کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی کۆتاییهاتنی هەڵمەتی "زاگرۆسانە" لە ڕۆژهەڵات

10:30 - 2 بەفرانبار 2720

دەستەی بەڕێوەبەریی "زاگرۆسانە" بە دەرکردنی ڕاگەیەندراوێک، کۆتاییهاتنی ئەم هەڵمەتە ژینگەییەی ڕاگەیاند کە زۆرتر لە ٧٠ گرووپ و ڕێکخراو تێیدا بەشدار بوون. لە بەشێکی ئەم ڕاگەیەندراوەدا سپاسی هەموو بەشداران و چالاکانی ژینگەیی کراوە کە بۆ پاراستنی ژینگەی نیشتمانەکەیان تێدەکۆشن.

دەقی ئەم ڕاگەیەندراوە بەم چەشنەیە:

"ئەم نیشتمانە بە باڵای زاگرۆسەوە جوانە" ئەو دروشمە بوو کە بەشێکی بەرچاو لە گرووپ، ڕێکخراوە و ژینگەدۆستانی کۆ کردەوە بۆ بەڕێوەبردنی چالاکییەکی بەربڵاوی ژینگەیی.

پشتیوانیی هەموولایەنەی خەڵک و ڕێکخراوەکان هیوا و بینێکی پێ بەخشین تاکوو لە ساڵانی داهاتوودا ئەم هەڵمەتە بە گوڕوتینێکی زۆرترەوە بەڕێوە بچێت و ببێت بە نەریتێکی ساڵانە لەنێو هەموو دانیشتووانی زاگرۆسی دەلال.

سەربەرزین کە ڕادەگەیەنین هەڵمەتی زاگرۆسانە کە بە مەبەستی ڕێکخستنی ژینگەپارێزان و هاندانی تاکەکانی کۆمەڵگا بۆ وشیاری لەهەمبەر ژینگە و هەروەها پەرەدان بە فەرهەنگی ژینگەپارێزی ڕێک خرابوو، توانی لە ماوەی کاریی خۆیدا بەشێکی بەرچاو لە ئامانجەکانی دەستەبەر بکات.

 هەروەک لە بانگەوازی زاگرۆسانەدا ئاماژەی پێدراوە، ژینگەی ناوچەکە و دارستانەکان ساڵانێکە کەوتوونەتە بەر هێرشی نەیارانی ژینگە و نیشتمان و وا دەردەکەوت داهاتوویەکی ڕەش و نادیار لە چارەنووسی زاگرۆسدایە. ژینگەپارێزان بە هەستکردن بەم مەترسییانە کە بەرەوڕووی ژینگەی نیشتمان بوونەتەوە هەر لە ساڵانی ڕابردوودا خۆبەخشانە خۆیان ڕێک خست و لە چوارچێوەی ڕێکخراو یان بە تاکەکەسی بەرەوڕووی نەیارانی ژینگە و نیشتمان بوونەتەوە. هەر بۆیەش هەڵمەتی زاگرۆسانە هەنگاوێک بوو بۆ ژیانەوەی زاگرۆس و دەکرێت لە چوارچێوەی ئەو بەرەنگارییە کە لەم ساڵانەدا لەهەمبەر نەیارانی ژینگە ڕوویداوە بخوێندرێتەوە.

وێڕای ئەمە بۆ زیاتر ئاشناکردنی خەڵک و تێکەڵاویی زیاتری خەڵک لە هەموو شار و دەڤەرەکانی زاگرۆس بە پرسی ژینگە و ژینگەپارێزی، لێرەدا ڕایدەگەیەنین کە زاگرۆسانەی ئەمساڵ کە بە بەشداریی فراوانی خەڵک و زیاتر لە ٧٠ گرووپ و ڕێکخراوە و سەدان چالاکی مەدەنی بەڕێوە چوو، ئەمساڵ و لەم قۆناغەدا کۆتایی بە کارەکانی خۆی دەهێنێت؛ بەو هیوایە ساڵانی‌ تر بە گوڕوتینێکی زیاترەوە ئەم هەڵمەتە بەڕێوە بچێت.

دەستەی بەڕێوەبەریی زاگرۆسانه سپاسی هەموو ئەو تاک و ڕێکخراوانە دەکات کە بە دڵئاوەڵاییەوە بەرەو پیری زاگرۆسانەوە هاتن و سەلماندیان هەموو کات وشیار و لەسەرھەستن بۆ پارێزگاری لە ژینگەی نیشتمان.

زاگرۆسانە بەردەوامە...