کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران سەبارەت بە مانگرتنی گشتیی مامۆستایان

11:51 - 23 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، سەبارەت بە مانگرتنی گشتیی مامۆستایانی قۆتابخانەکانی ئێران و کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان

‌‎مامۆستایانی سه‌نگه‌ری په‌روه‌رده‌

‌‎ ٢٢ی ڕه‌زبه‌ری ١٣٩٧ی هه‌تاوی، مانگرتنی گشتیی مامۆستایانی قوتابخانه‌كان له‌ به‌شێكی زۆری شاره‌كانی ئێران و كوردستان به‌ سه‌ركه‌وتنه‌وه‌ به‌ڕێوه ‌چوو .

 مامۆستایان ئەو توێژە کاریگەرەی کۆمەڵگان کە زۆرترین خزمەت بە ڕۆلەکانی گەل دەکەن. ئەوان شیاوی ژیانێکی زۆر باشن و لە سەرجەم کۆمەڵگا پێشکەوتووەکاندا مامۆستایان وەک نموونە و پێشرەوی کۆمەڵگا سەیر دەکرێن، نەک هەر مافیان پێشیل ناکرێ، بەڵکوو دەرفەتی باشترین ژیانیان بۆ دابین دەکرێ، بەڵام لە ئێرانی ژێردەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی نەک پلەی مامۆستا ڕێزی لێ ناگیرێت، بەڵکوو مافە سەرەتایییەکانیشی کە دابینکردنی ژیانێکی سەردەمیانەیە لە لایەن دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییەوە بە هەند ناگیرێ و لە ژیانێکی کۆڵەمەرگیدا ڕایان دەگرن و ئەوە لە حاڵێکدایە کە مامۆستایان خزمەتی منداڵانی وڵاتەکەیان دەکەن و بۆ دواڕۆژ و داهاتووی وڵات ئامادەیان دەکەن، مانگرتنی گشتیی مامۆستایان به‌ نیشانه‌ی ناڕه‌زایه‌تی له‌ لایه‌ك به‌‌ سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ و شه‌ڕخوازانه و ده‌ستێوه‌ردان له‌ کاروباری وڵاتان و یارمه‌تیگه‌یاندنی ماڵی و لوجیستێكی به‌ تاقم و گرووپه‌ تێرۆریستییه‌كانی ناوچه‌‌، له‌ لایه‌ن ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه‌ و له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ له‌ هه‌مبه‌ر هه‌لومه‌رجی ناله‌باری ئابووریی مامۆستایان و كه‌میی مووچه‌، چوونه‌سه‌ری نرخە‌كان، بێبه‌ها بوونی پووڵی میللی، سه‌ركوت و خه‌فه‌قان و نه‌بوونی ئازادیی به‌یان و نەبوونی پلانێک بۆ خوێندن بە زمانی زگماکی، له‌سه‌ر ویست و داخوازیی كۆمه‌ڵیك مامۆستای پێشڕه‌و، مانگرتنی گشتی له‌ ئاستێكی بەربه‌ریندا به‌ڕێوه ‌چوو. ناوه‌ندی هاوكاریی حیزبه‌كانی كوردستانی ئێران وێڕای پشتیوانی له‌ ویست و داخوازییه‌ ڕه‌واكانی مامۆستایانی قوتابخانه‌كانی سه‌نگه‌ری په‌روه‌رده‌ و زانست له‌ ئێران و كوردستان، داوا له‌ گه‌لانی ئێران و به‌تایبه‌ت بزووتنه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌كەین، با هه‌موومان بە یەکگرتوویی و یەکدەنگییەوە پشتیوانی له‌ داوا ڕه‌واكانی مامۆستایان بكه‌ن. لە هەمان کاتدا داوا له‌ خه‌ڵكی تێكۆشه‌ر و خه‌باتگێڕی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌كه‌ین، به‌ هەر شێوەیەک بۆیان دەکرێ پشتیوانی له‌ داوا ڕه‌واكانی مامۆستایان کوردستان بكه‌ن.

‌‎ناوه‌ندی هاوكاریی حیزبه‌كانی کوردستانی ئێران

٢٣ی ڕه‌زبه‌ری ١٣٩٧ی هه‌تاوی