کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی ناوەندیی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی یەک ساڵەی دامەزرانیەوە

19:30 - 19 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی یەک ساڵەی دامەزراندنییەوە، ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی تەواوی ئەو ڕاگەیاندراوە، بەم چەشنەیە:

خەڵکی خەباتگێڕ و وەزاڵەهاتووی کوردستان!

هێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستانی و ئێرانی!

ماوەی چل ساڵە کۆماری ئیسلامیی ئێران شەڕێکی بێپسانەوەی لە هەموو بوارەکاندا (سیاسی، نیزامی، ئەمنییەتی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، فەرهەنگی) بەسەر گەلی کورد لە کوردستانی ئێراندا سەپاندووە. ڕێژیم بۆ سەرکەوتنی خۆی لەو شەڕەدا و سەرکوتی گەلی کورد لە هەموو کەرەستە و ئامرازێکی توندوتیژ کەڵکی وەرگرتووە و لە ڕێگای دامودەزگاکانی داپڵۆسێنەری هەوڵی داوە هەموو کەلێن و کەلەبەرەکانی ژیانی خەڵکی کوردستان بخاتە ژێر چاوەدێریی خۆی، بەڵام لە ماوەی ئەو چل ساڵەدا خەڵکی کوردستان لەگەڵ ئەوەدا شەڕەکە نابەرامبەر بووە، کەچی بە هەموو توانای خۆیەوە بەربەرەکانێی ئەو ڕێژیمەی کردووە و لەسەر خەبات و مافخوازیی خۆی سوور بووە. لەو بەربەرەکانێیە لەگەڵ دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامیدا حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لە ڕێگای هێزی پێشمەرگە و تەشکیلاتی نێوخۆی وڵات و هەروەها بە پشتیوانی و ئەرک وەخۆگریی خەڵکی نیشتمانپەرەور و چالاکانی سیاسیی کورد لە کوردستانی ئێران بەگژ سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیدا چوونەوە و لەو ڕێگەیەدا بە هەزاران پێشمەرگە و ئەندامی حیزبەکان و خەڵکی سڤیل و مەدەنیی کوردستان شەهید بوون و خوێنیان بەناحەق ڕژاوە.

بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو بەربەرەکانێ و قوربانیدانە هەموو کات هەست بە بۆشایی ئەوە کراوە کە جووڵانەوەی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران لە دیفاع و بەربەرەکانی بە دژی دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامی یەکدەست و یەک بەرنامە نییە و ئەوە خاڵێکی لاوازی جووڵانەوەی بەرحەقی گەلی کوردە. لەگەڵ ئەوەدا لە ساڵانی رابردوودا هەوڵی ئەوە دراوە لە رێگای کۆبوونەوەی حیزبەکانی کوردستانی ئیران لە دەوری پلاتفۆرمێک کە نوێنەرایەتیی زۆربەی خەڵکی کوردستان بکا، بەرەیەک یا هاوپەیمانییەک پێکبێ و ئەو بۆشاییە لە خەبات بە دژی کۆماری ئیسلامی پڕ بکاتەوە، بەڵام بە هۆکاری جۆراوجۆر نەتوانراوە ئەو هاوپەیمانییە پێکبێ. دیارە حیزبەکانی مەیدانی خەباتی کوردستانی ئێران هەر کام بۆ خۆیان لەو ئامانجە کە پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی کارا بێ غافڵ نەبوون و کاریان بۆ کردووە، هەتا ئەوەی کە لە ڕۆژی ١٩ی بەفرانبار ساڵی ١٣٩٦ هەتاوی (٢٠١٨/١/٩ی زایینی) دوای چەند کۆبوونەوەی دوو قۆڵی و چەند قۆڵی بڕیاری پێکهێنانی ناوەندێک بە مەبەستی ڕێکخستنی هاوکاریی نێوان حیزبەکان درا و لە ڕۆژی٣٠ی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی ئەو ناوەندە بوونی خۆی ڕاگەیاند و بەڕەسمی دەستی بە کارەکانی کرد.

ئێستا ساڵێک بەسەر پێکهێنانی ئەو ناوەندە ڕادەبرێ و لە ماوەی ئەو یەک ساڵەدا ناوەند هەوڵی داوە پردی پێوەندیی نێوان حیزبەکانی کوردستانی ئێران بێ و کاروتێکۆشانی شوێندانەری لەسەر چوونەپێشێی خەباتی حەقخوازانەی کوردستانی ئێران هەبێ.

دەکرێ لە چەند لاوە گرینگیی ناوەندیی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران هەڵبسەنگێنین. یەکەم، ئەو ناوەندە لە هەلومەرجێکدا پێکهات کە تەشکیلاتی ئاشکرا و رێبەریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە هۆی وەزعی سیاسیی ناوچەکە ماویەکی زەمەنیی زۆرە هەتا ڕادەیەکی بەرچاو مەیدانی خەباتیان لێ تەنگەبەر بۆتەوە و ڕۆژ بە ڕۆژیش بە هۆی سیاسەتی پاوانخوازیی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا ئەو بەرتەسکبوونەوە هەستی پێدەکرێ و لەولاشەوە ڕەنگە لە بەر گەڵیک هۆکار هیچ کام لە حیزبەکان بە تەنیا نەیانتوانیبێ بە گژ سیاست و پلان و پیلانەکانی کۆماری ئیسلامیدا بچنەوە.

دووهەم، پێویستیی وەها ناوەندێک لە هەلومەرجێکدا بوو کە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەهۆی سیاسەتی دژە خەڵکی لە نێوخۆی ئیران و سیاسەتی دوژمنکارانەی دەرحەق بە وڵاتانی دراوسێی لە ڕێی هەناردەکردنی شۆرشی ئیسلامی و دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆی ئەو وڵاتانە بووەتە مۆتەکەیەک بەسەر شانی گەلانی ئێران و نەزمی جیهانی. لە نێوخۆی ئێراندا ناڕه‌زایه‌تی و خۆپیشاندانه‌کان له‌م دوو ساڵه‌دا زیاتر په‌ره‌ی سه‌ندووه بە چەشنێک کە لەو ناڕەزایەتییانەدا دروشمەکانی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران خەتە سوورەکانی نیزامی کۆماری ئیسلامی بەزاندووە و "مەرگ بۆ ڕێبەر" و "بڕووخێ کۆماری ئیسلامی" لە هەموو خۆپێشاندانەکاندا دەبیسترێ. دوای ساڵێک تێپەربوون لەو خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییانەی گەڵانی ئێران دەبینین بارودۆخەکە لە زیانی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی و لە بەرژەوەندی گەلانی ئێران دایە و ڕۆژ بە ڕۆژ چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی ئێران وەک، کرێکاران، خوێندکاران، ژنان، مامۆستایان، و خه‌ڵکی ئاسای بۆ وەدەستهێنانی مافەکانیان دێنە سەر شەقام و بە دروشمدان دژ بە دەسەڵات ناڕەزایەتیی خۆیان دەردەبڕن.

جیا له‌ ناڕه‌زایه‌تیی گه‌لانی ئێران خودی ڕێژیمیش له‌ نێوخۆیدا تووشی قه‌یران بووه‌ و لە یەک ساڵی ڕابردوودا باڵه‌کانی نێو ڕێژیم زیاتر له‌ هه‌موو کاتێک ڕووبه‌ڕووی یه‌ک بوونەتەوە‌ و کار و کردەوە قیزەونەکانیان کە لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ گەڵانی ئێران و سامانی ئەو وڵاتە کردوویانە لە یه‌کتری له‌قاو ده‌ده‌ن. سەرباری ئەو وەزعە نالەبارەی نێوخۆی ئێران، سیاسەتی پەرەپێدانی دەسەڵاتداری و دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی ناوچەکە و سووربوون لەسەر دەستڕاگەیشتن بە چەکی کۆمەڵکوژ و پابەند نەبوون بە پەیماننامە و و ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکان و پێشێلکردنی مافەکانی مروڤ، ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی خستووەتە تەنگژەیەکی گەورە کە ڕەنگە ئەمجارەیان وا بە ئاسانی نەتوانێ لێی دەرباز ببێ. لەوەها هەلومەرجێکدا بۆ بە ئاکام گەیاندنی جووڵانەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان پێویستی بە یەکیەتی و هاوپەیمانییەکی کوردستانی زیاتر لە ڕابردوو خۆ دەنوێنێ.

لە سەر ئەو ئەساسە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا توانیویەتی گەلێک کۆسپ لە سەر ڕێگای خۆی لابدا و بە پەسندکردنی پێڕەوی نیوخۆ و هێلە گشتیەکان و هەڵوێستگرتن لە بەرامبەر ئەو ڕووداوانەی لەئێران بە گشتیی و کوردستانی ئێران بە تایبەتی ڕوو دەدەن _ بۆ نموونە، وەک بانگەوازی یارمەتیدانی خەڵکی بۆمەلەرزەلێدراوی ناوچەی کرماشان، ناڕەزایەتیدەربڕین لەسەر ئیعدامە سیاسییەکان، کوشتنی کۆڵبەران و کردەوە تیرۆریستیەکانی کۆماری ئیسلامی و …_ خۆی وەک کارەکتەرێکی گۆڕەپانی خەبات بە دژی کۆماری ئیسلامی لە کوردستانی ئێران نیشان بدا و ببێتە جیگای ئومیدی دڵسۆزانی یەکیەتی و یەکگرتوویی حیزبەکانی کوردستانی ئێران.

لووتکەی ئەم خەمخۆری و بە دەنگەوەهاتنەی خەڵکی کوردستان لە ٢١ی خەرمانانی ئەمساڵ تەنیا دوای سێ ڕۆژ لە مووشکبارانی بنکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هاوکات ئیعدامی شەش چالاکی سیاسی لە زیندانەکانی ڕەجایی شاری تاران، میاندواو و شنۆ بە ڕوونی بۆ دۆست و دوژمن دەرکەوت کە دوای چل ساڵ سیاسەتی سەرکوتی بەردەوامی خەڵکی کوردستان لە لایەن دامودەزگاکانی کۆماری ئیسلامی و هەوڵی دابڕاندنی خەڵک و حیزبەکان، خەڵک بە مانگرتنێکی سەراسەری خاوەنداریەتیییان لە حیزب و ڕۆڵەکانی خۆیان کرد و نیشانیان دا ئەگەر لە نێو حیزبەکانی گۆرەپانی خەباتدا یەکگرتوویی هەبێ، خەڵک یار و پشتیوانی ئەو حیزبانە دەبن.

لە ساڵڕۆژی دامەزرانی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران خوازیارین کە حیزبەکانی دیکەی کوردستانی ئێران کە بەرنامە و پرۆگرامی خۆیان لە چوارچێوەی هێڵە گشتییەکانی ئەو ناوەندەدا دەبینن بۆ بەهێزکردنی ناوەند و بەرەو پێکهێنانی بەرەیەکی بەهێز و بەتوانا پەیوست بە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ببن. لە هەمان کاتدا ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستان دەستی هاوکاری بۆ هەموو ئەو حیزب و ڕێکخراوە سیاسییانەی ئۆپۆزیسیونی کۆماری ئیسلامی درێژ دەکا کە بە کردەوە باوه‌ڕیان به دێموکراسی و فرەنەتەوەیی ئێران هەیە و دان بە مافی نەتەوەکان لە داهاتووی ئێران و سیستمی بەڕێوەبردنی وڵات لە ئێرانی داهاتوودا دەنێن.

ئێمە هیواخوازین بە هاوکاریی هەموو لایەک هەوڵ بدەین کە سیستمێکی کۆماری، دێموکرات و فیدراڵ ببێتە جێگرەوەی کۆماری ئیسلامی و هەموو گەلانی ئێران لە ژێر ستەم و چەوسانەوەی ئەو ڕێژیمە ڕزگارییان بێ.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

ڕێکەوتی ١٩ی بەفرانباری ١٣٩٧