کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی ژمارەی ٢ی ناوەندی هاوکاری لەسەر بەناو هەڵبژاردنەکانی ڕێژیمی ئێران

11:36 - 14 جۆزەردان 2721

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ڕایگەیاندووە، بەشداریی هەر تاکێکی کورد بەتایبەتی و ئێرانی بەگشتی لەو هەڵبژاردنانەدا خزمەتی ڕاستەوخۆیە بە کۆماری ئیسلامی و هەوڵە بۆ نەجاتی ئەم ڕێژیمە جەنایەتکارە لە ڕووخانی یەکجاری.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

ڕاگەیاندنی ژمارەی ٢ی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لەسەر بەناو هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران

هاونیشتمانییانی بەڕێز!

خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!

هەر وەک دەزانن و لە ڕاگەیاندنی پێشووماندا هاتبوو، بەناو هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕێوەیە و جارێکی تر کۆماری ئیسلامی دەیەوێت بە بەڕێوەبردنی بەناو هەڵبژاردن لەلایەکەوە دەسەڵاتی خۆی یەکدەست کاتەوە و لەلایەکی ترەوە بە هێنانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان مەشرووعییەتی خۆی هەم بە خەڵکی بەشمەینەتی ئێران و هەم بە کۆمەڵگای جیهانی نیشان بداتەوە.

بە نەریتی خولەکانی پێشوو ئەم دەورەش شۆرای نیگەهبان بە ڕەدی سەلاحیەتی کۆمەڵێکی زۆر لەو کەسانەی کە خۆیان بۆ پۆستی سەرۆککۆماری بەربژێر کردبوو بۆ جارێکی تر مۆری تەئیدی لەو ڕاستییە داوە کە هیچ هەڵبژاردنەکانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی جیا لە  شانۆگەرییەکی درۆیینە هیچی تر نییە. ڕەدی سەلاحییەتی سەرۆککۆماری پێشوو، سەرۆکی پێشووی پارلمانی ئێران و جێگری سەرۆککۆماری ئێستای کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەم ڕاستییە دەسەڵمێنێت کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئاڵقەی نزیکانی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بەرتەسکتر و تا دێت متمانە بە نزیکترین کەسانی ئەم نیزامە کەمتر دەبێتەوە.

تا دێت پانتایی ئەو بازنەیەی کە پێی وایە هەڵبژاردنەکانی ئێران جیا لە بەڕێوەبردنی شانۆگەرییەکی لە پێشدا داڕێژراو و مۆهەندیسیکراو هیچی تر نییە بەرینتر دەبێتەوە و تا ئەو ئاستە ڕۆیشتووە کە تەنانەت دام و دەزگا تەبلیغییەکانی کۆماری ئیسلامی باس لە بەشداریی ٢٥ لەسەدیی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دەورەیەدا دەکەن و ئەمە دەبێتە ڕیسواییەکی گەورەتر بۆ کۆماری ئیسلامی.

لەلایەکی ترەوە نیگەرانی لە نەمانی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی و ئەگەرەکانی پاش ئەم ڕووداوە، بە تەواوی بازنەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی پەرێشان کردووە و بە ئاشکرا بووەتە بناغەی تەحلیلی دەسەڵاتی حاکم لە ئێران و باس لەوە دەکرێت کە لە ڕاستیدا ئەم هەڵبژاردنە بۆ سەرککۆماری نییە بەڵکوو ڕێگە خۆش کردن و چنینی مۆرەی پێویستە بۆ جێگرەوەی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی.

خەڵکی شۆڕشگێری کوردستان!

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران جارێکی تر هەڵوێستی خۆی لەهەمبەر تەحریمی فەعالی بەناو هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی دووپات دەکاتەوە و جەخت لەسەر ئەم بابەتە دەکاتەوە کە بەشداریی هەر تاکێکی کورد بەتایبەتی و ئێرانی بەگشتی لەو هەڵبژاردنانەدا خزمەتی ڕاستەوخۆیە بە کۆماری ئیسلامی و هەوڵە بۆ نەجاتی ئەم ڕێژیمە جەنایەتکارە لە ڕووخانی یەکجاری.

ئەوەی کە چاوەڕوانیی ئێمەیە ئەوەیە کە خەڵکی کوردستان بە بەشداری نەکردنیان لەلایەک و هەوڵ بۆ وشیارکردنەوە و بەشداری نەکردنی خەڵکی دەوروبەری خۆشیان لەلایەکی ترەوە، سندووقەکانی دەنگدان لە کوردستان چۆل بێت و بەناو هەڵبژاردنی ئەم جارە بکەن بە ڕێفراندۆمی "نا" بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران.

دەنگی ناڕەزایەتیی ئەمجارەی ئێمەی کورد دەبێ لە هەمیشە بەرزتر و ورەی بەرەنگاریمان لە هەمیشە قایمتر بێت و بۆ چەندەمین جار بیسەلمێنین کە کوردستان قەڵای خۆڕاگری و پێشڕەوی شۆڕشگێڕییە لە ئاستی هەموو ئێراندا.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

١٣ی جۆزەردانی  ١٤٠٠ی هەتاوی

٣ی ژوئەنی  ٢٠٢١ی زایینی