لە وڵاتان پەیڕەو دەكرێ و نەك تەنیا لە یەمەن و سووریه ڕێژیم تووشی شكستی گەورە هاتووە، بەڵكوو لە وڵاتی عێراقیش سەرەڕای هەموو سەرمایەدانانەكانی، پێگەی لەرزۆک بووە و هەر لە ئێستەدا دروشمی خۆپیشاندەرانی ناڕازی لە باشووری عێراق، رووی لە دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامییە و داوای چوونەدەرەوەی ئەو ڕێژیمە و نەمانی هەیمەنەی دەكەن.
لەوەها حاڵەتێكدا كە خەڵكی وڵاتی عێراق، داوای نەمانی كۆماری ئیسلامی لەو وڵاتە دەكەن و ئەو پەیامە، دەسەڵاتدارانی تارانی نیگەران كردووە و هاوكات بە بیانووی بوونی هێزی پێشمەرگەی حیزبەكانی كوردستانی ئێران لەو سنوورە، ڕێژیمی ئاخوندی بۆ كەمكردنەوەی گوشارەكان لەسەر خۆی و هاوكات ناردنی پەیامی هەڕەشەئامێز بۆ هەرێمی كوردستان، دەستی داوەتەوە خولێكی نوێ لە تۆپباران و بەزاندنی یاسا نێونەتەوەیییەكان و پێشێلكردنی سەروەریی سیاسیی وڵاتی عێراق و بەتایبەتی هەرێمی كوردستان.
ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران، وێڕای ناردنی پرسە و سەرەخۆشی بۆ خەڵكی كوردستان بە بۆنەی شەهیدبوونی دوو پێشمەرگەی قارەمانی كوردستان، تۆپبارانی كۆماری ئیسلامی بە توندی مەحكووم دەكات و داوا لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و خەڵكی بەشەرەفی هەرێمی كوردستان دەكات، کە لە هەمبەر ئەو یاساشكێنی و سنووربەزاندنانەی ڕێژیمی جەنایەتكاری ئێران كە بووەتە هۆی نائەمنی و شێوانی ژیانی خەڵكی ئەو دەڤەرە، بێدەنگ نەبن و پێش بە درێژەكێشانی ئەو ڕەوشە مەترسیدارە بگرن.
ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران
١٧ی جولای ٢٠١٨ی زایینی