کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی کۆمەڵێک ڕێکخراوی مەدەنی و یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایان لەمەڕ زیندانیکردنی زارا محەممەدی

10:13 - 16 بەفرانبار 2721

کۆمەڵێک ڕێکخراوی مەدەنی و یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران سەبارەت بە سەپاندنی ٥ ساڵ زیندان بەسەر "زارا محەممەدی" مامۆستای زمانی کوردی، ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

هاونیشتمانییانی کوردستان!

مامۆستایان و ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان!

ئیمە لە یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران و کۆمەڵێک لە ڕێکخراوە مەدەنییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، دادگاییکردن و سەپاندنی بڕیاری زیندانی ٥ ساڵ بۆ خاتوو زارا محەممەدی مامۆستای زمانی کوردی به‌هۆی وانەوتنەوەی زمانی کوردی به منداڵان و گەورەساڵانی شاری سنە، به توندی مەحکووم دەکەین. هەروەها لە هەمان کاتدا داوا له بەرپرسانی ڕیکخراوە نێونەتەوەیی و مافە مرۆییەکان دەکەین کە بە دەربڕینی ناڕەزایەتی و ئێعتراز بە دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ئەو حوکمە ناڕەوایەی سەر زارا محەممەدی مەحکووم بکەن. چونکە باسی فێرکاریی خۆبەخشانەی زمانی دایکی بۆ هەر نەتەوەیەک لە یاسای نێونەتەوییدا نەک له خانەی تاوان و سزادا نییە، بەڵکوو لە خانەی هاندان و گەشەپێدانی زمانی دایکیدایە.

ئێمە بە هەموو جۆرێک پشتیوانیی خۆمان بۆ مامۆستا زارا محەممەدی دەردەبڕین و ئەو حوکمە ناڕەوایەی دەزگای دادوەریی ڕێژیم مەحکووم دەکەین و داوا لە مامۆستایانی قوتابخانەکان و زانکۆکان و چالاکانی مەدەنیی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەکەین بە دەربڕینی ناڕەزایەتی و مانگرتن هاودەنگمان بن.

یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران

کۆمەڵێک لە ڕێکخراوە مەدەنییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات