کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی "ناوەندی ژنانی کوردستانی ڕۆژهەڵات" بەبۆنەی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژن

16:42 - 18 رەشەمه 2719

٨ی مارس تا ئێستا بۆ ئێمە ژنانی کورد وەبیرهێنەرەوەی شادی و ئازادی نەبووە، ئەم ڕۆژە جارێکی دیکە وەبیرمان دێنێتەوە چەندە لەم ڕێبازەدا، داری ئاواتی یەکسانیخوازی و مرۆڤتەوەریمان بە خوێن و ئازاری سەدان کچ و ژنی وڵاتەکەمان تا ئێستاش ئاو دەدرێت و ئێمە دڵ پڕ لە هیوا لە ئاسۆی ڕوون دەڕوانین.

هاونیشتمانییانی خۆڕاگر!

ئەمساڵ لە حاڵێکدا دەمانهەوێت یادی ڕۆژی جیهانیی ژنان، ٨ی مارس، بەرز ڕابگرین کە شەقامەکانی کوردستان و ئێران، خوێنیان لێ دەچۆڕێت و سەدان کوڕ و کچی گەنجی خەزەڵوەر لە بەندیخانەکانی خوێنمژان لەژێر ئەشکەنجەدان و بەشێکیان تا ئێستاش بێ سەروشوێنن. دەیان پەپوولەی کوردستانمان بەهۆی سەرەڕۆییەکانی جەلادانی تاران لە یەک ساتدا لە ئاسمانی ڕەشی تاران و لە بەرەبەیانییەکدا لە شەقەی باڵیان دا و تا ئێستاش ڕێژیمی ئێران، پاساو بۆ ئەو جینایەتەی دێنێتەوە و وڵامدەر نییە.

لە مانگی ڕەشەمەدا، مانگی گوڵەگەزیزە و وەنەوشە، ژنان سەرەڕای هەموو ئەو ئازارانەی کە تەنیا لە ماوەی چەند مانگدا بەسەر خەڵکی ڕۆژهەڵات سەپێندرا، ئێستاش هەر بەبۆنەی سەرەڕۆیی ئەو ڕێژیمەوە، هاونیشتمانیانمان لەگەڵ پەتا و دڵەڕاوکێی تووشبوون بە نەخۆشیی "کۆڤیدی ١٩" بەڕەوڕوون، خەسارەکانی دوای بوومەلەرزە، لافاو و وشکەساڵی و…، بەشێک لە ئازارە بەردەوامەکانی گەلی کوردن کە بە شێوەی سیستماتیک و لە سەدەی ٢١دا، بە سەرماندا دەسەپێندرێن. ئێران بە مانای تەواوی وشە، ئەشکەنجەگای مرۆڤەکانە، لە سەرووی هەموو هاووڵاتییانەوە، ژنان و منداڵان یەکەم و بێدەرەتانترین قوربانییەکانی دەسەڵاتی نگریس و ٤٠ ساڵەی ئەم ڕێژیمەن.

٨ی مارسی ئەمساڵ لە بارودۆخێکی هەستیاردا بەرز ڕادەگرین، بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی کۆڤیدی ١٩ و ڤایرۆسی کۆرۆنا، بووەتە هۆی دروستبوونی دڵەڕاوکێ و کاروباری ڕۆژانەی خەڵکی بە تەواوەتی خستووەتە ژێر کاریگەریی نێگەتیڤەوە، هەر بەم بۆنەوە دەرفەتی کۆبوونەوە و ناڕەزایەتی دەربڕینی بە کۆمەڵمان بۆ ناڕەخسێت، بەڵام داوامان لە هەموو یەکسانیخوازان و خەباتکاران ئەوەیە هەر لە ماڵەکانی خۆیانەوە بە داهێنانێکی بچووکیش بووە، یادی ئەم ڕۆژە مەزنە بەرز ڕابگرن و بیسەلمێنین ئێمە لە هەر بارۆدۆخێکدا دەستهەڵگری مافە ڕەواکانی خۆمان نابین و بەتایبەت لە ڕۆژی ٨ی مارسدا ڕێز لە خەبات و تێکۆشانی پڕ لە سەروەریی ژنان دەگرین.

سەرەڕای جیاوازی و تایبەتیی بارودۆخی ئەمساڵی ٨ی مارس کە هەمووان بۆ خۆپاراستن لە پەتای کۆرۆنا، ناچارین خۆمان لە دابڕگەدا بھێڵینەوە، وەکوو هەمیشە چۆن ژنان دەستپێشخەر و بەشداری هەر خەباتێکی مەدەنی بوون، خۆپاراستن و وشیارکردنی هاونیشتمانییان لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا بکەینە ڕێگایەکی خەباتکارانە و هەموو چینەکانی کۆمەڵگا هان بدەین بۆ شکست هێنان بە هەوڵێکی دیکەی ڕێژیمی ئێران لە ڕاستای سڕینەی گەلی کورد، لە ماڵەکانیان نەچنە دەرەوە و پەیوەست بە کەمپەینی چالاکانی مەدەنی بۆ خۆپاراستن و هێلینی خۆشەویستانمان بین.

خەباتکاران و یەکسانیخوازانی گەلی کورد!

بە لە بەرچاوگرتنی بارودۆخی ژنانی کورد و هەروەها مێژووی پڕشنگداری خەباتی ژنی کورد کە تا ئێستا سەرەڕای هەبوونی هەزاران کەند و کۆسپ، دەستبەرداری تێکۆشانی لە پرسەکانی خۆی و نەتەوەکەی نابێت، دەسەلمێت کە هەنووکەش ژنی کورد لە بارودۆخی ناوچەیی و جیهانیدا لە هەموو ئاڵوگۆڕەکان کاریگەرە و دەبێ لە خولقانیشیاندا بەشدار بێت.

ئێمە دەبێ لە جاران سوورتر و بە یەکگرتووییەکی پتەوتر، بێینە مەیدان و پێداگرتر بین لە ڕۆڵ و ڕەوایی خەباتمان و وەکوو هەمیشە لە هەر هەلومەرجێکدا کە بۆمان دەڕەخسێت نوێنەرانی ڕاستەقینەی خەباتی دژ بە پیاوسالاری و تاکڕەویی ژنانی کورد بین و ناوەندی ژنانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش وەکوو نوێنەری ژنانی ڕۆژهەڵات، بەردەوام هەوڵی بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە داوە و دەدات.

وەرن با هەموو ژنان، شان بە شانی یەک، واز لە کۆت و زنجیری کۆیلایەتی بێنین و بەرگی ژێردەستە بوون فڕێ بدەین و بە هەموو هەوڵمانەوە بۆ نەوەی دواڕۆژ، بۆ پاشەڕۆژێکی گەش، بۆ کۆمەڵگایەک بەبێ ژن کوشتن، بەبێ خۆکوشتن و دوور لە توندوتیژی، هاواری سکاڵامان تێکەڵ بە یەکدی بکەین و یەکڕەنگ و یەکدەست لەژێر ئاڵای یەکسانیخوازیدا، هێز و وزەمان کاناڵیزە بکەین.

سەنگەری خەباتمان هەر ئاوەدان.

ناوەندی ژنانی کوردستانی ڕۆژهەڵات

٧ی مارسی ٢٠٢٠ی زایینی

١٧ی ڕەشەمەی ١٣٩٨ی هەتاوی

ڕێکخراوەکانی  سەر بە ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵات:

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان

کۆمەڵەی ژنانی ڕۆژهەڵات

ئاسۆی ژنی کورد

ڕێکخراوی ئافرەتانی خەباتی کوردستانی ئێران