کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی "ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵات" لەمەڕ بایکۆتی شانۆگەریی هەڵبژاردن لە ئێراندا

11:21 - 12 رێبەندان 2719

ناوەندی "ژنانی ڕۆژهەڵات"، بۆ بایکۆتکردنی شانۆگەریی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ئەم ڕاگەیەندراوە بەم چەشنەیە:

هاونیشتمانانی مافخواز!

ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی کوردستان!

لە بەرەبەری شانۆگەرییەکی دیکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەژێر دەمامکی هەڵبژاردندا بۆ فریودانی بیروڕای گشتیی خەڵک لە نێوخۆ و کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان لە دەرەوەی وڵات، جارێکی دیکە ڕێژیم ئەزموونی چەندپاتەکراوی ڕاکێشانی زۆرەملێی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان تاقی دەکاتەوە و دەیکاتە ڕۆژەڤی سیاسیی وڵات و دیسان چەواشەکارییەکانی بۆ نیشاندانی سیمای سیستمێکی دێموکراتیک لە خۆی دەست پێ کردووەتەوە. 

ئەوەی کە ئێستا زیاتر لە جاران بۆ هەموو خەڵکی ئێران و کوردستان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئاشکرایە، نامۆبوونی وەها ڕێژیمێک لەگەڵ هەڵبژاردنی ڕاستەقینە و هەڵسوکەوتی شارستانییانە و دێموکراتیکی شیاوی ئەم سەردەمەیە. ئێستا هەموو دنیا لەوە تێگەیشتووە کە پاش چوار دەیە تاقیکاریی شکستخواردوو، کایەی باڵباڵێنی ڕواڵەتیی نێوخۆی ڕێژیم و دیواری هیوا هەڵچنینی بەشێک لە خەڵک و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە پێکهاتنی ئاڵوگۆڕ لە ساختار و تەنانەت هەڵسوکەوتی ڕێژیمدا لە ڕێگەی ئەو کایەی بەناو هەڵبژاردنەوە، نە لە نێوخۆ توانیویە تۆزقاڵیک خەڵکی ئێران و کوردستان لە هیوا و ئاواتەکانیان نزیک بکاتەوە و نە لە دەرەوەش تۆزقاڵێک پاشەکشەی بە سیاسەتی هەناردەکردنی شەپۆلی ئاژاوە و قەیران و تاوان بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئێران کردووە.

لە وەها سیستمێکدا کە مەجلیس لە بنەڕەتدا خاوەنی هیچ پێگە و قورساییەک لە دیاریکردنی سیاسەتەکانی ڕێژیمدا نییە و ئەو مەجلیسە کارتۆنییەش کە هەیە، بە هەموو میکانیزمێکی یاسایی و نایاسایی لەلایەن خودی سیستمەوە کار بۆ بێ کاریگەرکردنی لە بڕیارە گرینگەکاندا دەکرێت، نوێنەرانی مەجلیس نە بۆیان هەیە پارێزەری مافەکانی خەڵک بن و نە ئەو کەسانەش کە لە فیلتری شۆرای نیگابانەوە تێپەڕیون، لە بنەڕەتدا باوەڕێکیان بە ئەرکی خۆیان وەکوو پارلمانتار و نوێنەری خەڵک هەیە.

لە پێوەندی لەگەڵ ماف و داخوازییەکانی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی خەڵک بەتایبەتی پرسی ژن و مافەکانی ژنانیشدا، مەجلیس و دەزگای یاسادانانی ڕێژیم بە درێژایی تەمەنی خۆی هەمیشە بەشێک لە سیستمی سەرکوت و داپڵۆسین و داتاشینی پاساوی یاسایی بۆ پرۆسەی پێشێلکردنی مافەکانی ژنان لە ئێراندا بووە.

ژنانی کوردستان و ئێران وەکوو داینەمۆی سەرەکی و پێشەنگی بزووتنەوە سیاسی و جەماوەرییەکانی ئێستا و ڕابردوو بە وشیاری و تێگەیشتوویی سیاسیی خۆیان لەمێژە بەو قەناعەتە گەیشتوون کە لە چوارچێوەی ئەو سیستمە داپڵۆسێنەر و ژنکوژ و ئازادیکوژەدا هیچ ئاسۆیەک بۆ وەدیهاتنی مافەکانیان نابینرێت و بەشداری لە کایەی سیاسیی شکستخواردووی ڕیفۆرم و هەڵبژاردن بەتایبەتی لە هەلومەرجی ئێستادا تەنیا دەبێتە هۆی ڕەواییدان بەبێ مافی و سەرکوت و چەوسانەوەی خۆیان و چین و توێژەکانی دیکەی خەڵک لە ئێران و کوردستاندا.

ئێمە لە ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵاتدا وەکوو بەشێک لە ژنانی مافخوازی وڵاتەکەمان کە هەستمان بە ئازار و چەوسانەوەی خۆمان و گەلەکەمان لەلایەن ئەو سیستمە سەرەڕۆ و پاشکەوتنخوازەوە کردووە، بەشداری لە شانۆی هەڵبژاردنی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ڕێژیمدا بە هەنگاوێک بۆ دەربازکردنی ڕێژیمی ژنکوژی کۆماری ئیسلامی لەو قەیرانی ڕەواییە دەبینین کە ژێر تەوژمی ڕاپەڕینی خوێناویی ئازادیخوازانی وڵاتدا تێی کەوتووە و پێمان وایە وەکوو هاووڵاتییەک بەگشتی و وەکوو ژنێک بەتایبەتی، تاوانە ئەگەر بە بەشداریکردنمان لەو شانۆگەرییەدا دەستی یارمەتی بە پێشێلکەرانی ماف و ئازادییەکانی خۆمان بدەین. هەر بۆیە بایکۆتی ئەو هەڵبژاردنە بە ئەرکێکی مرۆیی و نیشتمانی و ژنانەی خۆمان دەزانین و داوا لە خەڵک و بەتایبەتی ژنانی نیشتمانەکەمان دەکەین کە هەم بۆ خۆیان نەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و هەم بە هەر شێوەیەک کە بۆیان دەکرێت ئەو داوایە بە خەڵکی دیکەش بگەیەنن و بە هەموومانەوە کار بکەین بۆ ئەوەی کە لە ڕۆژی هەڵبژاردندا بە نەچوونمان بۆ سەر سندووقەکان، دیمەنێک بخولقێنن کە ڕێژیم لە ڕووی هەڵ نەیەت ڕووماڵی هەواڵەکانی ئەو شانۆگەرییەش بە دڵخوازی خۆی بکات.

"ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵات"

١١ی ڕێبەندانی ۱۳۹۸ی هەتاوی

٣١ی ژانویەی ۲۰٢٠ی زایینی

"ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵات" لەلایەن پێنج ڕێکخراوی ژنانی کوردستانی ڕۆژهەڵات پێک هاتووە کە بریتین لە:

ڕێکخراوی ئافرەتانی خەباتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵەی ژنانی ڕۆژهەڵات

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان

ڕێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران