کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

17:29 - 5 پووشپەڕ 2722

ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر هەندێک بابەت و پرسی تایبەت کۆ بوونەوە و گفتوگۆیان کردووە و لە کۆتایی ئەو کۆبوونەوەیەدا ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

 کۆبوونەوەی هاوبەشی ناوەندی سیاسی و دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕێکەوتی ٤ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی بەرانبەر بە ٢٥ی ژووئەنی ٢٠٢٢ی زایینی بەڕێوە چوو و لەو کۆبوونەوەدا ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دوایین ئاڵوگۆڕ و پێشهاتە سیاسییەکانی ئێران، کوردستان و ناوچەکەی بە وردی تاوتوێ کرد.

کۆبوونەوەکە بە ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد و پاشان  "مستەفا هیجری" لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات دەستووری کاری کۆبوونەوەکەی خستە بەرباس و دوای پەسندکردنی لەلایەن ڕێبەرایەتی حیزبەوە، هیجری لە ڕاپۆرتێکی سیاسیدا یەکەم بڕگەی کاری کۆبوونەوکەی دەست پێکرد.

لە ڕاپۆرتەکەدا لێپرسراوی گشتیی حیزب بە وردی باسی لە دۆخی ئێران، ناوچەکە و ئەو ئالوگۆڕ و هاوکێشە نوێ سیاسییانە کرد کە لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست هاتوونەتە ئاراوە و پێگە و ڕۆڵی کورد لەو پێشهات و ئەگەرە سیاسییانەدا باس کرد.

"هیجری" بە ئاماژە بە لێکدانەوەکانی کۆبوونەوەکانی پێشووی ڕێبەرایەتی حیزب و بارودۆخی ئەمڕۆی ئێران، هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی نێوخۆی ڕێژیم و ناڕەزایەتیی ڕۆژانەی چین و توێژەکانی ئێران کرد کە بەردەوامن لە بەرزکردنەوەی دەنگی مافخوازییان و پشتیوانی حیزبی دێموکراتی بۆ دەستەبەر بوونی مافی ڕەوای توێژە جیاوازەکان، نەتەوە بندەستەکان و ئازادیخوازانی سەرانسەری ئێران دووپات کردەوە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا لێپرسراوی گشتیی حیزب لەژێر ڕووناکایی شەڕی ڕووسیە وئوکراین، هەڵوێستی ڕۆژاوا و وڵاتانی ناوچە لەمەڕ ئەم دوایین پێشهاتانە، چارەنووسی مەسەلەی ناوکی و پیتاندنی ئۆرانیوم، وتووێژەکانی تایبەت بە بەرجامی خستە بەرباس و ڕایگەیاند ئەگەر لە ڕابردوودا و پاش هاتنە سەرکاری "جۆ بایدن" و هیوا و ئومیدی کۆماری ئیسلامی بە ڕۆژاواییەکان باس لەوە دەکرا کە بەرجامی نوێ بە زوویی ڕێکەوتنی لەسەر دەکرێ، هەنووکە نەتەنیا ئەو بابەتە لانیکەم لە کورت ماوەدا بەرەو ڕێککەوتن ناڕوا، بەڵکوو سیاسەتی شەڕخوازانەی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە و پرسی مووشەکی بالستیکی و پشتیوانی لە هێزە نیابەتی و میلیشیاکانی ناوچەکە ڕەوتی ڕووداوەکانی بە دژی کۆماری ئیسلامی وەستاندوتەوە، ڕێککەوتنەکەی دژوارتر کردووە، ئەمەش دەرفەتێکی ئەرێنییە بۆ هێز و لایەنە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و نەتەوەی کورد بەگشتی و بە تایبەت ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران کە بتوانن بە خەباتی دیپلۆماسی و چالاکیی جۆراوجۆر ڕووی ڕاستەقینەی ئەم ڕێژیمە بۆ دنیای دەرەوە ئاشکراتر بکەن.

لێپرسراوی گشتی لە بڕگەیەکی دیکەی ڕاپۆرتە سیاسییەکەدا تیشکی خستە سەر سەرجەم ئەو هەوڵ و کۆبوونەوانەی لە ماوەی ڕابردوودا بە تایبەت لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست کە لە نێوان وڵاتانی عەرەبی ناڕازی لە سیاسەتی ئێران لە ناوچە، پەیمانی عەرەب و ئیسرائیل و ڕۆڵی دەوڵەتی نوێی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئامریکا لە ناتۆ و چاوخشاندنەوە بە هاوکاریی زیاتر ئەم پەیمانە سیاسی و سەربازییە و کۆبوونەوە و بەرنامەی کاری داهاتوویان کە بڕیارە لە ڕۆژانی ٢٩ و ٣٠ ئەم مانگە لە ئیسپانیا کۆ ببنەوە و بەرنامەی ١٠ ساڵی داهاتووی خۆیان دیاری دەکەن، وەک پازلێک وایە کە جەمسەربەندییەکانی ئەمنی، نیزامی، ئابووری و ... جیهانیان زیاتر لە جاران ڕوون کردوەتەوە و شەڕی بەرژەوەندییەکانی پتر لە ڕابردوو لە نێوان پەیمانەکانی ئیبراهیمی، I2U2، ناتۆ و ... لە لایەک و هەوڵەکانی چین و ڕووسیە و ئێران و ... لە لایەکی تر قووڵتر کردووە.

"هیجری" لە ڕاپۆرتەکەیدا ئەوەی خستە بەرباس کە ئێمەی کورد و نەتەوە بندەستەکانی دانیشتووی ئێران و سەرجەم ئازادیخوازانی ناوچەکە دەبێ بە ئەزموون وەرگرتن لە خەبات و تێکۆشانی ڕابردوومان، جۆرێکی دیکە بڕوانینە هاوکێشە سیاسییەکان و بە بەهێزبوونی خەبات و قورساییمان لە ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانی ئێران و ناوچەکەدا ڕۆڵ و پێگەی خۆمان دیاری بکەین.

ڕاپۆرتی سیاسیی لێپرسراوی گشتیی حیزب پاش نەزەر و بیروڕای ئەندامانی ڕێبەریی حیزب بە کۆی دەنگ پەسند کرا.

لە بەشێکی دیکەی کاری کۆبوونەوەی ڕێبەرایەتی حیزب، لێپرسراوی گشتی ئاماژەی بە کار و چالاکییەکانی لە دوایین سەفەری دەرەوەی وڵات کردو بەشدارانی کۆبوونەوەکەی لە دیدار و چاوپێکەوتنەکانی ئاگادار کردەوە.

بەهێزترکردنی کار و چالاکییەکانی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەشێکی دیکەی باس و بابەتەکانی کۆبوونەوەکە بوو کە بە وردی قسەی لەسەر کرا و بڕیاری پێویست لەو بارەوە درا.

ڕێبەرایەتی حیزب جارێکی دیکە پێداگریی کردەوە لەسەر هەڵوێستی ناوندی سیاسیی حیزب بە نیسبەت دەقی قسەکانی ڕەزا پەهلەوی و باقی ئەو کەسانەی کە سیاسەتی دژ بە ماف و ئازادییەکانی نەتەوەکانی ئێرانیان هەیە و هاوکاری و هاوپێوەندیی نەتەوە بندەستەکان و هێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستانی ئێرانی بە زامنی سەرکەوتنی ئەم قۆناغەی خەباتمان زانی.

بڕگەی کۆتایی کاری کۆبوونەوەکە دوایین ڕاپۆرت و هەوڵەکانی تایبەت بە پرۆسەی یەکگرتنەوە دێموکراتەکانی خستە بەرباس و بەرەوپێشچوونی باش و ئەرێنیی کاری هەیئەتەکانی تایبەت بەم بوارەی بە هەنگاوێکی کاریگەر بۆ بەئەنجام گەیاندنی ئەم پرسە و یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان زانی.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نووسینگەی کارگێڕی

٥ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی